
فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە رایگەیاند شەڕمان بەسەردا سەپا و هەرگیز دەستبەرداری دەسكەوتەكانی شۆڕش نابین و هەوڵدەدەین لەرێكەوتنەكەدا زۆرترین ماف بۆ گەلەكەمان مسۆگەر بكەین.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان نەیاندەویست بچنە ناو ئەم شەڕەوە، بەڵام دۆخەکە بەسەریاندا سەپێنرا و قوربانیی زۆری لێکەوتەوە.
هۆکاری کشانەوەی هێزەکانیانی لە دێرەزوور و ڕەققە بۆ حەسەکە ڕوون کردەوە و وتی'' بڕیارمان دا لەپێناو ڕێگریکردن لە کوشتاری خەڵکی مەدەنی و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش، هێزەکانمان بکشێنینەوە.'' جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل.
مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە، ئاماژەی بەوە دا کە دوای گەڕانەوەی لەو کۆبوونەوەیە، وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدی دڵنیایی دایە خەڵکی ناوچەکە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندیی ئیداری و کارگێڕیی ناوچەکە نابن.