بەدواداچوون: رێگای كوردستان 


لە کاتێکدا دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەرپرسانی حکومەت ڕایانگەیاند کە قەیرانی کەمبوونەوەی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەكەی بە زوویی چارەسەر دەکرێت و نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان لە ١٧٠٠ دینارەوە دەگۆڕدرێت بۆ ٧٥٠ دینار، بەڵام لەسەر دۆخەکە جیاوازتر دەركەووت.
بەپێی بەدواداچوونی رێگای کوردستان لە شاری هەولێر، تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە بەنزینخانەکان بەنزینی ٧٥٠ دیناری دابەش دەکەن. لە کاتێکدا جێگری پارێزگاری هەولێر دوو رۆژپێش ئێستا ڕایگەیاندبووە کە بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە نزیكەی ٨٠ بەنزینخانە دابەش دەکرێت.
ئەم جیاوازییە لەنێوان قسەی بەرپرسان و دۆخی بازاڕدا پرسیاری جددی لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دروست دەکات، چونکە ئەگەر ئامانج چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین و کەمکردنەوەی بارگرانییەکە لەسەر هاووڵاتیان بێت، تەنها ڕاگەیاندنی نرخی ٧٥٠ دینار بەس نییە، بەڵکو پێویستە ئەو نرخە بە شێوەیەکی فراوان و یەکسان لە بەنزینخانەکاندا بەردەست بێت.
لە هەمان کاتدا، هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نارەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و پرسیاریان کردووە: «کوا دابەشکردنی بەنزین لە ٨٠ بەنزینخانە؟» ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بڕیاری دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە ٨٠ بەنزینخانە وەرگیراوە، بۆچی لە زۆر شوێن ئەو بەنزینە بەردەست نییە و هاووڵاتیان هێشتا ناچار دەبن یان نۆرەیەكی دووروو درێژ بگرن، یان بەنزینی بازرگانی بە نرخی گران بکڕن؟
لە لایەکی تریشەوە، نرخی بەنزینی بازرگانی هێشتا بەرزە. لە ئێستادا هەر لیترێک بەنزینی بازرگانی لە شاری هەولێر بە ١٣٥٠ دینار دەفرۆشرێت، کە نیشانەی ئەوەیە قەیرانی بەنزین هێشتا بە تەواوی کۆتایی پێ نەهاتووە.
بەم شێوەیە، ئەوەی حکومەت بە ناوی چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین ڕایگەیاندووە، هێشتا لە ئاستی ڕاگەیاندنەوە نەچووەتە ئاستی ئەنجامی کرداری..

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا