
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی هۆکارەکانی پشت بڕیاری واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەم بڕیارە بەهۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانەوە دراوە.
ڕۆژنامەی (جیرۆسالم پۆست) لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاوی کردەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان لەنێو ئیدارەی ئەمریکاوە پێیان ڕاگەیاندووە کە ڕاگرتنی هاوکاریکردنی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ شکستهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە لە یەکە و دەزگایەکی کارگڕیی یەکگرتوودا، وەک ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە پێشکەشکردنی هاوکاریە داراییەکان بۆ پێشمەرگە لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ساڵی ۲۰۱٦ بووە، کە مەرجی تێدا بووە بۆ لابردنی دەسەڵاتی حزبەکان لەسەر فەوج و یەکە سەربازییەکاندا و خستنەژێر چەتری وەزارەت و فەرماندەییەکی فەرمی، بابەتێک کە تا ئێستا تەواو نەبووە.
لای خۆیانەوە، بەرپرسانی کورد بە تۆڕی هەواڵی (زا ناشيونال نيوز)یان راگەیاندووە کە نوێکنەکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی ۲۰۱٦ لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بە مانای کۆتاییهاتنی هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا نایەت.
