
سەروتاری رێگای كوردستان
بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە باخچەی ساوایان، قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بۆ سەرجەم قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست، لە هەمان کاتدا پێویستە ئەم وێستگەیە بکەینە دەرفەتێک بۆ هەڵوەستەکردنێکی جددی لەسەر ڕەوشی نزیکەی سێ دەیە و نیوی ڕابردووی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمەکەماندا.
سەیرکردنی کەرتی پەروەردە وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی و بناغەی مرۆیی، پێویستی بە گۆڕانکاریی هەمەلایەنە هەیە، بە ئاراستەی گەشەپێدانی توانا زانستییەکانی مرۆڤ و دەربازکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە بەحیزبیکردن و میکانیزمەکانی بازاڕ و تەلقین و لەبەرکردن، بەناوی پەروەردە و فێرکردنەوە.
هەڵکشانی ڕێژەی ناوەندەکانی خوێندنی کەرتی تایبەت لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆکان، کە بنەماکانی لەسەر بەکاڵاکردنی کەرتی پەروەردەیە نەک پێشکەشکردنی ئەزموونێکی باشتر، یەکێکە لەو مەترسییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەبێتەوە. ئەوەش وای کردووە قووڵکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و نەهێشتنی دەرفەتی یەکسان بۆ پەروەردە و فێرکردن ببێتە سیستەم، تەنیا لە پێناوی کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەی ناوەندێکی دیاریکراودا.
لە لایەکی ترەوە، پرۆسەی بەحیزبیکردنی ناوەندەکانی خوێندن کە خۆی لە دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ناوەندە هەستیارەکانی خوێندن دەبینێتەوە لەسەر بنەمای وەلائی حیزبی نەک لەسەر توانستی زانستی و پەروەردەیی، یەکێکی ترە لەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەبێتەوە.
مانەوەی هزر و ڕێگەی دەرخ پێکردن و لەبەرکردن و دووبارەکردنەوە لەسەر حیسابی گەشەپێدان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیانە، لەگەڵ پرۆسەی بەتایبەتکردن و بەحیزبیکردندا، سێکوچکەی قەیرانی پەروەردە و فێرکردنی لەسەر دامەزراوە.
هەموو ئەو کێشە و قەیرانانە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی یاسایی و دەستووریدا بەڕێوە دەبرێت، ئەمەش وای کردووە هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ و بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری و هێنانەئارای ڕوئیایەک و تێگەیشتنێکی تازە بۆ بواری پەروەردە و فێرکردن نەهێڵێتەوە.
