
جه‌سته، چه‌مكێكی دێرینی مێژووی بیركردنه‌وه‌یه. ئه‌ویش وه‌ك چه‌مكه‌كانی تر، به‌رزونزمی زۆری به‌خۆوه دیوه. بۆ نموونه له زیندانی ڕۆحه‌وه تا ده‌گاته سه‌رده‌می خۆمان، وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ بنكه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ژیان (كه ته‌نانه‌ت ڕۆح ده‌بێته بار به سه‌ریه‌وه).
جه‌سته، له زمانی كوردی دا، ڕوویه‌كی چه‌مكایه‌تی تری هه‌یه به‌راورد به له‌ش. جه‌سته هی ناو كتێبه، له‌س پتر مادییه، ڕۆژانه‌یی، پیاده‌كه‌ر. وێڕای ئه‌مه‌ش، جاروبار هه‌ر له‌بری یه‌ك به‌كاردێن. ئه‌ندام، به‌ده‌ن، گیان، لاشه‌ش هه‌ر به‌كاردێت.
جه‌سته، له یۆنانی كۆندا هاوشانی ڕۆح به‌كارهاتووه؛ به‌ڵام وه‌ك زیندانی ڕۆح سه‌یركراوه. ئه‌فلاتوون ده‌ڵێت "جه‌سته قه‌فه‌سه و ڕۆحیش باڵنده‌یه‌كی زیندانیی ناو ئه‌م قه‌فه‌سه". ڕیشه‌ی میتافیزیكیی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌و ڕوونه. ڕۆح ده‌بوو بفڕێت، بچێته دنیایه‌كی تر، به‌ڵام جه‌سته ناهێڵێت. جه‌سته خۆیشی نوێنه‌ری غه‌ریزه‌كان و ئاره‌زووه نزم و دونیاییه‌كانه. ئه‌م دیده تا سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیش مایه‌وه، له‌ش شوێنی شه‌یتان بوو، گوناهكار بوو. ئه‌م دیده بۆ دینه‌كانی تریش گوازراوه‌ته‌وه، كه ئیسلام یه‌كێكه له‌وانه.
به‌و پێیه‌ی فیكری خۆرئاوا، پێشه‌نگه له شكاندنی دیدگاكاندا، دیكارت كۆتایی به دیدی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و پێشتریش بۆ جه‌سته هێنا. گه‌رچی دیدی دیكارت، ته‌واو ڕزگاركه‌ر نه‌بوو؛ به‌ڵام هه‌نگاوێك پرسه‌كه‌ی برده‌پێش: دیكارت وتی جه‌سته وه‌ك ده‌زگایه‌كی میكانیكیی ئاڵۆز وایه، ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر ئامێرێكی تر كه خراپ بوو ده‌بێت چاككرێته‌وه (بۆ نمونه له‌ڕێی پزیشكییه‌وه). پاش تێپه‌ڕین به ڕۆشنگه‌ری و سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، فۆكۆ جه‌سته‌ی وه‌ك شوێنی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات بینی. به‌تایبه‌ت جه‌سته‌ی مرۆی مۆدێرن كه ته‌واو تێكةڵی سیسته‌م و ده‌زگاكان ده‌بێت. بۆ نمونه، له نۆره‌ی شتێك‌دا ده‌وه‌ستیت، و به‌پێی ئه‌و نه‌زمه ده‌جووڵێیته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی باو بۆی دیاریكردوویت. یان له ئاڵۆزترین نمونه‌ی خۆیدا: چه‌پاندنی جه‌سته له گوتاری سیاسیی كۆمه‌ڵگایه‌كدا.
جه‌سته له‌ناو فه‌زای دیجیتاڵدا، كه‌مێك گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت؛ به‌ڵام له گوژمه فیزیكی-له‌شمه‌نده‌كه‌ی پاكنابێته‌وه. واته ئێمه له فه‌زای مه‌جازی دا، نابینه وه‌هم و تارمایی؛ به‌ڵكو هه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی ڕێژه‌یی جه‌سته واقیعییه‌كه‌مان ده‌كه‌ین. له‌م ڕووه‌وه، و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانیشدا، جه‌سته هه‌ر به‌شێكه له سرووشت؛ به‌ڵام گۆڕان به‌سه‌ر پێناسه و كاركرد و شوێنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یدا دێت.
جه‌سته، ڕووه ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤه كه گه‌رچی سه‌ره‌تاكانی بیكردنه‌وه سووك سه‌یرده‌كرا؛ به‌ڵام تادێت بایه‌خ وه‌رده‌گرێت. له‌پاڵ ستایشی ڕۆح و ده‌رووندا، له گوتاره نوێیه‌كاندا باسی جه‌سته‌ش زۆر ده‌كرێت. په‌ره‌سه‌ندنی وه‌رزش له‌مڕۆی جیهاندا، ئاوڕدانه‌وه‌یه له جه‌سته. به‌ڵام هه‌ر له‌م ده‌وروزه‌مانه‌دا، جه‌سته له فۆرمی نوێشدا ده‌چه‌وسێنرێته‌وه. مرۆڤ سه‌ره‌تا له‌ڕێی جه‌سته‌وه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، پاشان چه‌وسانه‌وه‌كه سه‌رده‌كێشێت بۆ ڕه‌هه‌نده په‌تییه‌كانی.
جه‌سته، له زمان و كه‌لتوری میله‌تاندا، ده‌ركه‌وته‌ی جۆراوجۆری هه‌یه. له زمان و كه‌لتوری كوردی دا، چه‌ندین ئیدیۆم و ده‌ربڕینمان هه‌یه كه هه‌م له‌ش ده‌گه‌یه‌نن و هه‌م ڕۆح-ده‌روونیش. بۆ نمونه كورد ده‌ڵێت "له‌شم پیس بوو". یان ده‌ڵێت "گیانم دێشێت"، واته له‌ش و ڕۆحیشم پێكه‌وه ژانده‌كات.
