
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
قەیرانی نیشتەجێبوون و بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو و شوقە لە هەرێمی کوردستان، چیدی تەنها کێشەیەکی ئابووریی سەرپێیی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ تەوقێکی خنکێنەر بەسەر شانی چینی هەژار و کەم دەرامەتەوە. لە کاتێکدا تەلاری بەرز و پڕۆژەی وەبەرهێنانی جۆراوجۆر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سیمای شارەکان دەگۆڕن، درزی نێوان توانای دارایی هاووڵاتییان و نرخی ئەم یەکانە قووڵتر دەبێتەوە؛ بازاڕی وەبەرهێنان گەرمە، بەڵام خەونی کرێنشینان بۆ بوون بە خاوەن خانوو، سارد و دوورەدەستە.
ئامارەکان خۆیان دەدوێن؛ قەیرانەکە لە کوێدایە؟
بۆ تیشکخستنە سەر ڕەهەندە فەرمییەکانی ئەم دۆخە، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی «ڕێگای کوردستان» ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی کرێنشینان گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر خراپ. ئەو دەڵێت:
"نزیکەی ٢٠٠ هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەن؛ بەشە هەرە زۆرەکەیان لە پارێزگای هەولێرن و لە سلێمانیش نزیکەی ٤٠ هەزار کرێنشین بوونیان هەیە."
سەرۆکی کۆمەڵەکە ڕەخنەی توند لە پڕۆژەکانی ئێستای نیشتەجێبوون دەگرێت و پێی وایە ئەم پڕۆژانە نەک هەر قەیرانەکەیان کەم نەکردووەتەوە، بەڵکو هیچ خزمەتێک بە چینی هەژار ناکەن:
"نرخی یەکەکان، پێشەکییەکان و قیستە مانگانەکان هێندە بەرزن کە هاووڵاتیی ئاسایی ناتوانێت بەشدارییان تێدا بکات."
سەبارەت بە دەستوەردانی کۆمەڵەکە بۆ دابینکردنی یەکەی گونجاو، قەرەداخی ڕوونی دەکاتەوە کە تەنها یەک پڕۆژە بە ناوی (کۆبانێ سیتی) کە لە ٦٨٠ یەکە پێکهاتبوو، لە ڕێگەی کۆمەڵەکەیانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو وێڕای ئاماژەدان بە نەبوونی ئامارێکی ورد لەسەر تەواوی پڕۆژە تایبەتەکان، تیشک دەخاتە سەر پڕۆژەی (کەنەکەوە) کە لە ڕابردوودا لە ڕێگەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە دروست کران و بە قیستی ٢٥ ساڵە و بێ پێشەکی دران بە هەژاران، وەک نموونەیەکی دروست کە پێویست بوو حکومەت پەرەی پێ بدات.
شایەتحاڵەکان؛ ژیان لەژێر سێبەری شەرمەزاری و خێرخوازیدا
لەکاتێکدا لایەنە فەرمییەکان باس لە گرانیی بازاڕ دەکەن، هاووڵاتییانی کرێنشین لە ناو جەرگەی هێڵی هەژاریدا دەژین. ئامانج ئازاد، کە وەک پێشمەرگەیەک خزمەت دەکات، بە دڵتەنگییەوە باس لە دۆخی بژێوی خۆی دەکات و دەڵێت:
"من بەهەمیشەیی شەرمەزاری منداڵەکانمم کە ناتوانم وەک پێویست بەدەم پێداویستییەکانیانەوە بم. داهاتی من تەنها مووچەی پێشمەرگایەتییە کە ئەویش ساڵ نییە حکومەت یەک دوو مووچەی حەپەلوش نەکات. لانی کەم ٣٠٠ هەزار دینار کرێی خانوو و ١٠٠ هەزار دینار پارەی ئاو و کارەبا دەدەم؛ بەم دۆخەوە کوا دەتوانم بیر لە پێشەکی و قیستی شوقە بکەمەوە؟"
ئەم وێنە تراژیدییە لە گێڕانەوەی سوعاد خاندا زیاتر بەرجەستە دەبێت؛ ئەو تەمەنێکە لەگەڵ هاوسەرە خانەنشینەکەیدا کرێچین و داهاتی مانگانەیان تەنها ٦٠٠ هەزار دینارە. سوعاد خان دەڵێت:
"من خۆم بەخوا ئەگەر خێرخواز و کەس و کار نەبن، ناتوانم کرێی خانوو بدەم. ئەگەر خێرخواز نەبێت و تەنها پشت بەو مووچەیە ببەستین، دوای دانی کرێ هیچ نامێنێتەوە بۆ مەسرەف، مەگەر ئەوەی خۆڵ بخۆین."
بازاڕی خانووبەرە؛ نووسینگە وەهمییەکان و نرخی خزمەتگوزارییەکان
بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا، هاوڕێ خەلیل، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە سلێمانی، بۆ ڕێگای کوردستان شیکاریی بۆ جیاوازیی نرخەکان دەکات. بەپێی گوتەی ئەو، کرێی شوقە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا بەپێی کوالێتی و شوێن دەگۆڕێت؛ ئەو پڕۆژانەی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و نزیک سەنتەری شارن، کرێکانیان لە ٤٠٠ دۆلارەوە بۆ ٦٠٠ دۆلارە، و لە ناوچە دوورەکانیش لە ٢٥٠ بۆ ٣٥٠ دۆلارە.
هاوڕێ خەلیل پەردە لەسەر یارییەکی مەترسیداری کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لادەدات و دەڵێت:
"کۆمپانیاکان بە دروستکردنی چەند نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی وەهمی، نرخی یەکەکان و کرێی پڕۆژەکانی خۆیان بە دەستکرد بەرز دەکەنەوە."
ئەم شارەزایە کێشەیەکی تری پڕۆژەکان بۆ گرانیی خزمەتگوزارییەکان دەگەڕێنێتەوە، کە مانگانە لە نێوان (٦٠ بۆ ٨٠ هەزار) دیناردایە، بێ لە ئاو و کارەبا و غاز کە خاوەن پڕۆژەکان نرخی زیاتری لێ دەستێنن. ئەمەش وای کردووە خواست لەسەر خانووی دەرەوەی پڕۆژەکان (کە کرێیان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دیناردایە) زیاتر بێت، چونکە هاووڵاتییان بەرگەی خەرجیی توندی خزمەتگوزاریی سیتییەکان ناگرن.
دەرئەنجام و ڕێگەچارەکان
داواکاریی کۆمەڵەی کرێنشینان و هاووڵاتییان ڕوونە؛ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەستوەردان لە بازاڕی ئازاددا بکەن، پێشەکی و قیستی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کەم بکەنەوە و نرخەکان بە یاسا ڕێکبخرێن.
لە ئێستادا "مافی نیشتەجێبوون" لە مافێکی سەرەتاییی مرۆڤەوە گۆڕدراوە بۆ کاڵایەکی قازانجویستی بازرگانی. بازاڕی خانووبەرە خراوەتە خزمەت چاوچنۆکیی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و مۆنۆپۆلی سەرمایەداران، لە کاتێکدا چینی کرێکار، پێشمەرگە و کەمدەرامەتان لە ژێر چەرخی ئەم بازاڕە بێبەزەیییەدا دەهاڕدرێن.
