
ڕاپۆرت / هاوڕێ کرێکار
لەهەرێمی کوردستان، لەپێناو دروستبوونی یەکەی نشتەجێبوون، حکوومەت پەنای بۆ ڕووخاندن و تێکدانی باخ و دارستان و خانووی هاووڵاتییان بردووە، ژینگە پارێزێک ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کارەی حکوومەت دوور نییە بەبیابانبوونی ناوچەکەی لێبکەوێتەوە، چونکە ئەوەی دەکرێت فەرامۆشکردنی گرنگی ژینگەیە، ڕۆژنامەنووسیێکیش ڕایدەگەیەنێت، لابردنی دار و باخ بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون، واتە تێکدانی ژینگە.
۳۱ پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون و زانیارییەکانی ڕێگای کوردستان
بەپێی ئامارێک .کە ڕێگای کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی گەرمیان وەریگرتووە و لەسەر زای چۆمان فەلاح، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان تائێستا ۳۱ پرۆژەی نشتەجێبوون هەیە و ٧پرۆژەیان تەواو بووە، کە نزیکەی ٥۰۰۰ هەزار یەکەی نشتەجیبوون لەخۆ دەگرێت و ئەوانی دیکە هەمووی ماوەتەوە کاری تێدادەکرێت و هەندێکیشیان راوەستاوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێگای کوردستان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بە دیاریکراوی لە دەوربەری کەلار ، بۆ پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوون و پرۆژەی گەشتیاری ، باخ و دارستانی جووتیارانی ئاسایی کەوتوەتە بەر پرۆژەکان و هەندێکیان بە ئەنقەست حکوومەت لێوەرگرتوون وکردویەتی بەیەکەی نشتەجێبوون .
٣١ پرۆژەی نیشتەجێبوونمان هەیە
٧ پرۆژەیان تەواو بووە نزیكەی ٥٠٠٠ هەزار یەكەیە
"باخەکەم بۆ پرۆژەی نشتەجێبوون و پرکردنی گیرفان تێکدرا"
محەمەد خەلیل، خاوەنی باخێکە و حکومەت بۆ پرۆژە ڕووخاندویەتی، بۆ ڕیگای کوردستان، وتی : چەندین ساڵ بەماندووبوون و نەبوونی خۆم و منداڵەکانمان باخێکمان دروست کرد بۆ ئەوەی تیدا بژین و بژێوی ژیانمان مسۆگەربکەین، دوای پێگەیشتنی دارەکان وهاتنە بەرهەمی، حکوومەت بڕیاریدا ، بیروخێنێن، بۆ پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون.
وتیشی : زۆر هەوڵماندا باخەکەمان، کە سەرەتای پێگەیشتن و بەرهەمداری بوو، نەکەوێتە بەردەم پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوون و حکوومەت لێمانی وەرنەگرێتەوە، بەڵام سوودی نەبوو، باخەکەمان ڕووخێنرا و تا ئێستاش وەک پێویست قەرەبوونەکراوینەتەوە و باخەکەشمان بووە قوربانی پڕکردنی گیرفانی بەرپرسەکان.
"بۆ هەر دۆنمێک ۳٪ قەرەبوو کراوینەتەوە"
مەریوان حاجی عەلی ، جووتیارێکی دیکەیە و وتی :نزیکەی ۱۷ دۆنم زەویم بەر پرۆژە کەوتووە و حکومەت لێ وەرگرتومەتەوە و لەدۆنمێکدا ۳٪ قەرەبووکراوینەتەوە و لەبەرامبەر ئەو زەوییەم، زەوی دیکەیان پێداوین بۆ نیشتەجێبوون.
هەروا وتی: زەوییەکەی من کشتوکاڵی بووە و سوودی بۆ ژینگەی ناوچەکە هەبووە، ئەوەی کراوە، بەوتەی حکوومەت بۆ خزمەتی گشتییە ، تا ئێستاش وەک پێویست قەرەبووەکەم وەرنەگرتووە.
لەپێناو بەرژەوەندی سەرمایەگوزاری ، ژینگە و دارستانی ناوچەکە لەناوبرا
هەردی ئەحمەد، چالاکوانێکی مەدەنییە لە قەزای کەلار، بە "ڕێگای کوردستان" ی وت : کەلار داتاشراوە و دەوروپشتی کراوە بە پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوون و هەمووی خەڵکی پێ دەڕوتێننەوە و حکوومەت ڕێگای بۆ هیچ نەهێشتووەتەوە تەنها پارەیان لا گرنگە و پڕکردنی گیرفانیان مەبەست بووە، بیر لەوە ناکەنەوە، ئەم پرۆژەیە لەدوا ڕۆژدا چی لێدێت ، چۆن ژینگەیەکی باشی بۆ دروست بکرێت، چۆن بەرگری لە گەرما بکرێت ، هەموو ئەمانە بەلاوە نراون و فەرامۆش کراون.
دەشڵێت: لەسنووری کەلار لە نزیک مەزادخانەکەی ئێستا، بەشێکی زۆری باخ و دارستان ناوچەیەکی دڵگیر بوو ، ئیستا کراوەتە پرۆژەی یەکەی نشتەجێبوون و دارودارستانەکان لەناوبران.
بڕینەوەی هەر دارێک واتە کەمکردنەوەی ئۆکسجین و تێکدانی هەر دارستانێک بەمانای تێکدانی ژینگە.
ئەیاد محەمەد، رۆژنامەنووس، دەڵێت: تێکدانی باخ وبڕینەوەی دار و تێکدانی سروشت کاریکی خراپە و دەبێ بەشێوەیەکی زانستیانە مامەڵە بکرێت، گرنگە بزانریت لەبڕی تێکدانی ئەوباخانە، چۆن قەرەبووی سروشتی ئەوجێگایە دەکرێتەوە، لەکاتێکدا نابێت ئەو شوێنە بکرێت بە کۆنکریت ودوورنیە ببیتە بیابان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لەو ڕووەوە دەبێت فەرمانبەران زەوییان پێبدرێت ئەمە گرنگە، چونکە هەموو فەرمانبەرێک مافی ئەوەی هەیە زەوی خۆی هەبێت و سوودمەند بێت و دواجار ببێتە خاوەنی یەکەی نشتەجێبوون، بەڵام گرنگە ئەو شوینانەی کە ناوچەیەکی باخ ودارستانە دەکرێنە پرۆژەی نشتەجێبوون، دەبێت بە پێی توێژینەوەی زانستی کاری لەسەر بکرێت و هەروا هەڕەمەکی نەبێت و دووسبەی زیانی زۆرتربێت لەسود و قازانجی ، لە ڕووی زانستیشەوە بڕینەوەی هەر داریک واتە کەمکردنەوەی ئۆکسجین و تیکدانی هەر دارستان و باخێک بەمانای تێکدانی ژینگە.
لابردنی سەوزایی دەبیتەهۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما وکاریگەری لەسەر ژینگە هەیە
ئازاد ئەحمەد، ژینگەپارێز بۆ ڕێگای کوردستان دەدوێت: لەناوبردنی دارستان و ڕووبەری سەوزا، لە هەر شوێن و بەهەر هۆکارێک بێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە دروست دەکات. ئەو باخ و دارستانانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کەمکردنەوەی پلەی گەرمی، هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، و دەردانی ئۆکسجین. ئەمەش سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ هەوای پاکی ناوچەکە.
هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە گۆڕینی ئەو خاک و ڕووبەرە سەوزایانە بۆ یەکەی نیشتەجێبوون، دووبارە کاریگەری نەرێنی هەیە، چونکە ڕووبەری سەوزایی دەگۆڕێت بۆ کۆنکرێت و قیر. ئەم ماددانە خۆیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و مەترسی دروست دەکەن بۆ ژینگەی شار و دانیشتووانەکەی.
.
