
حەمەسەعید حەسەن
کوردستانی خۆش، نیشتمانی جوان
تۆ قیبلەگاهی منی بێ گومان
ئیسلامییەکان هەر لەسەر مارشی ئەی ڕەقیب نا، لەسەر ئەو شیعرە نیشتمانییە زێدە جوانەیشی، گێچەڵیان بە (دڵدار)ی عاشقی ڕاستەقینەی نیشتمان کردووە، گوایە ئەوە کوفرە، نیشتمان بە قیبلە بچوێنیت، هەرچەندە نالی کە زانایەکی مەزن بووە نەک جاهیل، گوتوویەتی:
کە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە قوربان
لەسەر قوبلە، دڵم مەشکێنە قوربان
سەرنج بدەن! لەکن مەلایەکی دوازدە عیلمی وەک نالی، ئاسایییە حەبیبە بە قیبلە بشوبهێنێت، کەچی لای ئیسلامی سیاسی، ئەوە کوفرە دڵدار کوردستان بە قیبلەی خۆی بزانێت.
قیبلە ئەو شوێنەیە کە موسوڵمان وەختی نوێژ ڕووی تێ دەکات، پێش کۆچی موحەممەد بۆ مەدینە، قیبلە لە قودس بوو، نەک لە مەککە، هەرچەندە ئەو وەختە قودس بەشێک نەبوو لە قەڵەمڕەوی ئیسلام. مارکس گوتوویەتی: "سەرهەڵدانی ئیسلام زادەی ئەوەبوو، مەککە و مەدینە هیچ بایەخێکی ئابوورییان نەمابوو، ئاخر ڕێی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا کە زووتر بە دوورگەی عەرەبی و زەریای سووردا تێدەپەڕی، گوێزرابووەوە بۆ کەنداوی فارس و لەوێشەوە بۆ زەریای ڕەش." کەواتە مەککە و مەدینە بۆیە کران بە دوو شاری پیرۆز، تا ببن بە دوو سەنتەری بازرگانی. شاری پیرۆز لە دونیادا زۆرن، بەڵام لای کوردی نیشتمانپەروەر، نە لە مەهاباد پیرۆزترن کە گڵکۆی قازی موحەممەدی لێیە، نە لە سلێمانی پیرۆزترن کە مەزاری شێخ مەحموودی لێیە.
دژایەتیکردنی ئیسلامییەکان بۆ مارشی (ئەی ڕەقیب)یش، هەر زادەی جەهل بوو، ئاخر ئیسلامییەکان بەدرێژاییی مێژووی خۆیان هەر جەهلیان بەرهەم هێناوە. مێگەلی دوای کۆمەڵی کۆنەئیسلامی کەوتوو، بۆیە دژی ئەی ڕەقیب بوون، چونکە گوایە دڵدار گوتوویەتی:
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زبان
نایشکێنێ (دانەر)ی تۆپی زەمان.
وای بۆ چووبوون: (دانەر)ی تۆپی زەمان: خوایە، بەڵام ڕاستییەکەی دڵدار گوتوویەتی: نایشکێنێ (دانەیی) تۆپی زەمان، دانە لەو ڕستە شیعرییەدا، بە مانای گولـلەتۆپ دێت، نەک خالیق! واتا: گولـلەتۆپی زەمانە، کورد ناشکێنێت، ئاخر بۆیە چوار ئەفسەرە شەهیدەکە گوتبوویان: دوای جەهل مەکەون! دینمانە ئایینمان هەر نیشتمان، ئاخر بەر لەوەی دین پەیدا ببێت، کوردستان: نیشتمانمان بووە، ئاخر پێش سەرهەڵدانی ئیسلام و کافراندن، کورد ئایینی تایبەت بە خۆی و کتێبی پیرۆزی تایبەت بە خۆی هەبووە، ئاخر ئەوە کوردبوون و کوردستانیبوونە کورد کۆ دەکاتەوە، نەک ئەم یان ئەو ئایین. ئاخر خۆ کورد هەموویان موسوڵمان نین، هەیانە لادینن کە نیوهێندەی دینداران دەبن، هەیانە جوون، هەیانە کریستیانن، هەیانە ئێزدیین، هەیانە زەردەشتیین و هەیانە یارسانن.