
هاوڕێ کەریم ئەحمەد ، یەکێکە لەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرو سەرکردە شیوعیانەی عێراق و کوردستان ،کە لە کۆی(١٠٠) ساڵی تەمەنیدا، حەفتا و هەشت ساڵ، بەو پەڕی چالاکی و دڵسۆزی و پاکی لە پێناوی ئامانجێکی ڕەوادا خەباتی کردووە،ئەویش( نیشتمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیارە)
ناوی تەواوی:کەریم ئەحمەد پیرداود .
ساڵی ١٩٢٢ لە خێزانێکی هەژار لە گوندی (کەسنەزان)ی دەشتی هەولێر لە دایک بووە. ناوی دایکی ( مریەم عەبدوڵلا) یە.
هاوڕێ کەریم لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا (رێڕەوی تێکۆشان)نووسیویەتی و دەڵێ:" باوکم بستە زەویەکی نەبوو، بە هۆی جەور و ستەمی دەرەبەگایەتییەوە لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر ماڵی گواستۆتەوە.
ماڵی هاوڕێ کەریم پێنج براو خوشکێک بوون:(محەمەد،کەریم، مستەفا، عومەر، عەلی، خەدیجە). منداڵ بوونە کە باوکیان کۆچی دوایی کردووە،بە گوێرەی بیرەوەریەکانی، تەمەنی شەش ساڵان بووەو دەڵێت: هەموومان دەوری دایکمان دەدا، کە گشتمانی دەپاراست، خاڵیشم سەرپەرشتی دەکردین، پاشان دایکم کۆچی دوایی کرد هەروەها داپیرەشم کە لە دوای مردنی دایکم ئاگای لێمان بوو، کۆچی دوایی کرد. ئەوجا هەموومان هاتینە هەولێ، ئەوسا تەمەنم لە نۆ ساڵان تێپەڕی نەکردبوو، براکانم گەڕانەوە گوند، تەنیا خۆم لە هەولێر مامەوە.
هاوڕێ کەریم لە شاری هەولێر لای ناسیاوێکی داپیرەی کە خێزانێک بوون بە ناوی (چیچۆ)، لە گەڕەکی عارەبان نیشتەجێ بوون دەمێنێتەوە، بەهۆی ئاکاری جوانی و زیرەکی لەگەڵ خێزانەکە و کارکردنی لە کاری چاککردنی پێستە لەگەڵیاندا، دەکەوێتە بەر دڵیان و وەکو کوڕی خۆیان سەیری دەکەن و لە ساڵی خوێندنی(١٩٣٣-١٩٣٤)دەیخەنە بەر خوێندن لە قوتابخانەی (اربیل الثانیة) کە خوێندن تیایدا بە زمانی عەرەبی بوو.
هەتا پۆلی سێیەم لەم قوتابخانەیە دەخوێنێت، دوایی لەگەل ماڵی (چیچۆ) دەچنە بەغدا و لەوێ نیشتەجێدەبن. لە ساڵی خوێندنی(١٩٣٩-١٩٤٠) خوێندنی سەرەتایی تەواو دەکات.
دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی لە (خانەی مامۆستایانی لادێ) لە ڕۆستەمیە وەردەگیرێت ولە ساڵی(١٩٤٤-١٩٤٥) بە سەرکەوتوویی تەواوی دەکات .
لە ساڵی(١٩٤٥) هاوڕێ کەریم داوایەک پێشکەش بە (پەیمانگەی وەرزشی) دەکات، چونکە زۆر حەزی لە وەرزش بووە، لە پەیمانگاکە وەردەگیرێت و دوای شەش مانگ تەواوی دەکات.
دوای تەواوکردنی پەیمانگەی وەرزشی دەگەڕێتەوە هەولێر و داوایەک پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی مەعاریف دەکات و داوا دەکات وەکو مامۆستا دابمەزرێت.
لە١٥-١٠-١٩٤٦ بە فەرمانی کارگێڕی بە مامۆستا لەسەر میلاکی معارفی هەولێر(پەروەردەی هەولێر) دادەمەزرێت و لە قوتابخانەی یەکەمی سەرەتایی کۆیە دەستبەکار دەبێت. دواتر ڕاژەکەی بۆ قوتابخانەی ناوەندی کۆیە وەکوو مامۆستای وەرزش دەگوازرێتەوە.
هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە کۆتایی چلەکاندا لەسەر داوای حیزبی شیوعیی عیراق دەسبەرداری پیشەی مامۆستایی دەبێت و دەبێتە کادیرێکی کارا و دڵسۆزی حیزبی شیوعیی عیراق.
سەرەتای بۆچوون و ئینتمای سیاسی
سەرەتاکانی هەست و ئینتیمای سیاسی هاوڕێ کەریم ئەحمەد بۆ ئەو ساڵانە دەگەڕێتەوە کە قوتابی خانەی مامۆستایانی لادێ و پەیمانگەی وەرزشی بووە لە بەغدا(١٩٤١-١٩٤٦).
لەو کاتەی لە بەغدا دەیخوێند هاوکات بووە لەگەل ساڵانی دووەمین شەڕی جیهانیدا(١٩٣٩-١٩٤٥) ، لەو کاتانەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری گفت و گۆ سیاسییەکانی ناو قوتابیانی پایتەخت.
سەبارەت بە سەرەتای پەیوەندی کردنی بە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی بۆ ساڵی١٩٤٤ دەگەڕێتەوە، کە ئاشنایەتی لەگەل (محەمەد ساڵح قەدوری)پەیدا کردووە،کە ناوبراو لە شاری بەغدا کرێکارێکی پێستە خۆشکردن بووە، هەموو هەفتەیەک یەکتریان بینیوە و گفتوگۆیان کردووە دەربارەی کاری ڕێکخستن و بەرنامە و بیروباوەڕی شیوعییەکان و ڕۆڵی حیزبی شیوعی، بەم جۆرە سەرەتای هۆشیاری فیکری و مارکسی و کاری سیاسی لە چوارچێوەی ڕێکخستنەکانی حیزب شیوعیی عێراقدا دەست پێدەکات.
لە پشووی خوێندن و لە هاوینی ١٩٤٦دا کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر، بۆ بابەتی گواستنەوەی ئەرکی حیزبی لە بەغداوە بۆ هەولێر، پەیوەندی بە بەرپرسە حزبییەکەی دەکات و داواکارییەکەی ئاراستە دەکات، ئەویش پێی دەڵێت: پێویستە هاوڕێ زەکی بەسیم ــ حازم ــ(ئەندامی مەکتەبی سیاسی حشع بوو، لە ١٩٤٩ لەگەل هاوڕێ فەهد ئیعدام کرا) ئاگادار بکەمەوە، لە وەڵامدا هاوڕێ زەکی بەسیم بە هاوڕێ کەریم دەڵێت: لە گەڕەکی ( تپە الاکراد) هاوڕێیەکی تر دەتبینێت و ڕاسپاردەی بۆت دەبێت و کات و شوێن دیاریی دەکەن.
هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە کات و شوێنی دیاریکراودا لە ماڵێکی حیزبی لە (تپە الاکراد) ئامادە دەبێت، هەندەی پێناچێت هاوڕێ زەکی بەسیم لەگەڵ هاوڕێیەکی تر دێن و دانیشتن دەست پێدەکات هاوڕێ کەریم ئەحمەد، هاوڵەکەی زەکی بەسیمی نەدەناسی، لەم دیدارەدا ئایندەی کاری حیزبی و شوێنی کاری هاوڕێ کەریم بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئەم هاوڕێیەی لەگەڵ زەکی بەسیم ئامادەبووە،هاوڕێ یوسف سەلمان یوسف ــ فەهد ــ دامەزرێنەرو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی عیراق بووە، پێشتر هاوڕێ کەریم ئەحمەد هیچ دیدارێکی لەگەڵدا نەبووە، بەڵام لەم دیدارەدا بە کەسایەتی و قسەکانی فەهد سەرسام بووە..
هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا، قسە و ڕاسپاردە و ئامۆژگاریەکانی هاوڕێ یوسف سلمان یوسف (فەهد) ی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: سەرەتا پرسیاری خوێندن و دەرچوونەکەمی لێکردم و زۆر بە کورتی وەڵامم دەدایەوە، بە بایەخێکی زۆرەوە گوێم بۆ شل کردبوو، ئەوجا بارودۆخی هەولێری بۆ باسکردم هەروەک تێیدا ژیابێت هەروا هەلومەرجی ئێران و کۆماری کوردستان لە مەهاباد و بە خۆشحاڵییەوە باسی پێکهاتنی ئەم کۆمارە و کۆماری دیموکراسی ئازەربایجانی دەکرد و گوتی حیزبی شیوعیی عێراقی پشتگیری ئەم دوو کۆمارە دەکات.
پاش ئەمە هاوڕێ فەهد داوایکرد بگەڕێمەوە هەولێر و ببمە بەرپرسی حزبی لەم شارەدا، زۆر سەرسام بووم بەم داوا لە ناکاوە و گوتم: هاوڕێ من لەو ئاستەدا نیم کە حزب ئەم ئەرکەم پێبسپێرێت، هێشتا لە سەرەتای ڕێگادام و ڕۆشنبیریم لەو ئاستەدا نییە و تاقیکردنەوەم لە کاری حیزبی و سییاسیدا کەمە.
لە کاتێکدا ئەم قسانەم دەکرد هەموو لەشم نیشتبووە سەر ئارەق، هاوڕێ فەهد بەهێمنی گوتی : (لەسەر شیوعی پێویستە لە بەرپرسیارێتی نەترسێت، حیزب قوتابخانە و پەیمانگەی بۆ دەرچووانی کادیر نییە بەڵکوو قوتابخانەکەمان جەماوەرە کە لێوەی فێر دەبین) هاوڕێ فەهد درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: شارەزایی لە کارکردن لەناو ڕیزەکانی جەماوەرەوە پەیدا دەبێت ، ئەرکی شیوعییە لە کەوتنە هەڵەوە نەترسێت، بەڵام کاتێک هەست بە هەڵە دەکات یا خود پێی دەگوترێ تۆ هەڵەت کردووە پێویستە بە پەلەو بەبێ دوو دڵی هەڵەکە ڕاست بکاتەوە، بەڵام ڕۆشنبیریی دەتوانرێت بە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوە مارکسیانەی بەردەست و شتی تر پەیدا بکرێت ،واتە خۆت فێر بیت و ڕۆشنبیری پەیدا بکەیت و دەبێ کاتێک ئێوارە سەردەخەیتە سەر سەرین بە چالاکی ڕۆژانەتدا لە گشت بوارەکاندا بچیتەوە، بەمجۆره لە ژیانەوە فێردەبێت، بەم جۆرە دەرسێکم لە قسەکانی سەرکردەی گەورەی حزبمان هاوڕیێ شەهید فەهدی نەمر وەرگرت پاشان پرسی: کەی سەفەری هەولێر دەکەی؟
گوتم: کە فەرمانی سەفەرتان پێدام من ئامادەم، ئینجا بەڵێنم لەگەڵ هاوڕێ زەکی بەسیم دانا کە نامەکەیم بۆ هاوڕێ مەلا شەریف ڕەنگەڕێژانی بداتێ.
لە ساڵی ١٩٤٧، لە شاری کۆیە ژیانی هاوسەری لەگەڵ هاوڕێی ڕەوانشاد حەمدیە مستەفا پێکهێناوە و یەکێک بووە لە کچە هەرە ئازا و چالاکەکانی ڕێکخستنی حیزبی شیوعی لە کۆیە و بەدرێژایی تەمەنی هاوپشت و هاوخەباتی هاوڕێ کەریم بووە، حەوت منداڵیان بوو (سێ کچ و چوار کوڕ)، کچێکیان لە کاتی نهێنی و خۆشاردنەوە، هەروەها بە هۆی نەبوونی و کەمدەرامەتییەوە و نەبوونی پارە بۆ کڕینی شیری وشک گیانی لەدەستدا، شەهید بۆتانی کوڕیشی لە ساڵی ١٩٨١ لەریزی پێشمەرگایەتیدا لە دەشتی هەریر و لە کاتی هێرشکردن بۆسەر مۆڵگەکانی بەعس شەهیدبووە. لەگەڵ ئەوەش مەسەلەی منداڵ و خێزان رێگر نەبوون لەکاری سیاسی و حزبیی، چونکە تەواوی خێزانەکەی بە هاوسەر و کوڕ و کچەکانیەوە بەردەوام لەناو ڕێکخستن و کاری حیزبیدا بوون.
لەساڵی ١٩٤٩ لەلایەن حزبی شیوعی یەوە داوای لێکراوە واز لە وەزیفە مامۆستایەتی بهێنێت و خۆی بۆکاری حزبی تەرخان بکات. لەو ساڵەوە وازی لە مامۆستایەتی هێناوە.
لە سالی ١٩٥١ دەستگیرکراوە و بۆ دوو ساڵ بەندکراوە، دوای دەرچونی لە زیندان لە ساڵی ١٩٥٣ بۆتە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی عێراق هەتا ١٩٥٥، دواتر بۆ جاری سێیەم دەستگیرکراوەتەوە بۆ سێ ساڵ حوکمدراوە و، تا ساڵی ١٩٥٨ لە ژێر چاودێری پۆلیسی حکومەتی عێراقدا ماوەتەوە.
لە کودەتای شومی هەشتی شوباتی بەعسیەکان لەساڵی ١٩٦٣دا لە شاری کەرکوک دەبێت و وێڕای خۆڕێکخستنەوە لەگەڵ هاوڕێکانی بەیاننامە دژی کودەتا بڵاودەکەنەوەو داوا لە جەماوەر دەکەن هاوشانی حشع و هێزە نیشتمانیەکان ڕووبەڕووی کودەتاچیەکان ببنەوە و پاشان ڕوودەکاتە شاخی ئاوەگرد و لە دروستکردنی یەکەمین بنکەی هێزی پێشمەرگەی حزب ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری دەبێت.
خەسڵەتێکی تری شۆڕشگێڕانەی هاوڕێ کەریم بە درێژایی ساڵانی تێکۆشان لەناوخۆی عێراق و کوردستان بووە و دوورنەکەوتۆتەوە.
لە راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی کوردستان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ناوشارەکان، لە کۆچڕەوی هەمان ساڵدا لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەکانی حزب دەمێنێتەوە و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە کۆکردنەوە و جۆشدانی هێزو توانای هێزی پێشمەرگە بە گشتی و لە شەڕە مەزنەکەی کۆڕێ لە نزیکەوە سەرپەرشتی و سەرکردایەتی هێزەکەی حزب دەکات.
سیاسیەکی ڕاشکاو و بێ پێچ و پەنا بووە دووەم سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی کوردستان بووە و بۆ زیاتر لە دە ساڵ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی بووە.
هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە ژیانی سیاسی و ژیاریدا خۆیدا کەسێکی خاکی بووە و ژیانیشی هەر بە سادەیی ژیاوە زۆر حەزی لە شاری کۆیە بوو، ناوێکی دیاری ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و تەنانەت بە گەوهەری کۆمۆنیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبرا.
هاوڕێ کەریم هەر تەنها سیاسی نەبوو بەڵکوو خاوەن قەڵەمێکی بەبڕشت بوو لەبواری سیاسی و فیکری و ئابووری و پانتاییەکی گەورەی هەیە لەناو دنیای ڕۆژنامەگەری شیوعی لە ساڵانی پەنجاکانەوە هەتا کۆتایی و لە کتێبی وشەی سوور زیاتر ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕووندەبێتەوە و دوا کاریشی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی بوو لە کتێبی ڕێڕەوی تێکۆشان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپکرا.
هاوڕێ کەریم ئەحمەد لە کۆنگرەی ١١ ی حیزبی شیوعیی عێراق، ئەمانەتێکی گرانبەهای بۆ حزب گەڕاندەوە، ئەویش سەعاتەکەی دەستی هاوڕێ فەهدی سەرکردە بوو.
هاوڕێ شەوی بەر لە سێدارەدانی لە ١٤ ی شوباتی ١٩٤٩ دا، سەعاتەکەی لە مەچەکی کردبووە و بە هاوڕێییەکی زیندانیی گەنج دەڵێت: ئەم سەعاتە موڵکی حزبە و تکایە دوای ئازادبوونت بۆ هاوڕێیانی بگەڕێنەوە.
سەعاتەکەی هاوڕێ فەهد، وەکوو ئەمانەتێک ڕادەستی هاوڕێ کەریم ئەحمەد دەکرێت و بۆ ماوەی ٧٢ ساڵ لەگەڵ هەموو هەلومەرجە سەختەکانی تێکۆشان، دەیپارێزێت و لە ڕۆژی٢٤-١١-٢٠٢١، لە میانەی کارەکانی کۆنگرەی یانزەدا، ئەمانەتەکەی هاوڕێی فەهدی ڕادەستی حزب کردەوە.
بەداخەوە لە ڕۆژی ١٤ تەمموزی ٢٠٢٢ دوای سەدەیەک تەمەن کە نزیکەی هەشتا ساڵی تێکۆشان بوو، لە شاری هەولێر بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکناو لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە گۆڕستانی مەعمەل قیڕ لە تەنیشت گۆڕی شەهید بۆتانی کوڕی بە خاک سپێردرا.
نەمری و سەرفرازی بۆ هاوڕێ و سەرکردە و ڕۆشنبیر، هاوڕێ کەریم ئەحمەد.
