
هەولێر – ڕێگای کوردستان
بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای ئەکادیمیی کارمەندانی بواری ڕاگەیاندن، بەشی تەکنیکیی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکیی کارگێڕیی هەولێر، سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر، دەرفەتێکی نوێی خوێندنی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاند بە تەرخانکردنی (١٢) کورسیی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦ - ٢٠٢٧).
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەشەکە کە واژووی د. هاوکار یاسین شەریف، سەرۆکی بەشی تەکنیکیی میدیای لەسەرە، ئەو قوتابییانەی دەرچووی قۆناغی ئامادەیین بە بەشەکانی (وێژەیی، زانستی، پیشەیی) دەتوانن کێبڕکێ لەسەر ئەو دەرفەتە بکەن. کورسییەکان بەسەر دوو بەشدا دابەش کراون: (٦) کورسی بۆ خوێندنی بەیانیان و (٦) کورسی بۆ خوێندنی ئێواران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی وەرگرتنی پێشکەشکاران لەسەر بنەمای کێبڕکێی نمرە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکی دەبێت، هاوکات چەند مەرجێکیش بۆ وەرگرتن دیاری کراون، لەوانە: پێویستە پێشکەشکار ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێت و پشتگیریی سەندیکای هەبێت، هەروەها ئەزموونی کاری ڕۆژنامەوانیی هەبێت و کار و چالاکییەکانی بە دۆکیۆمێنت بسەلمێنێت. مەرجێکی دیکەی سەرەکی ئەوەیە کە پێشکەشکار نابێت پێشتر دەرچووی هیچ کۆلێژ و پەیمانگەیەک بێت.
سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان خوێندنی بەیانیان و ئێواران، ڕوون کراوەتەوە کە خوێندنی بەیانیان بێبەرامبەرە، بەڵام مەرجە تەمەنی پێشکەشکار لە ٣٥ ساڵ زیاتر نەبێت. لە بەرامبەردا، بۆ خوێندنی ئێواران کە بەخۆڕایی نییە، هیچ مەرجێکی تەمەن دیاری نەکراوە. هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە یەک لەسەر سێی کۆی کورسییەکان بۆ دەرچووانی ئامادەییی پیشەیی تەرخان کراوە.
لە کۆتاییدا، بەشی تەکنیکیی میدیا ئاگاداری خوازیاران دەکاتەوە کە بۆ وەرگرتنی فۆڕمی پێشکەشکردن، دەتوانن لە بەرواری ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦ تا ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، سەردانی باڵەخانەی پەیمانگەی تەکنیکیی کارگێڕیی هەولێر بکەن.
