
ژووری هەواڵ
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی بەغداد و هەولێر لەسەر پرسی بودجە و مووچە، دەستپێدەکاتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ شاندێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ درێژدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغداد بکات.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە دیدار و پهیوهندییەکانی پێشوودا لایەنی عێراقی داوای لە شاندی هەرێم کردووە لە پرسی بودجەدا نەرمی بنوێنن و ڕێوشوێنێک بگرنەبەر کە ببێتە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.
هاوکات لەم نێوەندەدا، پێشنیارێک بۆ داهاتی ناوخۆ خراوەتەڕوو کە بەپێی ناوەرۆکەکەی تێکڕای داهاتی ناوخۆ لای هەرێم بمێنێتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا بڕە پارەیەک مانگانە لە پشک و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران ببڕدرێت، بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن هەرێمەوە رەتکراوەتەوە.
چاودێران پێشبینی دەکەن، سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی دارایی ببێتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکوومەتدا، بە جۆرێک کە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکان لە چارەسەر نزیکبکاتەوە.
