
ئەوە مارکس بوو، بۆ یەکەمین جار قسەی لەسەر ڕۆشنبیری ئۆرگانیک کرد کە لەکن ئەو، ڕۆشنبیرێک بوو، دەستی لە قازانجی تایبەتیی خۆی هەڵدەگرت و دەیدایە پاڵ پرۆلیتاریا. لە سەروەختی ڕێنیسانسیشدا، ڤۆڵتێر و رۆسۆ، هەر وایان کردبوو، بەرژەوەندیی خۆیان فەرامۆش کردبوو، دابوویانە پاڵ خەڵکی هەژار و بە بیری ڕۆشنیان، ڕێیان بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ی فەرەنسا خۆش کردبوو. مارکس لەگەڵ ئەوەدا نەبوو، ڕۆشنبیر کە چووە نێو بزووتنەوەی پرۆلیتاریاوە، ئیدی ببێتە پاشکۆی بڕیار و هەڵوێستی سەرانی ئەو بزاڤە و دەستبەرداری ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی خۆی ببێت.
لینین بە دۆگماکردنی فیکری گەیاندە لوتکە، کاتێک دونیای بەسەر ڕەش و سپیدا و ڕۆشنبیرانیشی بەسەر لایەنگران و دوژمنانی پرۆلیتاریادا دابەش کرد و بەرەی یەکەمی بەردایە گیانی بەرەی دووەم، بێ گوێدانە ئەوەی، بەرەی دووەم پڕبوو لەو ڕۆشنبیرانەی لایەنی دادپەروەری، ئازادی و پێشکەوتنیان دەگرت. ئەوی ئەو تێزانەی پەسەند نەکردبا کە بەلشەفیکەکان لەبارەی خەباتی چینایەتی و شۆڕشی پرۆلیتاریاوە بانگەشەیان بۆ دەکرد، لینین بە دوژمن هەژماری دەکرد و خۆی گوتەنی، فڕێی دەدایە زبڵدانی مێژووەوە. لینین بە مەبەستی دۆزینەوەی پاساو بۆ تێزەکانی، بەرهەمی گەورە نووسەرانی وەک: تورگنیڤ، پووشکین، تۆلستۆی، دەستۆیفسکی و گۆگۆڵی بەسەر دەکردەوە. لە سەردەمی ستالینیشدا، پێوەندیی هەر ڕۆشنبیرێک بە حیزبەوە، بە گوێرەی پێوەری لینین نەبووایە، دووچاری دوورخستنەوە و گرتن دەبوو.
(ماو)یش هەمان ڕێگەی تاقی کردەوە، سەردەمی شەڕی ڕزگاریخوازی و شۆرشی بەدناوی ڕۆشنبیری، ئەوی دژ بە هێڵی ئایدیۆلۆجیی ئەو با، بەر هەڵمەتی پاکسازی دەکەوت. لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوودا، سوپای سوور کە زۆربەی لە خوێندکاران پێک هاتبوو، بەدەم بڵندکردنەوەی کتێبە سوورەکەی ماوەوە، بە تۆمەتی بۆرژووابوون، ئەوپەڕی سووکایەتیی بە نووسەران و ڕۆشنبیران دەکرد و بە زۆرەملێ، بە پاساوی پەروەردەکردنیان، لە کارگە و کێڵگەکاندا دژوارترین کاری پێ دەکردن.
لە هەموو ڕێسایەکدا هەڵاوێردن هەیە، ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١ - ١٩٣٧) بۆچوونی جیاوازی بەرانبەر بە ڕۆڵی ڕٶشنبیری ئۆرگانیک هەبوو. لای ئەو ڕۆشنبیری ئۆرگانیک، کەسێک بوو، بە پێچەوانەی ڕۆشنبیری دێرین و ترادیشیۆناڵەوە بیری دەکردەوە و هەڵوێستی دەنواند. گرامشی دەیگوت: (ڕۆشنبیری نوێ ئەگەر لە ڕۆشنبیری کۆن دانەبڕابێت، ئەوا نە هیچی تازەی پێیە، نە پێوەندیی بە ڕەوشە کۆمەڵایەتییە نوێیەکەوە هەیە و هیچ نییە لە غەیری پاشماوەی واقیعی کۆنی بەبەردبوو، واقیعێک کە بووە بە مێژوو.) ڕۆشنبیری ئۆرگانیک لای گرامشی کەسێکە لە چینە شۆڕشگێڕەکەوە نزیکە، نەک کەسێکی خۆپەرست و ڕاڕا، کە بە پاساوی داکۆکیکردن لە ئازادیی خۆی، چەوساوەکان فریو بدات.
دوای ئەوەی حیزبە مارکسیستە ترادیشیۆناڵەکان، لە بواری پەیداکردنی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکدا، تووشی تێکشکان دێن، لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی پێشووەوە، جۆرە ڕۆشنبیرێکی نوێ سەرهەڵدەدەن کە لە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە، یاخی دەبن و بەرەی خەڵک هەڵدەبژێرن، ئەو خەڵکەی بانگەشە بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکات. (ڤاسلاڤ هاڤڵ)ی شانۆنامەنووسی چیک کە میللەت لە ١٩٨٩دا بە سەرۆکی وڵات هەڵیبژارد، نموونەی ئەو ڕۆشنبیرە یاخیبووانەیە.
ڕۆڵی ڕۆشنبیر بە پلەی یەکەم لەوەدا چڕ دەبێتەوە، ڕۆشنبیریی نوێ بەرهەم بهێنێت. ڕۆشنبیر دەبێت ئەوە بە ئیشی خۆی بزانێت کە جێ بە دیسکۆرسی زاڵ لێژ بکات و زمانێکی نوێ دابهێنێت، زمانێک پشتی بە زاراوەی نوێ قایم بێت. ڕۆشنبیر لە هیچ ڕەوشێکدا، مافی ئەوەی نییە لافی باوکایەتی لێ بدات و پێی وابێت، حەقیقەتی لەکنە. ڕۆشنبیر نابێت خەریکی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک بێت، ئاخر خۆی یەکێکە لەو خەڵکە، ئیللا مەگەر خەڵک ڕۆڵی دەمڕاستی خۆیانی پێ بسپێرن.
یەکێک لە ئەرکەکانی ڕۆشنبیر، ڕەخنەگرتنە لە حیزب، بۆیە ئەگەر لە حیزبەوە نزیک بوو، ئازادیی ڕەخنەگرتنی دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ئەگەر گوێڕایەڵی حیزب بوو، ناتوانێت وەکوو پێویست، ئەرکی سەرشانی وەک ڕۆشنبیرێک جێبەجێ بکات، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێزە، حیزب سنوور بۆ ئازادیی بیرکردنەوەی دابنێت. ستەمکار و ڕۆشنبیر هەردووکیان خەریکی گەمەن، ستەمکار گەمە بە ژیانی ئینسان و ڕۆشنبیر گەمە لەگەڵ وشەدا دەکات. ڕقی ستەمکار لە ڕۆشنبیر زادەی ئەوەیە، ڕۆشنبیر بە هۆی گەمەکردنەوە لەگەڵ وشەدا، لێ ناگەڕێت ئینسان مل کەچ بکات، ڕێ لە بەشتبوونی ئینسان دەگرێت، بوار نادات ئینسان لە کرۆکی ئینسانییانەی خۆی بەتاڵ ببێتەوە و وەک ڕۆبۆتی لێ بێت.
***
کە نە بڕوامان بە فرەیی هەبوو، نە بە جیاوازی و نە بە ڕەخنە لە خۆ گرتن، کەواتە پێمان وایە، بە لوتکەی باڵایی گەییشتووین، حەقیقەتی ڕەها لەکن خۆمانە و ئەوانەیشی لە گەڵماندا ناکۆکن، ڕێیان بزر کردووە و پێویستە بە خۆشی بێت، یان بە تۆپزی، بیانهێنینە سەر ئەو شاڕێیەی ئێمەی بە ڕاستی دەزانین. ئەوانەی بڕوایان بە هەبوونی ئەوانی دیکەی جیاواز نییە و هەر خۆیان بە ڕاست و لەسەرهەق دەزانن، کەسانێکن با ددانیشی پێدا نەنێن، ئاو بە ئاشی ستەمکاریدا دەکەن، ئاخر ناکرێت خۆمان پێ ئازادیخواز بێت و ددان بەوەدا نەنێین و کاری پی نەکەین، کە حەقیقەت ڕێژەیییە و ناکرێت هەمووی لای ئێمە چڕ بووبێتەوە.
بەشێکی باش لەوانەی خۆیان بە ڕۆشنفیکر لە قەڵەم دەدەن، لە ڕووی تیۆرییەوە، بڕوایان بەوە هەیە کە حەقیقەت ڕێژەیییە، وەلێ لە بواری پراکتیکدا، ئەوی وەک خۆیان بیر نەکاتەوە، نزم سەرنجی فیکر و توانای دەدەن و خۆیان لەو پێ باڵاترە. ئەو ڕۆشنفیکرە خۆبەزلزان و خۆپەرستانە، هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئەوانی دیکەی جیاواز دەدەن، ئاخر قەت ددان بە لێهاتووییی کەسێکدا نانێن، سەر بە گرووپی خۆیان نەبێت، با داهێنەرێکی مەزنیش بێت. جیاوازی یان فرەیی لە ئایین و کولتوور و بیرکردنەوەدا، قەدەری ئینسانە، ناتوانین لێی هەڵێین، ڕێز نەگرتن لەو ڕاستییە، ئەگەر زادەی ستەمکاری نەبێت، لە گەوجایەتییەوە هاتووە.
ئەوانەی خەڵکی غەیری خۆیان ڕەت دەکەنەوە، بێئاگان لەوەی، پێش ئەوەی کەسانی دیکە بکوژن، بکوژی خۆیانن، ئاخر دەرگەی گەشەکردن بە ڕووی خۆیاندا کڵۆم دەدەن، چونکە ئەوی پێی وابێت، حەقیقەت لای خۆیەتی و بە لوتکەی باڵایی گەییشتووە، ئیدی نە دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەکات، نە بە خۆیدا دەچێتەوە و نە قەت ڕەخنە لە خۆی دەگرێت، ئەم ڕێگەیەش ناچێتەوە سەر ئایندەیەکی گەش. کەواتە من کە تۆ ڕەت دەکەمەوە، بەوە نابمە کۆسپ لەبەردەم گەشەکردنی تۆدا، دەبمە بەربەست لەپێش ڕەوتی پێشکەوتنی خۆمدا. سەعید یاقتین دەبێژێت: (ئەگەر ڕەخنە لە خۆمان نەگرین و دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەکەین، ئیدی لە گۆڕان دەکەوین و بەردەوام بۆچوونە کۆنەکانمان کاوێژ دەکەینەوە.)
ئەوە سروشتی ئینسانە کە ناوبەناو یاخی دەبێت، ئاخر دەیەوێت خودی خۆی جێ بهێڵێت و خۆی نوێ بکاتەوە، ئاخر ئارەزووی لە گۆڕانە و حەزی لێ نییە لە ڕابردوودا قەتیس بێت، بۆیە ئەوە بۆ هیچ لایەنێک دەست نادات، تا سەر مافی ئەوانی دیکە پێشێل بکات.
(کۆنفیشیۆس) فێری کردووین: (ئەوەی بۆ خۆمان پێمان باش نییە، نابێت بەسەر کەسانی دیکەیدا بسەپێنین.) هیگڵ جوانی بۆ هاتووە کە گوتوویەتی: پێویستە هەموومان ددان بەوانی دیکەدا بنێین. (کانت)یش دەڵێت: (کەس مافی ئەوەی نییە، وەک کەرەسە و ئامێر سەیری ئەوی دیکە بکات، پێویستە وەک خودی سەربەخۆ و ئازاد سەرنجی هەموو ئینسانێک بدرێت.) ڕەخنەگر با دنیابینیشی لەگەڵ نووسەری ئەو بەرهەمەدا کە بەسەری دەکاتەوە، جیاواز بێت، هەر پێویستە بابەتیبوونی خۆی بپارێزێت. ئازادکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەبن هەژموونی ئایین، خۆشکردنی ڕێگەیە بۆ بەکولتووربوونی ڕێزگرتن لە فرەیی و جیاوازی.
*
