
◾️ کۆمیتەی ناوەندی، پاراستنی یەکگرتووییی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی دادپەروەری بە ئەرکێکی نیشتمانی و چینایەتی دانا.
◾️ قەیرانی سووتەمەنی و کارەبا و بێکاریی گەنجان و هەڵکشانی باج، ژیانی هاووڵاتییانیان قورس کردووە.
◾️ داوا لە مەڵبەندەکان و ڕێکخراوەکانی حیزب کرا لە چالاکییە جەماوەرییەکان بەردەوام بن بۆ داکۆکی لە داخوازییەکانی هاووڵاتییان.
دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان
ئەمڕۆ ٢١ی ١١ی ٢٠٢٦، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی حیزب و گەل، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵوێست و چالاکییەکانی حیزب و کاریگەرییەکانیان بۆ دروستکردنی ڕای گشتی لە پێناو «پاراستنی یەکگرتووییی هەرێمی کوردستان» و «بەدیهێنانی دادپەروەری»، بە گرنگییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و بە ئەرکێکی نیشتمانی و چینایەتیی هاوڕێیان و گەلەکەمان دانرا.
لە خاڵێکی تردا، گفتوگۆ کرا لەبارەی قەیرانەکانی سووتەمەنی (نەوت و بەنزین) و کارەبا، قەیرانی بێکاری لە ناو گەنجاندا، و لێکەوتەکانی هەڵکشانی باج و بەتایبەتکردنی کەرتی گشتی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
هاوکات کۆمیتەی ناوەندی داوای لە هەموو مەڵبەندەکان و ڕێکخراوەکانی حیزب کرد لە چالاکییە جەماوەرییەکان بەردەوام بن بۆ داکۆکیکردن لە داخوازییەکانی هاووڵاتییان، و هەماهەنگییەکان باشتر بکەن بۆ بەهێزکردنی بەشداریی سیاسی و جێبەجێکردنی پرۆژەی نیشتمانیی حیزبی شیوعیی کوردستان بۆ چارەسەری قەیرانەکان، لە پێناو چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک بۆ بەهێزکردنی کاری ڕێکخراوە حیزبییەکان وەرگیرا.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان
٢١ی ١١ی ٢٠٢٦
