
ژووری هەواڵ
دۆخی کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بەرەو خراپتربوون دەچێت و شاڵاوی تەعریب خێراتر بووە.
چاودێران ویاساناسان جەختی لەسەر دەکەنەوە، کە لە دوای ڕووخانی بەعسەوە، باشترین دەرفەت بۆ کورد ڕەخسا تا چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلا بکاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە، هەموو ئەم ناوچانە، لەلایەن (پارتی ویەکێتی) کرانە ناوچەی کێشە لەسەر و خرایە ناو مادەی ١٤٠ـەوە کە هەر لە سەرەتاوە، مادەیەکی دۆڕاو بوو، لە کۆتاییشدا دەستوور پێشێلکرا و مادەکە جێبەجێ نەکرا.
چاودێران پێیان وایە (پارتی و یەکێتی)، کە خۆیان وەک نوێنەری کورد نمایش دەکرد، لاوازیی بەغدایان نەقۆستەوە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کوردستانی ئەو ناوچانە.
جەختی لەسەر دەکەنەوە، کەرکوک و خانەقین لەبەردەم تەعریبێکدان کە پێشینەی نەبووە، دەیان هەزار خێزانی هاوردە لە کەرکوک نیشتەجێ کراون، نۆ گەڕەکی زیادەڕۆ لە باشووری شارەکە دروستکراون و گەڕەکەکانی فەیلەق و پەنجا عەلی و گەڕەک و گوندەکان پڕکراون لە خێزانی تەعریب و کێشەی زەوی زاری جووتیارانیش چارەسەر نەکراون.
خانەقینیش جگە لە تەعریبکردن، بەردەوام لەڕێگەی دابڕانی یەکە ئیدارییەکانەوە بچووک دەکرێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم دۆخە مەترسیدارەدا، چاودێران بەنیگەرانییەوە دەڕواننە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی کوردی( پارتی و یەکێتی)، کە سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر زیندوویەتی مادەی ١٤٠، لە بەرامبەر پێشێلکردنەکەیدا تەنها بە لێدوان و بەیاننامەی نەرم و لە سەرخۆ نیگەرانی پیشاندەدەن و هیچ هەڵوێستێکی کردارییان نییە.
