حیزبی شیوعیی کوردستان دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە نیازی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی هەبێت و وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن و پێداگری دەكات لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم

ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستانەوە

لەبەر ڕۆشناییی پێشهاتە تازەکان و بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەندەڵی لە دۆسیەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان بە پێویستی دەزانێت بە گیانێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەدیهێنانی دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی مامەڵە بکرێت، بە جۆرێک هیچ بۆشایییەک یان بوارێک بۆ گەندەڵی و بردنی سامانی گەل لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە و دەستوور لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بە ماددەی ١٤٠یشەوە. 
پێویستە بەپێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجوومەنی فیدراڵیی عێراق (مجلس الاتحاد العراقي) دروست بکرێت و دادگەی باڵای فیدراڵییش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێندرێتەوە، بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت. ئەمەش پێویستی بە ستراتیژییەتێکی نیشتمانی هەیە کە پاڵپشت بێت بە ڕۆڵی کارای هاووڵاتییان لە بەڕێوەبردندا.
لەم ڕوانگەیەوە، حیزبی شیوعیی کوردستان پشتیوانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت گەندەڵکاران ڕەوانەی دادگە بکرێن، تا بەپێی یاسا ماف و سامان بۆ خەڵک بگەڕێتەوە.
لە هەمان کاتدا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەم بارودۆخە هەڵدەگرن، ئەویش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و نەبوونی دیدێکی هاوبەشی نیشتمانیی كوردستانی کە پاڵپشت بێت بە جەماوەری گەلەکەمان و بتوانێت بە یەکگرتوویی بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتییان و قەوارەی هەرێم بکات.
حیزبی شیوعیی کوردستان دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە نیازی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی هەبێت و وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن و پێداگری دەكات لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی دانپێدانراو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بە دوور لە هەر مامەڵەیەکی تاکلایەنە یان پشتگوێخستن و گەڕانەوەی عەقڵییەتی ناوەندێتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە.
لەم ڕووەوە، تەنها ڕێگای واقیعی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەسەر بنەماکانی دەستوور، بە جۆرێک قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نەکرێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و هیچ بوارێکیش بۆ گەندەڵی، قاچاخچێتی و بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی نەمێنێتەوە.
پێویستە بەشداریکردنی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و چیتر لە وەرگرتنی پۆستی حزبیدا کورت نەکرێتەوە لەسەر حیسابی بەشداریی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا.
لە ئاستی ناوخۆشیدا، پێویستمان بە گۆڕانکاریی هەمەلایەنە هەیە بۆ بەهێزکردنی هەرێمەکەمان لە ناوەوە، وەک بەرهەمی تێکۆشانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان. ئەمەش وا دەخوازێت کار بۆ پێکهێنانی حوکوومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانیی بنکەفراوان بکرێت، بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووریی دادپەروەر، کە بتوانێت لە ئاستی ئەم قۆناغەدا بێت.
مەکتەبی سیاسی
حیزبی شیوعیی کوردستان
ڕێکەوتی: ٢٠٢٦/١١/٢٥

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا