حەمەسەعید حەسەن

 

شیعرم دەخوێندەوە لەناکاو توانای بینینم لە دەست دا. دوا ڕەنگ کە بینیم، رەنگی زەرد بوو، سەرەتا ڕەنگی ڕەش و سوور لەبەر چاوم بزر بوون. خەڵک وا دەزانن نابینا لە تاریکیدا دەژی، بەڵام ڕاستییەکەی یەکەم ڕەنگ کە دیار نامێنێت، ڕەنگی ڕەشە. ئێستا کە نابینام، لەناو جەرگەی تەمومژێکی ڕۆشندا دەژیم، تەمومژێکی خۆڵەمێشیی شینباو، هەندێک جاریش تەمومژەکە بەسەر سەوزدا دەڕوانێت. باوکیشم تووشی نابینایی هات، داپیرم بە نابینایی کۆچی دوایی کرد، باوکی باپیریشم هەروەها، من نەوەی چوارەمی خانەوادەکەمانم کە تووشی نابینایی دەبم، دەمزانی ڕۆژێک دادێت، نابینا ببم.

ئەوپەڕی توانام دەخەمە کار، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاسان بنووسم و وشەی ئاسان بەکار بهێنم. لە ناخەوە هەست دەکەم، پێویستم بەوەیە بنووسم، بۆ ئەوە ژیام بەدەم هاواری ئەو پێویستییەوە بچم. برسییەتیم بۆ نووسین نیگەرانم دەکات، تا نەنووسم، تەمی ئەو نیگەرانییە ناڕەوێتەوە. شاعیری ئینگلیز: ڕودیارد کیپلینگ دەڵێت: (مانگ لە زەوی نزیک بووبووەوە، سواری بووین و بەڕێ کەوتین.) بەختەوەر کەسێکە ئینگلیزی زمانی دایکی بێت، ئاخربە زمانی ئیسپانیایی ناتوانین سواری مانگ ببین.

بڕوام بە ئیلهام هەیە، نووسین لای من بە ئیلهام دەست پێ دەکات کە تارماییی پیرۆز، یان خواوەندی شیعری پێ دەڵێین. من شیعرم لە خۆمەوە نزیکترە، وەک لە پەخشانم، کەچی هاووەڵاتییەکانم پەخشانی منیان لە شیعرم پێ خۆشترە. ڕەنگە پێتان سەیر بێت کە دەڵێم: کە دەنووسم بوار نادەم بیر و بۆچوونی خۆم دەست وەربداتە کارەکانمەوە. بەزەییم بەوانەدا دێتەوە شارەزایییان لە سایکۆلۆجیادا هەیە، ئاخر زۆر بایەخ بە خۆیان دەدەن و نزیکەی هەمیشە خەریکی شیکردنەوەی دەروونی خۆیانن. من هێشتا خۆم ناناسم، بڕوا ناکەم کەسیش خۆی بناسێت.

زانستێکی زۆر گرنگ هەیە کە زانستی ئاکارە، لەمێژە لێمان بزر بووە، ئەوە بۆیە خەریکە خۆری ویژدان ئاوا دەبێت و تاقە شتێک کە ئەو خەڵکە کۆ دەکاتەوە، بێئومێدییە. گرنگ ئەوەیە چۆن هەڵسوکەوت دەکەین، بیر و بۆچوون بایەخێکی زۆری نییە، من خۆم نەتەوەیی بووم، کۆمۆنیست بووم، دەمێکە ئەنارشیستم. ئێستا تەمەنم هەشتا و دوو ساڵە، زۆربەی کات لەناو نوێنی نەخۆشیدام، مردنم پێ خۆشترە لەم ژیانە، ئاخر پێم وایە، چی چیرۆکی جوانم دەزانی، هەموویانم گێڕاوەتەوە. ئەوەم بەلاوە گرنگ نییە، لەناو نووسینەکانمدا بە زیندوویی دەمێنمەوە یان نا.

 

جۆرج لویس بۆرخێس

١٨٩٩ – ١٩٨٦


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا