
ڕۆح (spirit)، له ڕواڵه‌تدا چه‌مكێكی دینییه؛ به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێرندا ده‌بێته چه‌مكێكی فیكری و مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی. خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر دینی و ئوستووره‌یی بووه، به‌ڵام له دونیای نوێ‌دا كاركردێكی تر وه‌رده‌گرێت؛ كه كه‌مێك زایه‌ڵه كۆنه‌كه‌ی هه‌ر پێوه ماوه. به مانایه‌كی تر، ڕۆح وشه‌یه‌كه به چه‌ندین وێستگه‌دا هاتووه كه دوایینیان تاڕاده‌یه‌كی زۆر زه‌مینی و مرۆیی بووه‌ته‌وه.
له دونیای كۆندا، ڕۆح وه‌ك هێزی ژیان سه‌یركراوه كه له‌ناو له‌شدا نیشته‌جێیه و دوای له‌شیش ده‌مێنێته‌وه. واته كرۆكێكی نه‌گۆڕی هه‌یه و بارده‌كات بۆ دونیایه‌كی تر. ئه‌م دیده تا ناو دینی ئیسلامیش ماوه‌ته‌وه. هه‌ر له كۆندا لای یۆنانییه‌كان و به‌تایبه‌ت لای هیراكڵیتۆس، ڕۆح شتێكی ئاگراوی بووه و به‌رده‌وام گڕاوه. لای ئه‌فلاتوون (له دایالۆگی فایدۆن دا)، ئه‌و مۆدێله ده‌گاته لوتكه كه باسمانكرد؛ ئه‌وه‌ی وا ڕۆح وه‌ك بوونێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و جێیه‌ی لێیه‌وه هاتووه. لای ئه‌رستۆ گۆڕان به‌سه‌ر چه‌مكه‌كه‌دا دێت: ئه‌و ڕۆح به فۆرمی له‌شه سرووشتییه‌كه ده‌زانێت، به ئینتلیچه، واته ڕۆح كاركرد و كرده‌كێتیی له‌شه. وه‌كچۆن بینین، كاركرد و كرده‌كێتیی چاوه. بۆیه ڕۆح به‌بێ له‌ش مانای نییه (واته پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتوون ده‌بێته‌وه و هه‌ردووكی لێك نزیكده‌كاته‌وه).
له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، قه‌شه ئۆگه‌ستین، هه‌مان دیدی ئه‌فلاتوونیی بۆ ڕۆح هێنا و لكاندییه مه‌سیحییه‌ته‌وه. ڕۆحی وه‌ك جه‌وهه‌رێكی ڕووه‌و خودا ناساند كه له‌ڕێی ئیشراق (ڕووناكبوونه‌وه‌ی ناوه‌كی)یه‌وه له حه‌قیقه‌ت تێده‌گات. واته خودا له ڕۆح‌دا نیشته‌جێیه، به‌ڵام ڕۆحیش پێویستی به ویستێكی زیاتره بیدۆزێته‌وه. له دونیای ئیسلامدا، به‌ده‌ر له دینه‌كه كه هه‌ر گواستنه‌وه‌یه‌كی كه‌متازۆری دیده ئه‌فلاتوونییه‌كه‌یه؛ لای ئیبن سینا و مه‌لا سه‌درا قسه‌وباس له‌سه‌ر ڕۆح كراوه: لای سینا، مرۆی هه‌ڵواسراو هه‌یه، ئه‌وه‌ی له بۆشاییدا خۆی گرتووه و هیچ هه‌ستێكی له‌مه‌ڕ له‌شی خۆی نییه و ئاگامه‌نده. هیچ ئه‌ندامێكیشت نه‌بێت، هه‌ر ئاگامه‌ندیت، و ئاگاییت به‌رامبه‌ر خۆت هه‌یه. دیاره ئه‌م دیده، دابڕاو نییه له‌وه‌ی كه‌له‌پووری پێشوو كه ڕۆح دیارده‌یه‌كی نامادییه. ئه‌مه بڕێكیش ڕێخۆشكردنه بۆ دیكارت كه دواتر ڕۆح بگۆڕێت بۆ زه‌ین، بۆ زه‌ینێكی بیركه‌ره‌وه كه جه‌وهه‌ری مرۆڤ و به‌تایبه‌ت مرۆی مۆدێرنه. لای مه‌لا سه‌دراش، سه‌ره‌تا مادییه به‌ڵام دوایی له په‌ره‌سه‌ندنی خۆیدا نامادی ده‌بێته‌وه. فه‌لسه‌فه‌كه‌ی بۆیه به "جووڵه‌ی جه‌وهه‌ر" ناوده‌برێت، چونكه جیهان له جووڵه‌دایه و به‌رده‌وام ده‌گۆڕێت. به‌ڵام له كام جیهاندا؟ دیاره جیهانێك كه هێشتان خودای تیا نه‌مردووه. ڕۆح و له‌ش لای مه‌لا سه‌درای شیرازی، سه‌ر به یه‌ك پرۆسه‌ن كه ده‌گۆڕێن. ئه‌م دیده، كه‌متاكوت فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵمان بیرده‌خاته‌وه:
لای هیگڵ، چه‌مكی ڕۆح ده‌بێته چه‌مكێكی مێژوویی و مرۆیی. هه‌تا گه‌ر چه‌مكه‌كه‌ی له مه‌سیحییه‌ته‌وه هێنابێت، لای ئه‌و له ناوكه مه‌سیحییه‌كه‌ی داده‌ماڵرێت. بۆ نموونه، ڕۆح له گشتگیری و گه‌وره‌ییدا هه‌ر له خودا ده‌چێت، به‌ڵام خودایه‌كه دێته ناو مێژووه‌وه، ده‌بێته چالاكیی سرووشتی و مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد، بۆیه‌شه كتێبه‌كه‌ی خۆی "فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح" به ژیاننامه‌ی خواوه‌ند ناوده‌بات. واته مێژووی مرۆڤ له كۆتاسنووردا، وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی خودا وایه، به‌ڵام له‌ناو كه‌له‌سه‌ری مرۆڤدا، له‌نێو ئاگایی مرۆیی‌دا. به‌م پێیه، هیگڵ چه‌مكه‌كه تا ئاستێكی زۆر ده‌كاته چه‌مكێكی زه‌وینی.
ماركس ئه‌م دیده هیگڵییه هه‌ڵده‌گرێته‌وه، به‌ڵام كه‌رتێك ده‌خاته چه‌مكه‌كه‌وه و ده‌ڵێت مێژووی مرۆڤ دووله‌ته نه‌ك پرۆسه‌یه‌كی لێشاوه‌كیی یه‌كدانه‌یی. به ده‌ربڕینێكی ساده‌تر، واته مێژوو له ململانێ پێكهاتووه، ئه‌ویش ململانێی شارستانییه‌ته‌كان و میلله‌تان نا، به‌ڵكو ململانێی چینه‌كان و به‌ریانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. ماركس چه‌مكی ماده‌شی خسته جێی ڕۆح، و وتی هیگڵم له‌سه‌ر سه‌ره‌وه خستووه‌ته‌وه سه‌ر قاچ. ڕۆح به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجی مادییه و شتێكی بێلایه‌نی گشتگیر نییه؛ به‌ڵكو زاده‌ی كاری مرۆڤه له سه‌رده‌مه جیاجیاكاندا.
له ده‌روونشیكاری و ده‌مارناسی دا، گۆڕانی تر به‌سه‌ر چه‌مكی ڕۆح‌دا دێت. ده‌روونشیكاری ده‌روون ده‌كاته جێی ئاگایی و نائاگایی. ڕۆح بریتییه له ململانێی نێوان ئه‌م دوو هه‌رێمه ناوه‌كییه. له‌م ململانێیه‌دا وزه‌یه‌ك خه‌رجده‌بێت به‌ناوی لیبیدۆ. لیبیدۆش چه‌مكێكی فیزیكیی-میتاسایكۆلۆژییه، واته بڕی هه‌یه و نه‌ست مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كات. له ده‌مارناسی دا، ڕۆح به‌ره‌و كاركردی مێشك ده‌هێنرێت. ڕۆح چیدی تارماییه‌ك، یاخۆ هێزێكی نادیار نییه له له‌شدا؛ به‌ڵكو به‌رهه‌می چالاكییه ئه‌لیكترۆكیمیایی نیورۆنه‌كانن.
چه‌مكی ڕۆح، وه‌ك چه‌مكه مرۆییه‌كانی تر هه‌ر له گه‌ڕدا ده‌بێت و به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان و گوتاره‌كان و كه‌لتووره‌كان ڕه‌هه‌ندی ده‌چێته‌سه‌ر یاخۆ لێی داده‌شكێت.
