و. حەمەسەعید حەسەن

 

هەندێ جار

دەڵێم بیکەم بە شەڕ

لەگەڵ ئەو کەسەدا

کە باوکی کوشتم و

ماڵەکەمانی خاپوور کرد و

ئاوارەی کردین

ئەگەر ئەو منی کوشت

ئیدی بۆ خۆم بە یەکجاری

پشوو دەدەم

ئەگەر من بەسەر ئەودا زاڵ بووم

ئەوا تۆڵەی خۆم کردووەتەوە!

بەڵام ئەگەر بەدەم شەڕەکەوە

بۆم دەرکەوت نەیارەکەم

دایکی هەیە چاوەڕێی دەکا

باوکی هەیە

دەستی لەسەر دڵیەتی

هەر کە کوڕەکەی

با چارەکە سەعاتێکیش بێ

لە کاتی گەڕانەوەی دوا دەکەوێ

ئیدی نایکوژم

با فرسەتیشی لێ بهێنم

نایکوژم ئەگەر بزانم

خوشک و برای هەیە

خۆشیان دەوێت و

تامەزرۆن بۆ دیداری

نایکوژم ئەگەر بزانم ژنی هەیە و

کە دەگەڕێتەوە

بە گەرمی پێشوازیی لێ دەکا

نایکوژم ئەگەر بزانم

منداڵەکانی بێ ئەو هەڵناکەن و

دڵیان بە دیارییەکانی دەگەشێتەوە

نایکوژم ئەگەر بزانم

برادەر و دراوسێ

خزم و ناسیاو

هاوڕێیانی قوتابخانە و زیندان

زوو زوو هەواڵی دەپرسن،

ئەگەر کەسێکیش بێ

تاک و تەنیا

نە دایکی هەبێ نە باب

نە خوشکی هەبێ نە برا

نە ژنی هەبێ نە منداڵ

نە هاوڕێی هەبێ نە خزم

نە ناسیاوی هەبێ

نە برادەری قوتابخانە،

خۆ ئەوسا منیش ناچم

تەنیایییەکەی تاڵترتر بکەم و

ژاراوی مەرگیشی پێ بنۆشم،

بەڵکوو فەرامۆشی دەکەم و

بەوە دڵی خۆم دەدەمەوە

کە پشتگوێخستن

جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە.(*)

 

*

 

(*) شیعری: شاعیری شیوعی: (تەها موحەممەد عەلی)یە (١٩٣١- ٢٠١١) کە فەلەستینییە، ساڵی ١٩٤٨ گوندەکەیان داگیر کراوە و ڕاگوێزراون. سەرەتا لە خوارووی لوبنان گیرساونەتەوە ودواتر گەڕاونەتەوە بۆ ناسرە. ١٥ی ئەپریلی ٢٠٠٦ ئەم شیعرەی نووسیوە کە ناوی ناوە: (تۆڵە) و تۆوی لێبوردەیی لە دڵی ئینساندا دەچێنێت.

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا