
وتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئاشکرای کرد لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا توانراوە زیاتر لە یەک ترلیۆن و ٣٥٩ ملیار دینار لە پارە و موڵکی بەتاڵانبراو بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە.
حەیدەر عەبوودی، ڕایگەیاند'' هەڵمەتی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران و بە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامە. ئاشکراشی کرد کە دەستەی دەستپاکی زیاتر لە ٢٦ هەزار ڕاپۆرت و سکاڵای گەندەڵی پێگەیشتووە.''
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت ڕێکاری جدی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگری لە گەندەڵی، لەوانە وردبینیکردنی پێشوەختە لە سەرجەم گرێبەستە حکوومییەکان و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان لەگەڵ فەرمانبەران و بنبڕکردنی بەرتیلوەرگرتن.
وتیشی': بەپێی یاسای پاداشتی زانیاریدەران، هەر کەسێک بەڵگە لەسەر گەندەڵی بدات، ٥٪ی کۆی ئەو پارەیەی بەهۆی زانیارییەکەیەوە دەگەڕێندرێتەوە وەک پاداشت وەردەگرێت.''
