
ئەمڕۆ، نۆ ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری ڕەققەدا تێپەڕ دەبێت کە پێشتر وەکو پایتەختی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ڕاگەیەندرابوو.
پرۆسەی ڕزگارکردنی شارەکە لە ڕۆژی ۲۰/١٠/٢٠١٧، لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئەنجام گەیشت.
کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕەققە وەک وەرچەرخانێکی سەرەکی لە جەنگی دژی داعش هەژمار دەکرێت و گورزێکی کاریگەر بوو لە پڕۆژەی خەلافەتەکەی کە تێیدا، چەندین تاوانی گەورەی وەکو لەسێدارەدانی ئاشکرا و گرتن و سەپاندنی یاسای توندی بەرامبەر دانیشتووان ئەنجام دا.
تێکشکاندنی داعش لە شارەکەدا بە باجێکی قورسی مرۆیی و مادی کۆتایی هات چونکە بۆردوومان و شەڕی سەخت وێرانکارییەکی زۆری بەسەر ژێرخان و ماڵی هاووڵاتییاندا هێنا و برینی قووڵی لەسەر ژیانی خەڵکی شارەکە بەجێهێشت کە تاوەکو ئێستاش شوێنەوارەکانی دیارن.
هەزاران شەڕڤان لە شەڕی خستنی پایتەختەکەی داعش شەهیدبوون و بریندارو کەمئەندامبوون.
