
بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دواییی، هاوڕێ، نووسەر، پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ماندوونەناس (مامۆستا علاء نوری بابەعلی)ـمان پێگەیشت.
لەدەستدانی مامۆستا علاء، کە برا و هاوسەنگەری تێکۆشەر (بەهادین نوری)، سکرتێری پێشووی حزبی شیوعیی عێراق بوو، زیانێکی گەورە و پڕ لە خەسارەتە بۆ ڕیزەکانی حیزبمان و خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە کوردستان و عێراقدا.
مامۆستا علاء نموونەیەکی درەوشاوەی کادرێکی هۆشیار، ڕووناکبیر، خاوەن دیسیپلینی بەرز و پێشمەرگەیەکی نەبەردی ڕێگای ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بوو.
ناوبراو تەمەن و خەباتی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان تەرخان کرد، بەتایبەت یاد و بیرەوەریی خەباتە سەخت و نەبەردییە مەزنەکانی لە ناوچەی قەرەداغی سەربەرزدا ـ کە لەدوای پرۆسەی ڕەش و بەدناوی ئەنفال و لە دۆخێکی یەکجار دژواردا، شانبەشانی پۆلێک لە تێکۆشەرانی تر، وەک قەڵایەکی پۆڵایین مانەوە و خەباتی نهێنییان بەڕێوە برد، بە سەروەرییەوە لە مێژووی پڕ لە شانازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و حزبی شیوعیدا بە نەمری دەمێنێتەوە.
سەرەخۆشی و هاوسۆزیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە سەربەرز و خەباتگێرەکەتان و سەرجەم هاوڕێ و دۆست و ناسیاوانی کۆچکردوو دەکەین و هاوبەشی غەم و پەژارەی قووڵتانین.
گیانی شاد و یادی هەمیشە بەرز و نەمر بێت.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
٢٧-١٠-٢٠٢٦
