
پوختەی ووتارەکەی مەزڵوم عەبدی:
ئەمڕۆ لە بەردەمتان لە ساتێکی مێژووییدا دەوەستین کە تێیدا پەڕەیەکی گرنگ لە مێژووی سووریا هەڵدەینەوە و دەست بە کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ دەکەین کە ناونیشانەکەی ئاشتی و سەقامگیری و بونیاتنانەوەی نیشتمانە.
لە کاتی دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسدە)وە، جەنگاوەرەکانی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان هەڵگرت لە یەکێک لە قورسترین ئەو قۆناغە بەئازارانەی کە سووریا تێیدا تێپەڕی، ئەوان یەکەمجار زۆرێک لە شار و شارۆچکە سووریاییەکانیان لە دەسەڵاتی بەعس و دواتریش لە تیرۆری داعش رزگار کرد.
ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕا و وڵات چووە قۆناغێکی نوێوە کە ناونیشانەکەی ئاشتی و بەشداریکردنە لە بونیاتنانەوەی سووریای نوێدا.
دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆک شەرع و تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵکردن و دابەشکردنی هێزەکانمان لەناو لیواکانی سوپای سووریادا، ئەمڕۆ کۆتاییهاتنی ئەركی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕادەگەیەنین و بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەوە هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین.
یاد و بیرەوەریی شەهیدەکانمان هەڵدەگرین و قوربانیدانەکانیان لە ویژدانماندا دەپارێزین، چونكە ئەوان بۆ شەڕ نەجەنگاون، بەڵکو لەپێناو ئەوەدا جەنگاون تاوەکو ئەو ڕۆژە بێت کە تێیدا هاووڵاتییانی سووریا پێویستیان بە جەنگ و شەڕ نەبێت.
دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە سەرەتای گواستنەوەیەکی ڕاستەقینە لە گۆڕەپانی جەنگەوە بۆ گۆڕەپانی بونیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی و لە قۆناغی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناغی بونیاتنانی سووریا.
مافی خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە گرنگترین ئەو مافانەی کە گەلی کورد چەندین دەیەیە بەدوایدا گەڕاوە، بەڕێز شەرع لە چەندین بۆنەدا باسی لە پاراستنی ئەم مافە کردووە.
لە بەڕێز سەرۆکەوە هەڵوێستێکی کراوەمان بینی لەبارەی مافی خوێندن بە زمانی دایک و پەرەپێدانی بڕیاری ئێستا لە داهاتوودا. ئێمە کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەین لەم ساڵدا، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا بناغەی لەسەر دابنێین.

