رێکخراوی رێگای ئازادی سەبارەت بە داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوان لە رێکخراوی رێگای ئازادی بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەڕواننە هەڵمەتی داخستنی نووسینگەکانی دامەزراوەی میدیایی نالیا (NRT) لە شارەکانی هەولێر و دهۆک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

رێکخراوی رێگای ئازادی وتی، ئەم جۆرە هەنگاوانە، پاشەکشەیەکی مەترسیدارن بۆ پرۆسەی دیموکراسی و ئازادیی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و داخستنی دامەزراوەیەکی میدیایی بەبێ رێکارە یاساییە روونەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ (یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان)، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە دەستوورییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە.

 

ئەوان لە رێکخراوەکەیان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەنەوە:

١- سەروەریی یاسا: پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دەزگایەکی میدیایی لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا بێت، نەک لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز و بڕیاری سیاسیی پێشوەختە.

٢- پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین: ئازادیی میدیا کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنییە؛ هەر هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان، ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەکەدار دەکات.

٣-داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، دەستبەجێ رێگە بدەن بە نووسینگەکانی ئێن ئاڕ تی کە دەست بە کارە پیشەییەکانی خۆیان بکەنەوە و پارێزبەندی بۆ تیمە رۆژنامەوانییەکان دابین بکرێت.

داوا لە نوێنەرایەتی وڵاتان، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە ئازادیی میدیا دەکەن، هەڵوێستی جیددیان هەبێت بەرامبەر بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادی لە هەرێمدا و ئەوان لە رێگای ئازادی، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و پشتگیری لە هەموو ئەو دەنگانە دەکەن کە کار بۆ گەیاندنی راستییەکان دەکەن.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا