
ژووری هەواڵ
پەرەسەندنی لێدوانە سیاسییەکان لەسەر دۆسیەی زەوییەکان لە کەرکووک بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەعد سالح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە پێکهاتەی عەرەب وەڵامێکی توندی ئەرشەد ساڵحي دایەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر زەوییەکە هی تۆیە، تاپۆ یان سەنەدەکەت دەربخە، ئێمەش ئەوە دەردەخەین کە زەویی دەوڵەتن!.
لای خۆیەوە، ئەحمەد ڕەمزی كوبرلو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، لە پێکهاتەی تورکمان جەختیکردەوە کە بەڵگەیان لەبەر دەستدایە کە زەوییەکان موڵکی پێکهاتەکانی تورکمان، کورد و بەشێک لە عەرەبن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر بەڵگەی لایەنە بەرانبەر تەنها بڕگەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەی سەردەمی بەعس بێت، ئەوا ئەو زەویانە هێشتا لە لیژنەی نزاعاتی ملکيیەتن و پێشتر ڕژێمی پێشوو بە زۆر دەستی بەسەردا گرتوون.
لە کۆتاییدا، ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ئەوان دژی دابەشکردنی زەوی نیین بەسەر فەرمانبەراندا، بەڵکو پشتیوانی دەکەن، بە مەرجێک ئەو زەویانە کێشەیان لەسەر نەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبنە سەرچاوەی کێشەی گەورەتر.
جێگای باسە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانید، ئەرشەد ساڵحی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند،
کەرکووک شارێکی هەستیارە و کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی چەندین ساڵە لەنێوان تورکمان کورد و عەرەب دا هەیە، بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت وەزیرێکی سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراو بڕیار لەسەر دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر لایەنگرانی خۆیدا بدات.
