
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزای بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیی کەشتیگەلی سێبەری ئێراندا سەپاندووە، بە ئامانجی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران.
قەبارەی سزاكان
• کەسایەتی و کۆمپانیاکان: ۵ کەسایەتی، ۴ کۆمپانیای یاسایی و دەریاوانی گرتووەتەوە.
• کەشتییەکان: ۹ کەشتیی بازرگانیی خستووەتە ژێر گەمارۆوە.
ناوچە و لایەنە ئامانجکراوەکان
• پەنەما و یۆنان: سزاكان کۆمپانیای پارێزەریی «کارناکیسی» گرتووەتەوە بە تۆمەتی دامەزراندنی کۆمپانیای وههمی بۆ ئاسانکاریکردن لە گواستنەوەی نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و ئاسنی ئێرانی (کە بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ سوپای پاسداران مەزەندە دەکرێت).
• ئیمارات و سنگافورە: چەندین کۆمپانیای گەورەی بازرگانی و کەشتیوانی و ژمارەیەک کەشتیی بارهەڵگر کراونەتە ئامانج، کە بۆ دابینکردنی پارە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و گروپی حوسییەکان بەکارهێنراون.
هەڵوێستی فەرمی
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی ئەم هەڵمەتە ئابورییەوە ڕایگەیاند:
"چ لە ناو دەریا نەوتی قاچاخ بگوازیتەوە یان لە ئۆفیسی کۆمپانیایەکی یاساییدا دانیشتبیت، ئەگەر هاوکاری بۆ ڕژێمی ئێران دابین بکەیت، دەستمان پێتان دەگات و سزاتان بەسەردا دەسەپێنین."
چوارچێوەی گشتیی بڕیارەکە
• ئەم سزایانە بەشێکن لەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی ئەمریکا کە لە مانگی (ئاب/٨) دەستیپێکردووە بە مەبەستی وشککردنی سەرچاوەی داهاتی تاران بۆ پەرەپێدانی موشەک.
• هەفتەی ڕابردووش، ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک دامەزراوەدا سەپاندبوو، لەوانە بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی عێراق.
