سەروتارى رێگای كوردستان

ئەو مەترسییەی ئەمڕۆ بەرۆكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی گرتووەتوە، تەنها كێشەیەكی كارگێڕی یان یاسایی نییە، بەڵكوو هەڕەشەیەكی بنیاتییە لەسەر شوناس و مێژووی ئەو ناوچانە.

ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا پەكخستنی ماددەی ١٤٠ گوزارشت بووبێت لە كێشەیەكی سیاسی، ئەوا ئەمڕۆ دۆخەكە تێپەڕیوە بۆ قۆناغی گۆڕینی دیموگرافیی بەبەرنامە. ئەوەی لە خانەقین، دیالە و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەكان ڕوودەدات، هێرشێكی بێدەنگە بۆ گۆڕینی سیمای شارەكان، نیشتەجێكردنی سیستماتیكی هاووڵاتییانی هاوردە، تێكدانی هاوسەنگیی ئابووری و بازاڕ و گۆڕینی تابلۆكان بۆ زمانێكی دیاریكراو بە ئامانجی «پەراوێزخستنی كوردە » لەسەر خاكەكەی. 

ئەم شاڵاوە نوێیە، لە ڕاستیدا درێژكراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتە ناوەندخوازی و شۆڤێنییەیە كە ساڵانێكی درێژە بەشێك لە لایەنە دەستڕۆیشتووەكانی بەغدا پەیڕەوی دەكەن. ئەوانەی لە بەغدا بڕیاربەدەستن، بە سوود وەرگرتن لە كات، ململانێ سیاسییەكان، شەڕ و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، دەیانەوێت ئەم ناوچانە لە ڕووی دیموگرافییەوە بە جۆرێك دابڕێژنەوە كە لە داهاتوودا جێبەجێكردنی هەر دەقێكی دەستووری، بێبایەخ و بێئەنجام بێت. 

لێرەوە، ئەركی هێزە دیموكراسیخوازەكانی عێراقە كە لە پێناو پاراستنی پێكەوەژیان و سەقامگیریی سیاسی، ڕێگری لەم شاڵاوە بكەن و چیتر ڕێگە نەدەن دەستوور، مافی كورد و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بكرێنە قوربانیی ئەجێندای شۆڤێنی.

لە بەرانبەردا، نابێت ڕۆڵی نوێنەرایەتیی كورد لە بەغدا تەنها لە چوارچێوەی پۆست و ئیمتیازاتدا بمێنێتەوە. سەرۆككۆمار و تەواوی لایەنە كوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵ، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژووییدان بۆ داكۆكیكردن لەو ناوچانە. پێویستە حوكوومەتی عێراق ناچار بكرێت نەخشەڕێگایەكی ڕوون و كاتدار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ دابنێت؛ چونكە پشتگوێخستنی ئەم ماددەیە، پەكخستنی گرنگترین بەشی دەستووری عێراقە.

لە هەمووی گرنگتر، هێزە كوردستانییەكان پێویستە لە ناوخۆدا ئاوڕێكی جیددی لە خۆیان بدەنەوە. پەككەوتنی پەرلەمان و قەیرانی دامەزراوەكانی هەرێم، پێگەی كوردی لە بەغدا لاواز كردووە و دەرفەتی بۆ نەیاران ڕەخساندووە. كاتی ئەوە هاتووە "كۆنفرانسێكی نیشتمانی" ببەسترێت بۆ یەكخستنی گوتاری كوردستانی؛ كۆنفرانسێك كە تێیدا ڕوئیا و میكانیزمێكی زانستی و نیشتمانی بۆ پاراستنی ناوچە دابڕێنراوەكان و ڕێگری لە گۆڕینی دیموگرافی دابڕێژرێت. پاراستنی خانەقین و كەركووك، لە یەكڕیزیی هەولێر و سلێمانییەوە دەست پێدەكات؛ بەبێ چارەسەری قەیرانەناوەخۆییەكان، ناتوانین بەرگری لە سنوورەكان، شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بكەین.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا