
له دوازدەیەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان؛ حیزبی شیوعی: «تەنیا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە دەکات»
مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، لە یادی دوانزەیەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانەوە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ تێپەڕبوونی دوانزە ساڵ بەسەر ئەم جینۆسایدەدا هێشتا نەبووەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان، و هۆشداریش دەدات کە هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێم لە ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی دادپەروەریدا کەمتەرخەم بوون.
حیزی شیوعی جەخت دەکاتەوە کە دۆخی ئەوسا و ئێستای شنگال تەنیا کەمتەرخەمی نییە، بەڵکو نیشانەی سیستمێکی سیاسییە کە لە بنەڕەتدا ناتوانێت دادپەروەری بۆ کەمینەکان دابین بکات؛ بۆیە پێویستە پرسی ئێزدییەکان لە پرسێکی مرۆیی سادەوە بگوێزرێتەوە بۆ پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قووڵ کە پەیوەست بێت بە بنیاتی دەسەڵاتەوە.
📄 دەقی بەیاننامەکەی:
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان؛ لە یادی دوانزەیەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا
بە بۆنەی یادی دوانزەیەمین ساڵیادی تێپەڕبوونی یەکێک لە دڕندانەترین و سەختترین تاوانە مرۆییەکانی ئەم سەدەیە؛ کە لە (٣)ی ئابی ساڵی (٢٠١٤)دا، هزری تاریک و فاشیستی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شنگال و ناوچەکانی ئێزدییەکان، کە کۆمەڵکوژییەکی پیلان بۆ داڕێژاو و ڕێکخراو بوو لە دژی ئێزدییەکان ئەنجام درا. دوای دوازدە ساڵ لەم کارەسات و ماڵوێرانکارییە، هێشتا ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی ناوچەکە لەناو مەینەتی و ئێش و ئازاردا بەردەوامە و هیچ گۆڕانکاری و چارەسەرێکی بنەڕەتییان بۆ نەکراوە.
ئەمە دوازدە ساڵە، سەرەڕای ئەو تاوانە دڕندانە و بێوێنەیەی لەلایەن کۆنەپەرستان و هزر تاریکەکانەوە ئەنجام درا، هیچ هەوڵێکی بەرنامەبۆداڕێژراو لەلایەن هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێمەوە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی ئەم تاوانی جینۆسایدە دڕندانەیە ئەنجام نەدراوە، تاوەکو ئێزدییەکان هەست بە گرنگی و بوونی خۆیان بکەن وەک پێکهاتەیەکی خاوەن ماف لەم وڵاتەدا. هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ڕفێندراو و ونبوو (بێسەروشوێنکراو) هەن، بە هەزاران ئاوارەش لە کەمپەکاندا خراپترین ڕۆژەکانی ژیانی خۆیان بەڕێ دەکەن، ناوچەی شنگالی وێرانیش کە بەهۆی ئەو تاوانەوە وێران بوو، هێشتا ئاوەدان نەکراوەتەوە و نەبووژاوەتەوە. ئەم دۆخە نەخوازراوە تەنیا دەرەنجامی کەمتەرخەمی نییە، بەڵکو نیشانەی سیستمێکی سیاسییە کە لە بنەڕەتدا ناتوانێت دادپەروەری بۆ کەمینەکان دابین بکات. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە تا ئێستا شکستیان هێناوە لە بەجێهێنانی بەڵێن و پەیمانەکانیاندا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تەنیا بە دەربڕینی هاوخەمیی سەرپێیی و هاوکاریی کاتی، ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێهێناوە.
ئەم کۆمەڵکوژییە تەنیا ڕووداوێک نییە لە مێژووی ئێزدییەکاندا، بەڵکو درێژکراوەی مێژوویەکی دوورودرێژ و قووڵی ستەمکاری و کۆمەڵکوژییە لە دژیان. بە درێژایی مێژوو، چەندین کۆمەڵکوژییان بەسەردا هاتووە کە هەر یەک لەوان هەوڵێک بووە بۆ لەناوبردنی ئەم پێکهاتە مێژووییە ڕەسەنەی شارستانیەتی کوردستان و عێراق. ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، بەشێکی بەهۆی بیروباوەڕی ئایینیی ئێزدییەکانەوە بوو، بەشێکی تریشی بەهۆی ئەوەوە بوو کە ئێزدییەکان نوێنەرایەتیی کولتوورێکی کۆن و شارستانیەتێکی ڕەسەن دەکەن کە دژی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و تاریکی دەوەستێتەوە. ئەم خۆڕاگرییە نیشانەی ئەوەیە کە ئێزدیاتی تەنیا ئایین نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی کوردی و کوردستانی.
ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە قەبارەی ئەم کارەساتە چەندە مەزنە: زیاتر لە (٥٠٠٠) هاووڵاتی شەهید بوون، (٢٧٤٥) منداڵ بێسەرپەرشت ماونەتەوە، (٢٥٥٨) کەس هێشتا بێسەروشوێنن، (٣٥٨٥) کەس ڕزگار بوون، (٦٤١٧) کەس ڕفێندراون کە لەوانە (٣٥٤٨ ژنن و ٢٨٦٩ پیاون)، (٢٧٤) کەسی ڕفێندراو لەلایەن داعشەوە کوژراون، (٣٢٥,١٩٧) کەس ئاوارە بوون، و (٩٣) گۆڕی بەکۆم دۆزراونەتەوە (یاخود کراونەتەوە). ئەم ئامارانە تەنیا ژمارە نین، بەڵکو نیشاندەری ئازارێکی کۆمەڵایەتین کە کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتووش بەجێدەهێڵێت.
حیزبی شیوعیی کوردستان وای دەبینێت کە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا نابێت تەنیا وەک پرسێکی مرۆیی یان ئایینی لێک بدرێتەوە، بەڵکو پێویستە وەک پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گرنگ سەیر بکرێت، چونکە پەیوەندیی بە پێکهاتە و بنیاتنانی دەسەڵات و سیستمی دادپەروەرییەوە هەیە. پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووکردنەوەیەکی هەمەلایەنە و بەرچاوی ئەو ماڵوێرانکارییە بکات کە تەنیا قەرەبووی ماددی نەبێت، بەڵکو قەرەبووی مەعنەویش لەخۆ بگرێت.
لە هەمان کاتدا پێویستە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسی کەوتنی شنگال بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن، لێپرسینەوەش لەگەڵ هەموو ئەو هێز و گرووپە چەکدارانەدا بکرێت کە بەرپرسیار بوون لە پاراستنی ئاسایشی شنگال، و کەمتەرخەم و بەرپرسیارەکانیش ڕووبەڕووی دادگا و سزا بکرێنەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێویستە بە ڕوونی و بێ دوودڵی ئەم تاوانە وەک کۆمەڵکوژی پێناسە بکات؛ ئەمەش پێویستی بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک هەیە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لەگەڵ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ سزادانی ئەو تاوانبارانەی کە تاوانیان لە دژی ئێزدییەکان ئەنجام داوە، هەروەها جێبەجێکردنی تەواوی هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٢١٧٠)ی ساڵی ٢٠١٤ و ژمارە (٢٢٤٩)ی ساڵی ٢٠١٥. بەردەوامبوونی هەوڵەکانیش بۆ ڕزگارکردنی ژنە ڕفێندراوەکان و دیاریکردنی چارەنووسی ونبووەکان ببێتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە.
دابینکردنی سیاسەتێکی گونجاو بۆ یارمەتیدانی قوربانیان بەگشتی، بەتایبەتی بۆ ئەو ئافرەتانەی کە ڕفێندرابوون و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی و دەروونی بوونەوە و وەک کۆیلە بازرگانییان پێوە دەکرا لەلایەن دڕندەکانی داعشەوە، کە ئەم کارانە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە "کۆیلایەتیی هاوچەرخ" دەناسرێن؛ بە جۆرێک کە بگەڕێنەوە ناو سیستمی تێکەڵبوونەوە بە ژیانی ئاسایی و بەرزکردنەوەی توانا و وزەکانیان بۆ چاکبوونەوە لە هەموو ئەو دەردەسەرییانە، ئەمەش تەنیا بە هاوکاریی دارایی نابێت، بەڵکو پاڵپشتیی دەروونی، کۆمەڵایەتی و پیشەییش لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی ئێزدییەکان، بەتایبەت شنگال، تەلەعفەر، دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی تر نابێت چیتر دوا بکەوێت. هەروەها پرسی نوێنەرایەتی و بەشداریی کارای ئەوان لە کایەی سیاسیدا پێویستە لە کارە لەپێشینەکانی کایەی سیاسیدا بێت. بەداخەوە، زۆربەی ئێزدییەکان ئەمڕۆ لە دەرەوەی وڵاتن یاخود لە کەمپەکانی ئاوارەکاندان، ئەوانەشی کە گەڕاونەتەوە ژمارەیەکی کەمن، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی، کارگێڕی، سیاسی و خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکەوەیە، هەروەها بێکاری، هەژاری و جیاکاری لە دەرفەتەکانی کار و ژیاندا بەهۆی هاوسۆزی یان ئینتیمای سیاسییەوە، بووەتە یەکێک لە کێشە هەنووکەییەکانی ئەو ناوچانە.
پێویستە دەوڵەتی عێراق پەیماننامەی ڕۆما واژۆ بکات و بە زووترین کات پەیوەستبوونی خۆی بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕابگەیەنێت، ئەمەش دڵنیاییمان پێ دەدات کە عێراقی ئەمڕۆ و داهاتوو جیاواز دەبێت لەو عێراقەی کە پڕ بوو لە تاوان و کۆمەڵکوژی دژی کورد، ئێزدی و پێکهاتەکانی تر. پاراستنی تایبەتمەندی و خاوەنداریێتیی ئێزدییەکان لە ناوچەکانی خۆیان و ڕێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان ببێتە لەپێشینەی سیاسەتی حکومەت.
حیزبی شیوعیی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە دادپەروەریی ڕاستەقینە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و سزادانی تاوانباران دێتە دی، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە دەکات. پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان لەم پرسەدا هەڵبگرن و هەنگاوی ڕژد و کرداری بنێن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئارام بۆ ئێزدییەکان، بە شێوەیەک کە ناسنامە، کولتوور و بوونیان پارێزراو بێت.
مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان
