
چاودێرێک
شەوی ڕابردوو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان شەوێکی پڕ لە چاوەڕوانی بوو. هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوون، بەو هیوایەی چارەنووسی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ یەکلایی بکرێتەوە و بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران بدرێت.
بەڵام دەرەنجامی کۆبوونەوەکە، بێدنگیەکی دیکە بوو بۆ مووچەخۆران، بەبێ ئەوەی بە ووشەیەکیش باس لەو پرسە بکرێت.
جێگەی نیگەرانییە کە وەزیرە کوردەکان، (پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ)، لە کۆبوونەوەکەدا خۆیان لە بابەتی مووچە دزیوەتەوەو خۆیان لێی بەدوور گرتووە .
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ڕابردوودا، زۆرێک لەم وەزیر و بەرپرسانە خۆیان وەک پاڵەوانی مووچە نمایش کرد، کەچی هیچ کام لەو وەزیرو بەرپرسانە ئامادە نەبوون لە سەر مووچەی هاووڵاتیانیان ووشەیەک بڵێن.
ئەم بێدەنگییەی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا سەلماندی، ئەوان نوێنەری حزبەکانیانن نەک خەڵک، ئەوان تەنیا بەرژەوەندی حزبەکانیان دەپارێزن، نەک بەرژەوەندی و قووتی خەڵک.
لای حزبەکانیشیان کە دەسەڵاتدارو هاوپەیمانی دەسەڵاتن، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان گرنگ نییە، تەنیا مانەوەی داهاتی ناوخۆ و پڕکردنی قاسەی بانکەکان و دابینکردنی بەرژەوەندی تایبەتی خودی خۆیانیان بەلاوە گرنگە.
