
بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی ، نووسەر و ڕۆماننووسی گەورە و دیاری گەلەکەمان (حسێن عارف) مان پێگەیشت و تەواو نیگەران بووین چونکە ناوبراو خاوەن قەڵەمێکی زێڕین و هەڵوێستێکی کوردانە بوو، بەداخەوە شەوی رابردوو12ی ئاب، لە تەمەنی 90ساڵیدا لە شاری سلێمانی ماڵئاوایی یەکجاری کرد.
ناوبراو (حسێن عارف عەبدولڕەحمان)، لە ساڵی 1936لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی یاسا بووە و وەک پارێزەر خزمەتی کردووە. جیا لە تێکۆشانی ئەدەبی و یاسایی، کەسایەتییەکی دیاری مێژووی سیاسی و پەرلەمانیی کوردستان بوو، وەک ئەندامێکی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوشانی چەند پەرلەمانتارێکی تر هەڵوێستێکی مێژوویی نواند و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە ناو پەرلەماندا دژ بە شەڕی ناوخۆ دەستی بە مانگرتن کرد.
لە بواری ڕۆشنبیری و ئەدەبیشدا، مامۆستا حسێن عارف یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی «گرووپی ڕوانگە»، کە ڕەوتێکی نوێخواز و وەرچەرخانێکی پێشەنگ بوو لە مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیدا.
کۆچکردوو خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی ناوازە و بەپێزە لە بواری ڕۆمان، چیرۆک و لێکۆڵینەوەدا، لە دیارترینیان:
ڕۆمانی شار
چای شیرین (سەرجەم چیرۆکە کورتەکان)
ڕۆمانی گەلەگورگ
شانۆگەری جەنابی جانەوەر
چیرۆکی هونەریی کوردی
بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی
لە کۆڕی خەباتا (چیرۆک لە بەرهەمی دوای شۆڕش)
بەو بۆنە خەمناکەوە، مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی کۆچکردوو، جەماوەری ڕۆشنبیران، نووسەران و تەواوی گەلی کوردستان دەکات.
یادی مامۆستا حسێن عارف هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی
شیوعی کوردستان
١٢ی ئاب
