
ژووری هەواڵ
ئەو دۆخەی ئەمڕۆ بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە پێشتر لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، حیزبی شیوعیی کوردستان، هۆشداری لە ئاکام و مەترسییەکانی داوە، بەتایبەت مەترسی پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان.
حیزبی شیوعیی کوردستان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، جگە لەوەی لە ڕاگەیەندراوەکانی و گفتو گۆ و دیدارە سیاسیەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسی و چین و توێژە جیاوازەکان، چەندین جار مەترسیەکانی ململانیە سیاسیەکان و پەکخستنی دامەزراوەکانی خستە ڕوو، بەردەوام جەختیشی لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی کردووەتەوەو هەوڵیداوە چارەسەری قەیرانەکان بکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە، لە ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، نەخشە ڕێگایەکی چارەسەری خستە بەردەم لایەنەکان، بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسیە نەخوازراوەی، کە لایەنە براوەکانی پەرلەمان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دروستیان کردبوو، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی عەقڵیەتی دەسەڵاتپەرستی و بەرژەوەندخوازی، پرسە نیشتمانیەکان پەراوێز خران.
لە دوایین ڕاگەیەندراوی خۆیدا، سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، حیزبی شیوعیی کوردستان، جەختی کردوەتەوە کە ئەوان لایەنگری بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانن بە بەشداری سەرجەم حیزب و فراکسیۆنە سەرکەوتووەکان، بەشێوەیەک ڕێز لە ئیرادەی گەل و دەنگی دەنگدەران بگیرێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بخرێنە سەرووی بەرژەوەندی حزبی و کەسییەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ بەشداری سەرجەم لایەنەکان و هەڕەشەی دروستکردنەوەی دوو ئیدارەیی، ئەو مەترسیانەن کە حیزبی شیوعیی کوردستان دوو ساڵە هۆشداری لەبارەوە دەدات.
