قوتابیيان و خوێندکارانی خۆشەویست

بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، گەرمترین پیرۆزبایی دڵسۆزانەتان ئاڕاستە دەکەین، هیواخوازین ساڵێکی پڕ لە ئاسوودەیی، زانست، سەرکەوتن و سوودبەخش بێت بۆ هەموو لایەک لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندندا.
بەداخەوە لە کاتێکدا زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێ دەدرێت، مامۆستایان و فەرمانبەران هێشتا بەدەست دواکەوتنی مووچە و نادادپەروەری لە مافە سەرەتاییەکانیانەوە دەناڵێنن، لەم دۆخە ناهەموارەدا، سەرجەم مامۆستایان تووشی فشارێکی دەروونی و ژیاریی قورس بوونەتەوە، بۆیە ڕایدەگەیەنین کە کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن ناکرێت چیتر پشتگوێ بخرێن و دەبێت خواست و مافە ڕەواکانی مامۆستایان وەک ئەولەویەت جێبەجێ بکرێن، کە گرنگترینیان لەم خاڵانەدا دەخەینەڕوو:
1-کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە، چیتر شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران نەکرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە تاکو مووچەى مانگانە  لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دابەش بکرێت.
2-دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە (ترفيع)، بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە و قەرەبووی ئەو ساڵانەی ڕابردوو بکرێتەوە کە بەهۆی ڕاگرتنی نایاساییەوە، زیانی گەورەی دارایی بە مامۆستایان گەیاندووە.
3-پاشەکەوت و شایستە داراییەکان، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پلانێکی ڕوون، دیاریکراو و شەفاف دابنرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم مووچە فەوتاو و پاشەکەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردوو.
4-جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکان، هەر یاسا و بڕیارێک کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران یان حکومەتی فیدراڵەوە لە بەرژەوەندی مامۆستایاندا دەردەچێت، پێویستە دەستبەجێ لە هەرێمی کوردستانیشدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و مامۆستایانی هەرێم لێی بێبەش نەکرێن.
5-دوورخستنەوەی دەستێوەردانی حزبی، دەستێوەردانی حزبی و سیاسی لە ناوەندەکانی خوێندن، کەرتی پەروەردە و ئیدارەی قوتابخانەکاندا بە تەواوی ڕابگیرێت و سەربەخۆیی پەروەردە بپارێزرێت.
6-ڕێکخستنەوەی میلاکات و دامەزراندن، چارەسەرکردنی ڕیشەیی گرفتی میلاک لە ڕێگەی دامەزراندنی فەرمیی دەرچووانی دانەمەزراو بەپێی پێداویستییەکان، هاوکات گواستنەوە و دابەشکردنی مامۆستایان لەسەر بنەمای یاسایی و پێویستیی ڕاستەقینە بێت، دوور لە واستەکاری و دەستێوەردانی حزبی.
     ئێمە لەم یادەدا، لە کاتێکدا جەخت لەسەر ئەم داواکارییە ڕەوایانە دەکەینەوە، بەڵێن بە جەماوەری مامۆستایان و پەروەردەکاران دەدەین کە هەمیشە دەنگی ڕاستەقینەی ئێوە دەبین، بەردەوام دەبین لە خەباتی مەدەنی، هەڵوێستی شارستانی و داکۆکیکردن لە مافەکانتان لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ مامۆستایان و پاراستنی شکۆ و پێگەی پڕۆسەی پەروەردە لە کوردستاندا.

رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان 
هەولێر ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا