
سەروتاری رێگای كوردستان
قەیرانی ئەم دوایەی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی نرخی لیترێك بەنزینی سوپەر بۆ سەرووی ١٩٠٠ دینار، تەنها كێشەیەكی كاتیی بازاڕ نەبوو، بەڵکو نیشانەیەكی ڕوون بوو بۆ بنبەستبوونی ئەو مۆدێلە ئابوورییەی کە زیاتر لە سێ دەیەیە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمەوە پەیڕەو دەكرێت. ئەم دۆخە خنكێنەرە، جارێكی تر ڕەهەندە قووڵەكانی شكستی كارگێڕی، ناشەفافییەت و قۆرغكاریی كەرتی وزەی خستە ڕوو.
بە جۆرێك كە باری سەرشانی هاووڵاتیانی بە تەواوی قورس كرد و بوە هۆکاری زەنگێكی مەترسیدار بۆ تێكچوونی هاوسەنگیی بژێوی و بازاڕ.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و بە مەبەستی هاوسەنگكردنەوەی نرخەكان، حكومەتی هەرێم لەژێر فشاری شەقام و قەیرانەکەدا نرخی پاڵپشتیکراوی بەنزینی بۆ (٨٥٠ دینار بۆ نۆرماڵ، ١٠٠٠ دینار بۆ موحەسەن و ١٢٠٠ دینار بۆ سوپەر) دیاریكرد، لە ڕووی تیۆرییەوە هەنگاوێکی پێویست بوو، بەڵام لە واقیعدا بووە هۆی قووڵتربوونەوەی قەیرانەکە و پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان بوو؛ چونکە نەك هەر قەیرانەكە كۆتایی نەهات، بەڵكو بووە هۆی داخستنی بەشێكی زۆری بەنزینخانەكان و گرانتربوونی نرخەكان لە لایەك، و لە لایەكی تریشەوە بەنزینە پاڵپشتیكراوەكەی حكومەت نەیتوانی وەڵامدەرەوەی خواست و پێداویستییە زۆرەكەی هاووڵاتیان بێت و شكستی هێنا لە چارەسەركردنی قەیرانەكەدا.
ئەوەی ئەم واقیعە تاڵەی زیاتر قوڵکردەوە و پەردەی لەسەر بێپلانیی حكومەتی هەرێم لادا ئەوەیە كە حکومەتی هەرێم لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە ژێرخانێكی ئابووریی تۆكمە و پاڵاوگەی نیشتمانیی ستاندارد دابمەزرێنێت. لە بری ئەوەی هەرێم خاوەنی پاڵاوگە بێت، دەبینین سەدان پاڵاوگەی نایاسایی و حیزبی، بە كوالێتییەكی خراپ و دوور لە ستانداردە جیهانیەكان، بازاڕی سووتەمەنییان قۆرغ كردووە و جگە لە پیسكردنی ژینگەی كوردستان ، چارەنووسی بژێوی خەڵكیان بەستووەتەوە بە بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیانەوە .
نەبوونی پاڵاوگەی نیشتمانی و هیچ جۆرە خەزانێكی ستراتیژی کە درێژكراوەی ئەو سیاسەتە هەڵەیەیە كە بنەماكانی "خۆبژێوی" و "ئیكتفای زاتی" فەرامۆش كردووە، وایكردووە كە لەگەڵ بچووكترین ئاڵوگۆڕ لە نرخ یان بڕی سووتەمەنیدا، هاووڵاتیان ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە ببنەوە. ئەوەی دۆخەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كردووە، بەردەوامیی دیاردەی قاچاخچێتییە بە نەوت و سامانی نیشتمانییەوە، كە تەنها لە بەرژەوەندیی ناوەندەكانی دەسەڵات و گروپە سێبەرەكانیان دایە .
لە ئێستاشدا، ئەركی هەرە لەپێشینەی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە بە سیاسەتێكی نیشتمانیی نوێ و بە پشتبەستن بە ماف و داخوازیەکانی هاوڵاتیان ، بەو دۆحە قەیراناویە قوڵەدا بچێتەوە و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەی نیشتمانی. هاوکات پێویستە سامانی نەوت بخرێتە خزمەت كۆمەڵگە، گەشەپێدانی ئابووری و بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵات. كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە سیاسەتی "ئابووریی بەرخۆر" و تەنها پشت بەستن بە كاڵای هاوردە بهێنرێت.
پێویستە هێزی مرۆیی و سەرچاوەكانی داهات بە جۆرێك ڕێكبخرێنەوە كە چیتر سامانی ژێر زەوی نەبێتە هۆكاری دەوڵەمەندبوونی كەمینەیەك لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی و هەژارتركردنی زۆرینەیەک لە هاوڵاتیان .
