​هاوڕێیانی خۆشەویست، تێکۆشەرانی دێرین، ئامادەبووانی هێژا و بەڕێز
سەرەتا، بەخێرھاتنی گەرمی یەک بە یەکی ئامادەبووان دەکەم، و بە تایبەتیش بەخێرھاتنێکی زۆر گەرم و پڕ لە شانازی ئاراستەی ئەو تێکۆشەر و هاوڕێ خۆشەویستانە دەکەین کە ئەمڕۆ وەك پارتی چەپی كوردستان بریاریاندا لە تێكۆشان بەردەوام بن لە ڕیزەكانی حیزبی شیوعی كوردستاندا ، كار كردنیان لە ڕیزەكانی حیزبدا، دڵخۆشی و ورەیەکی پۆڵایینمان پێدەبەخشن. ئەمانە ئەو مرۆڤە دڵسۆز و پاکانەن کە لە سەختترین ڕۆژگاری مێژوودا چەکی خەبات و تێکۆشانیان هەڵگرت، لە سەنگەرەکانی پێشەوەدا بەرگرییان لە ئازادی و دادپەروەری کرد، و بە دڵنیاییەوە لەم قۆناغەشدا، بە ئەزموون و توانای خۆیان، خزمەتی گەورە و کاریگەر پێشکەش بە ڕێبازی حیزب و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دەکەن. ئەم هەنگاوە گرنگە، تەواو پشت بەستووە بە بڕیار و ڕێنوماییەکانی ھەشتەمین کۆنگرەی حیزبمان، کە نەخشەڕێگەی بۆ نوێگەری و پتەوکردنی ڕیزەکانمان کێشاوە.
​ئاراستەی سەرەکی و ستراتیژی کاری ئێمە ئەوەیە؛ کە هەرکەسێک لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا پێشەنگ بووە و خزمەتی بە ئامانجەکانی حیزب کردووە، بە بەرزی و شکۆوە تێکۆشانەکەی بەرز بنرخێنین و پێگەی شایستەیان بۆ دابین بکەین. ئەگەرچی بارودۆخی سیاسی و گشتیی وڵات چەندین ساڵە لە بەرژەوەندیی خەڵک و حیزبەکەماندا نەبووە، بەڵام بێگومان ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگر هەیە کە دەبێت بوێربین دان بەوەدا بنێین؛ لە هەندێک قۆناغدا کەموکوڕیمان هەبووە، و پێگەی حیزب لەو ڕووەوە لە ئاستی مێژوو و قوربانیدان و تێکۆشانی مەزنی ئەم حیزبەدا نەبووە. هەر بۆیە، لە بەردەم ویژدانی گەلەکەمان و لە پێش هەمووانەوە، بە ڕاشکاوی و مەردانە، داوای لێبوردن لە کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، لە تێکۆشەرانی دێرین، پێشمەرگە قارەمانەکان، و زیندانییە سیاسییە سەربەرزەکان دەکەین، کە ئەگەر لە هەندێک وێستگەدا کەمتەرخەمیمان نوواندبێت. لەسەر بنەمای ئەم ڕاستبینینە، ئەمڕۆ لێرەوە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەموو کار و چالاکییەکانمان بەو ئاراستەیە بەرین کە پێگە و هەیبەتی ڕاستەقینەی حیزب لە سەر ڕێچکەی ڕەسەنی خەبات تێکۆشانی بەردەوامی بپارێزین و بتوانین پێکەوە داهاتوویەکی گەشتر بۆ ڕیزەکانمان مسۆگەر بکەین؛ چونکە ئامانجی سەرەکی کاروانی تێکۆشانمان، هەمیشە داوکۆکیکردنە لە مافە ڕەواکانی جەماوەر، و دەبێت هەمیشە لە پێشی پێشەوەی داواکارییەکانی خەڵکی هەژار، زەحمەتکێش و کرێکاردا بین و بمێنین.
​بۆیە، لێرەوە جارێکی تر دووپاتی بڕیارەکانی کۆنگرەی حیزب دەکەینەوە بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئەو هاوڕێ و کادیرە دڵسۆزانەی کە هەر هۆکارێک بۆتە هۆی دابڕانیان لە حیزب، و داوایان لێدەکەین بگەڕێنەوە و شوێنی شیاو و ڕاستەقینەی خۆیان لە ناو ڕێزەکانی حیزبدا وەربگرنەوە. بانگەوازێکی هاوڕێیانە ئاراستەی هەر هاوڕێیەک دەکەین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەندامی ئەم حیزبە خاوەن مێژووە پڕ سەروەرییە بووە؛ با هەموومان پێکەوە بگەڕێینەوە و لە دەوری ئاڵای ئەم حیزبە تێکۆشەرە، لە دەوری ڕێبازی شەهیدانی نەمر فهد، سەلام عادل و جەمال حەیدەری و ھەزاران شەھید کۆببینەوە و خەبات بەهێزتر بکەین. هەروەھا، داوا لەو دۆست و لایەنگرە بەڕێزانە دەکەین کە لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا هاوکاری حیزب بوون و پشتیوانمان بوون؛ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حیزب پتەوتر و بەهێزتر بکەنەوە و شانبەشانی خەباتگێڕانمان درێژە بە کارەکان بدەن.
ھاوڕێیانی ئازیز
​ئێمە بانگەوازێکی گشتی ئاراستەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، قوتابیان، ژنان و توێژە جیاوازەکانی لاوان دەکەین؛ داوایان لێدەین لە دەوری حیزبی شیوعیی کوردستان کۆببینەوە. داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان و خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەم خاکە دەکەین کە پشتگیریمان بکەن، چونکە حیزبی شیوعی سەنگەری ڕاستەقینەی گەلە و لە دژوارترین هەلومەرجدا پاشەکشەی نەکردووە. ئەم حیزبە هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی ئێوە بووە. ئێمە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە لەگەڵ خەباتی ڕەوای گەلی کوردستاندا بووینە و دەبین، بەو شێوازە حوکمڕانییەی کە خەڵک خۆی دەیەوێت و شایستەیەتی، نەک ئەو دۆخەی کە خەڵکی ماندوو کردووە. بۆیە دەبێت ئەوەش بزانن؛ ئەم حیزبە مێژوویەکی پاکی هەیە، هەرگیز سازشی بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمایەتی نەکردووە، و پێچەوانەی زۆرینە، ئەم حیزبە کوردستانەکەی ویران نەکردووە و پێگەی هەرێمەکەی لاواز نەکردووە، بەڵکو هەمیشە قوربانی بۆ سەروەری و ئارامی داوە. دڵنیابن، گەر هەموومان پێکەوە لە دەوری ئەم ئاڵا و ڕێبازە کۆببینەوە، گۆڕانکاری بنەڕەتی و ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەین، و مافی خاوەن ماف دەگەڕێینەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە ناهەقیان بەرانبەر کراوە و ستەمیان لێکراوە. مێژووی خەباتی شاخ و شارمان وەک ڕۆژی ڕوناک لە بەر چاوی هەمووانە، و سەنگەرەکانی پێشەوەی تێکۆشان و شەهید و قوربانیدانی هاوڕێیانی گیان بەختکردوو شاهیدی دڵسۆزی، پاکی و نەبەردی خەباتگێڕانمانن.
سەرکەوتوو بێت خەبات و تێكۆشان لە پێناو نیشتیمانێكی ئازادو گە لێكی بەختیار
سوپاس بۆ هەموو لایەک
٢٠٢٦/٨/١٢


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا