
دۆخی مرۆیی لە ڤەنزوێلا بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە وێرانکەرەی وڵاتەکەی هەژاند، بەرەو خراپیی زیاتر دەچێت. بەرپرسانی وڵاتەکە ڕایانگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ٢ هەزار و ٩٥٤ کەس بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا هێشتا هەزاران کەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە ١٦ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئامارەکان و قەبارەی زیانەکان
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا (لە ڕۆژی هەینییەوە)، ژمارەی قوربانییان بە ڕێژەی زیاتر لە ٣٠٠ کەس زیادی کردووە.
ئەم کارەساتە سروشتییە کە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بە دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی ٧.٢ و ٧.٥ پلە ڕوویدا، زیانێکی بێوێنەی بەدوای خۆیدا هێناوە:
• بێماڵ وحاڵبوون: زیاتر لە ١٦ هەزار هاووڵاتی ئاوارە و بێماڵوحاڵ بوون.
• ڕووخانی باڵەخانەکان: ١٩٠ باڵەخانە بە تەواوەتی داڕووخاون.
• ناوەندی کارەساتەکە: زۆربەی زیانەکان لە ناوچەی کەناریی )لا گوایرا( لە باکووری کاراکاسی پایتەخت تۆمارکراون.
بەهۆی قەبارەی وێرانکارییەکانەوە، ئەم ڕووداوە وەک یەکێک لە خراپترین و کوشندەترین بوومەلەرزەکانی مێژووی ئەمریکای لاتین پۆلێن دەکرێت.
کۆتاییهاتنی "ماوەی زێڕین" و بەردەوامیی گەڕان
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر کارەساتەکەدا، تیمەکانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەستیان کردووە بە کۆتاییهێنان بە قۆناغی گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا، چونکە ماوەی زێڕینی فریاکەوتن (کە ٧٢ کاتژمێری یەکەمە) کۆتایی هاتووە و هیوای دۆزینەوەی کەسانی زیندوو کەمبووەتەوە.
لە ئێستادا، لەژێر تیشکی کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە فەرمییەکاندا، خێزانەکان خۆیان بە ئامڕازی سەرەتایی هەوڵی هەڵدانەوەی داروپەردووەکان دەدەن بۆ دۆزینەوەی تەرمی کەسوکاریان. سەرەڕای ئەم دۆخە سەختە، لەم هەفتەیەدا چەند حاڵەتێکی پەرجووئامێز (موعجیزە) تۆمارکران، کە تێیدا چەند هاووڵاتییەک دوای چەندین ڕۆژ مانەوە لەژێر داروپەردوودا، بە زیندوویی ڕزگارکران.
