مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان لە كۆبوونەوەی خۆیدا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە ۲۷ی ئەیلولی ۲۰۲٦ بەڕێوەچوو ڕایدەگەیەنێت، نابێت پرۆسەی یەكگرتنەوەی یەكەكان لە ئاستێكی شكڵیدا بمێنێتەوە، بەڵكو دەبێت پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان لەسەر بنەمای ناسنامەی هاووڵاتیبوون بنیاد بنرێن، نەك بۆ خزمەتی حیزب و بنەماڵە سیاسییەكان.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکەدا، حیزبی شیوعی، هۆشداری دا لە خراپبوونی باری گوزەرانی هاووڵاتییان بەهۆی بەرزبوونی نرخی سووتەمەنی، كێشەكانی پرۆژەی ڕۆناكی و وەرگرتنەوەی قەرزی كارەبا بە زۆرەملێ. هەروەها تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی بەتاجبەتكردنی كەرتی گشتی، پەككەوتنی دامەزراوە نیشتمانییەكان، مانەوەی چەك بە دەستی میلیشیاكان و دەستوەردانی دەرەكی، جەختیشی لە گرنگیی یەكخستنی توانای هێزە چەپ و دیموكراتییەكان كردەوە.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان

ئەمڕۆ ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٦، مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان  دوای سەرەخۆشی و وەبیرهێنانەوەی كۆچی ڕەوانشاد هاوڕێ (كەمال شاكر) و سەرجەم گیانبەختكردووانی بزافی سۆسیالیستی و نیشتمانی، كۆبوونەوەی خولیی خۆی ئەنجام دا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بارودۆخی سیاسی، ئابوری و كۆمەڵایەتیی كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ كرا و لەو ڕوانگەیەوە، هەڵوێستی حیزبی شیوعیی كوردستان لەسەر چەند تەوەرێكی هەنووكەیی بەم شێوەیه خستە ڕوو:

یەكەم؛ لە ئاستی ناوخۆدا:
سەرەڕای ڕاگەیاندنی یەكگرتنەوەی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠، بەڵام نابێت ئەم پرۆسەیە لە ئاستێكی شكڵی و ڕووكەشدا بمێنێتەوە؛ بەڵكو پێویستە بناغەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان لەسەر بنەمای «ناسنامەی هاووڵاتیبوونی كوردستانی» بنیاد بنرێت. كوردستان پێویستی بە هێزێكە كە دڵسۆزی و پابەندی بۆ خاك و نیشتمان هەبێت، نەك بۆ حیزب و بنەماڵە سیاسییەكان. 

لە لایەكی ترەوە، بەرزیی نرخی سووتەمەنی (بەنزین، نەوت و گاز)، كەموكووڕی و كێشەكانی پرۆژەی ڕووناكی، گەڕانەوە بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان، هەروەها بڕیارەكانی حكوومەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی كارەبا بە زۆرەملێ؛ بەبێ ئەوەی هیچ نیازپاكییەك بۆ دانەوەی قەرزی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی هەلی كار و ژیانی شیاو نیشان بدات. باری گوزەرانی هاووڵاتییانی قورستر كردووە. ئەم دۆخە هاوكاتە لەگەڵ بەتایبەتكردن و هەراجكردنی كەرتی گشتی كە لە كەرتەكانی تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییەكانی تردا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش لەسەر حیسابی قورستركردنی باری ئابوریی هاووڵاتییان و بەكاڵاكردنی كەرتی تەندروستی و پرۆسەی و پەروەردەیە.

ئەم قەیرانانە لە كاتێكدا قووڵتر دەبنەوە كە زیاتر لە دوو ساڵە دامەزراوە نیشتمانییەكان پەكخراون و هیچ بەرنامەیەكی تۆكمەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری، چاكسازیی هەمەلایەنە، بەهێزكردنی بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان و دووركەتنەوە لە عەقڵیەتی زۆنچێتی لە گفتوگۆ و دانوساندنەكانیش بوونی نییە. ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا خزمەت بە لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەتایبەت لەم قۆناغەدا كە پەلامار و فشار و مەیلی ناوەندییەتی لەژێر كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی لە زیادبوون كردووە.

دووەم؛ لە ئاستی هەرێمی و دەركیدا:
مانەوەی چەك لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەكان بەدەستی میلیشیاكان لە عێراق، هەروەها دەستوەردانی ئێران و توركیاو لایەنە دەرەكییەكان، وەك مەترسییەكی جدی هەڵسەنگێنرا. ئەم مەترسییانە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان جارێكی تر رووبەڕووی بۆشایی لە پاراستنی ئاسمانی و توانای  بەرگریی مووشەكی دەبێتەوە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پێشهاتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و مافەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تاوتوێ كران. لەم ڕوانگەیەوە، ئامادەكارییەكانی كۆربەندی چەپی كوردستانی بۆ یەكخستنی هێز و تواناكان لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵیەتی شۆڤێنی، نەتەوەیی، مەزهەبی و چینایەتی تەواو كرا.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا:
چەندین بڕیار و راسپاردە بە ئامانجی بەهێزكردنی خەباتی هێز و لایەنە چەپ و دیموكراتییەكان، داكۆكیكردن لە مافە چینایەتی و نیشتمانییەكان و كاراكردنی ڕۆڵی رێكخراوەكانی حیزب پەسەند كران.

مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان
٢٧ی ٩ی ٢٠٢٦
--------


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا