
مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا كەرێكەوتی ٧ی ١٠ی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، هەڵوێستی توندی خۆی لەبارەی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار ڕاگەیاند. حیزبەكە ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی بە "هەوڵێك بۆ گواستنەوەی قەیرانە دارایی، ئابووری و سیاسییەكانی دەسەڵات بۆ سەر شانی كرێكاران و فەرمانبەران و چینی ناوەڕاست" وەسف كرد.
لە ڕاگەیەندراوەكەی حیزبی شیوعیدا هاتووە، كە دابەزاندنی نرخی دراوی نیشتمانی بەرامبەر بە دۆلار، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانێكی گەورە لە بازاڕدا و كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی بوارەكانی ژیانی جڤاكی دەبێت. حیزبەكە پێی وایە ئەم بڕیارە جۆرێكە لە "ڕاگەیاندنی شكستی حكومەت" لە گرتنەبەری چاكسازیی ڕاستەقینە و بەدیهێنانی دادپەروەری، بەو پێیەی دەسەڵات دەیەوێت لەبری گۆڕانكاریی ڕیشەیی، لەسەر حیسابی بژێوی خەڵك درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئەم بڕیارە لەسەر هەرێمی كوردستان، مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی ئاماژەی بەوە كردووە كە بەهۆی جیاوازیی ئاستی داهات، هاووڵاتیانی هەرێم زیاتر زیانمەند دەبن و ئەمەش كەلێنی جیاوازیی چینایەتی لەناو كۆمەڵگەدا قووڵتر دەكاتەوە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا، حیزبی شیوعی داوای لە تەواوی هێزە چەپ و ئازادیخوازەكان كردووە كە ڕووبەڕووی ئەم بڕیارانە ببنە.
🔺ڕاگەیەندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان
ڕێكەوتی ٧ی ١٠ی ٢٠٢٦، مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار و لێكەتەكانی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان تاوتوێ كرد و لەو ڕوانگەیەوە، هەڵوێستی حیزبی شیوعیی كوردستان بەم شێوەیە خستە ڕوو:
بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لەسەر حیسابی دابەزاندنی نرخی دراوی نیشتمانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندییەوە بەشێكە لە هەوڵی گواستنەوەی قەیرانە دارایی و ئابووری و سیاسییەكانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان و كرێكاران و فەرمانبەران و چینی ناوەڕاست و ئەمەش هەڵاوسانێكی گەورەی لە بازاڕ دروست كردووە و كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی بوارەكانی ژیانی هاووڵاتییان جێ دەهێڵێت.
دابەزاندنی نرخی دراوی نیشتمانی واتە دەستبەرداربوون و ڕاگەیاندنی شكستی حوكوومەتە لە گرتنەبەری چاكسازی و هەوڵی گۆڕانكاری و گەڕانەوەی ماڵی گشتی و گرتنەبەری ڕێگای بەدیهێنانی دادپەروەری.
ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەر تەواوی هاونیشتمانیانی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبێت بەهۆی جیاوازیی ئاستی داهاتی تاك و جارێكی تر ڕیزبەند و كەلێنی جیاوازیی چینایەتی قوڵتر دەكاتەوە.
ئەركی هەموو هێز و لایەنە سیاسییە ئازادیخواز و چەپەكانە ڕووبەڕووی ئەم بڕیارە ببنەوە و لە بەرامبەردا داوای گۆڕانكاری، جێبەجێكردنی باجی هەڵكشاو، بەدیهێنانی دادپەروەری و گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی و ئابووری هەمەچەشنگردنی سەرچاوەكانی داهات بكەن.
مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان
۷ی ۱۰ی ۲۰۲٦
