حەمەسەعید حەسەن

 

شمشاڵ چیرۆکی، دووری و دابڕان

دەگێڕێتەوە، دەفیش: ناڵەی دڵ

گریە و هاوارم، بۆ گوڵەباخ بوو

هیچم دەست نەکەوت، لە غەیری چقڵ

 

دڵم وەک شمشاڵ، تژییە لە کون

بۆیە هەمیشە، هەر ناڵەم دێ من

ڕێی دین بەر دەدەم، ڕێگەی دڵ دەگرم

بۆ ئەڤین دەژیم، بۆ ئەڤین دەمرم

 

(خامۆش) بە، دوژمن، چواردەوری داوین

بزانین یان نا، گیرۆدەی داوین

لە خۆمان وایە، ئازادین بەڵام

لای سوپای عەوام، بە دیل گیراوین

 

دڕکی هۆش لە پێی، دڵ دەر بهێنە

دەبینی ناخت، باخ و گوڵزارە

مینبەر جێ بێڵە، بۆ ڕیاکاران

وەک مەنسوور بڕۆ، بەرەو سێدارە.

 

لەنێو ئاگردا، ناوی بهێنم

دەستبەجێ ئاگر، دەبێ بە ڕووبار

ڕاست نییە دەڵێن، تەنیا و بێجێیە

لەمێژە دڵی، کردووم بە هەوار

 

من جارێ دیار و، جارێ نادیارم

من مەڕم کەچی، شوانم گورگێکە

کۆتری ڕۆحم، لەنێو قەفەزی

جەستەمدا دیلە، ساقی بۆم تێکە

 

کە گیانم سپارد

تەرمەکەم بەرن، بۆ لای دڵبەرم

ماچێکم بکا

دەستبەجێ ڕۆحم، دێتەوە بەرم


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا