ڕاپۆرت / هاوڕێ کرێکار 


دوای وەرگرتنی چەند زانیارییەک لەسەر دۆخی کرێکارانی ئافرەت ، کە لەهەندێک جێگا لەلایەن خاوەن کارەکان دەچەوسێنرێنەوە، دوو کرێکاری ئافرەت زانیارییەکانی بۆ ڕێگای کوردستان پشتڕاستکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، سزا دەرێن و قسەی سووک بەکرێکارانی ژن دەوترێت،  سەندێگای کرێکاران بەبیانووی سکاڵا تۆمارنەکردن خۆی بێئاگا پیشاندا و چالاکێکی کرێکاریش مەرجی کاری عەبدایەتی بەسەرکرێکاردا دەسەپێنرێت . 
سزادەدراین و پارەمان لێدەبڕا و قسەشمان پێدەوترا 
خەدیجە ئەحمەد، ژنێکی کرێکارە و لە دووکانێکی نانەواخانە کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژانە لە کاتژمێر ٧ی بەیانی بۆ ٥ی ئێوارە و هەندێک جار بۆ ٦ی ئێوارە کار دەکات، بەڵام خاوەنکارەکەی بە پاساوی ناڕەوا، وەک خراپی کوالێتی نان یان سووتانی، پارە لە مووچە مانگانەکەی کە ٣٠٠ هەزار دینارە دەبڕێت. خەدیجە دەڵێت: «بەردەوام ڕووبەڕووی قسەی سووک دەبمەوە، کاتێکیش هەڕەشەی سکاڵاکردن دەکەم، هەڕەشەی دەرکردنم لێدەکرێت، ناچارم بەهۆی ئەوەی خاوەن خێزانم و ئەو کارە سەرچاوەی داهاتمە بێدەنگ بم.»
دایکی نوور، یش وەک کرێکارێکی پێشوو، کەماوەی مانگێکە وازی لە کار هێناوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ مامەڵەی خراپی خاوەنکارەکەی کە سووکایەتی پێکردوون و پێی وتوون: «ملتان بشکێت بۆ خۆتان و نانکردنتان، تاکەی فێر نابن؟» ئەو دەڵێت ئەو سووکایەتی و کۆیلەبوونەم قبوڵ نەکرد و وازم هێنا. هەر کاتێکیش لیژنە سەردانی کردبێت و سزای دابێت، دواجار خاوەنکارەکە سزاکەی لە پارەی کرێکارەکان کۆکردووەتەوە.
هاوڕییەکانم بەهۆی ئەوەی ئەو کارە سەرچاوەی داهاتیان بوو، هەموو شتێکیان قبوڵ دەکرد، بەڵام من وازمێهێنا و پێم وت ، ڕێزی ئەو ژنانە بگرە . 
مەرجی کاری عەبدایەتی بەسەر هێزی کرێکاردا دەچەسپێنرێت

سەلام عەبدوڵا، چالاکێکی کرێکاریە و لەسەر خراپی مامەڵەی خاوەن کار بەرامبەر بەکرێکار، بەڕێگای کوردستانی وت: بەهۆی سیاسەتی لیبراڵیزمی نوێی و بازاڕی ئازاد، مەرجی کاری عەبدایەتی بەسەر هێزی کرێکاردا دەچەسپێنرێت لە،ووڵاتەکەمان، بۆنموونە کرێکاران بێ گرێبەست و بیمەی  کۆمەڵایەتی کار دەکەن، هەروەها ٨ کاتژمێر کار ناکەن، جار وا هەیە ۱۰ و ۱۲ کاتژمێر کاردەکەن ، بەڵام بەرامبەر بە مووچەیەکی کەم  کە نزیکە لە ۱۰ هەزار  دینار 
وتیشی :  ئەمە مەرج گەلێکی وێرانکەرە بۆ چینی کرێکار لەکوردستان، وەزارەتی کار وحکومەت بەرپرسن لە خراپی ئەم  دۆخە،، تەنانەت سەندیکای کرێکارانیش بەرپرسن و کرێکارانیش خۆیان بەرپرسن  لەم دۆخە وگرنگە کرێکاران خۆیان ڕێک بخەنەوە بو ڕووبەڕووبونەوەی ئەم نادادییە

ئافرەتان لە ڕووی دەروونییەوە دەچەوسێنرێنەوە و هەراسان دەکرێن بەتایبەت لەکەرتی تایبەتدا


​لە لایەکی ترەوە، ماردین حسێن، ڕۆژنامەنووسێکی گەرمیانی، چەوساندنەوەی دەروونی و هەراسانکردنی ژنان لە کەرتی تایبەت بە تاوانێک دژ بە کەرامەتیان و بەربەستێک لە بەردەم سەربەخۆیی ئابوورییان دەبینێت. ئەو پێی وایە ژنان بەهۆی پێویستی بژێوی یان نواندنی تواناکانیان دێنە بازاڕی کارەوە، نەک بۆ ئەوەی ببنە قوربانیی قۆرخکاریی دەسەڵاتی خاوەنکارە پیاوەکان. ماردین جەخت دەکاتەوە کە کاتی بەیاننامەی سەر کاغەز کۆتایی هاتووە و پێویستە وەزارەت و سەندیکا بچنە قۆناغی کردار و سزای توند بەسەر ئەو خاوەنکارانەدا بسەپێنن کە ژینگەی کاریان بۆ ژنان کردووەتە شوێنی شکاندنی شکۆ.

هیچ ئافرەتێک نەهاتووەتە لامان سکاڵا بکات وئاگاداری دۆخی کرێکارانی ئافرەت نین

لە بەرامبەردا، ئازاد عەبدولڕەحمان، ئەندامی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران، دەڵێت هیچ سکاڵایەکی فەرمی لەلایەن ئافرەتانەوە بەدەستیان نەگەیشتووە. ئەو هۆکاری کێشەکان بۆ نەبوونی هۆشیاری یاسایی لای کرێکاران و دووری شوێنەکان دەگەڕێنێتەوە کە ڕێگری لە پشکنینی لیژنەکان دەکات.

دەرئەنجام 

​کۆتاییهێنان بەم دۆخە پێویستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە. ژینگەی کار دەبێت شوێنی ڕێز و داهێنان بێت، نەک جێگەی هەراسانکردن. پێویستە وەزارەتی کار و سەندیکاکان چاودێرییەکی وردتر بخەنە سەر کەرتی تایبەت و ژنانی کرێکاریش لە ڕێگەی هۆشیاربوونەوە بە مافەکانیان، ببنە خاوەن دەنگ بۆ بەرگریکردن لە کەرامەتیان.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا