
بت (idol)، چه‌مكێكه له بواری دینناسی و ده‌روونناسی و مێژوو و فه‌لسه‌فه‌شدا به‌كاردێت. كوردزمانێك له‌مڕۆدا وشه‌كه به دوو مانا به‌كاردێنێت، مانایه‌كی مه‌جازی و مانایه‌كی حه‌قیقی. له مانا مه‌جازییه‌كه‌یدا، بت بۆ ڕه‌قهه‌ڵاتنی پیرۆزییه‌ك به‌كاردێت كه ئه‌گه‌ری كرانه‌وه و پیاچوونه‌وه‌ی تیا نه‌ماوه. بۆ نمونه، بتی كه‌لتوری و سیاسی و هتد. له مانا ده‌قاوده‌ق و حه‌قیقییه‌كه‌شیدا، بت هه‌ر ئه‌و ئۆبێكته‌یه وا سه‌رده‌مانی كۆن په‌رستراوه.
له سه‌رده‌مانی كۆندا (بۆ نمونه سێ بۆ چوارهه‌زار ساڵ پێش زایین)، له میزۆپۆتامیا و میسری كۆندا یه‌كه‌مین په‌رستگاكان چێ كران و بتی شێوه‌مرۆڤیان تیا دانرا. بت له‌وده‌مدا، ڕه‌هه‌ندێكی سیاسییشی هه‌بوو. فه‌رمانڕه‌وای شار و ده‌ڤه‌ره‌كه، له‌ڕێی بته‌كانه‌وه ڕه‌وایه‌تیی سیاسیی وه‌رده‌گرت. بێ له‌وه‌ی هه‌ر شارێك بتی تایبه‌ت به خۆی هه‌بوو، بۆ وێنه مه‌ردۆك بۆ بابلییه‌كان و ئامونیش بۆ خه‌ڵكی تبس. دواتر كه ئیبراهیمی په‌یامبه‌ر دێت، قه‌یران بۆ چه‌مكی بت درووستده‌بێت و له شاری ئور بته‌كان ده‌شكێنێت. ئه‌مڕۆ كرداره‌كه‌ی ئیبراهیم وه‌ك ژێستێكی شۆڕشگێڕانه پیشانده‌درێت، و دزه‌یكردووه‌ته نێو زمانیشه‌وه؛ به‌ڵام به ڕای هه‌ندێك، بتی گۆڕی به خودایه‌كی نادیاری تاك‌وته‌نیا كه له دیدی مۆدێرنه‌وه گۆڕینی كۆیلایه‌تییه‌ك بوو به كۆیلایه‌تییه‌كی تر (ترسناكتر). له فه‌لسه‌فه‌دا، بت كه‌مێك له ماناكه‌ی ترازێنراوه و جار هه‌یه هه‌ر جووڵه‌یه‌كی بچوكه له بته مادییه‌كه‌دا. جاریش هه‌یه كراوه‌ته میتافۆر. بۆ نمونه، فرانسیس بیكۆن، فه‌یله‌سوفی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌ی ئینگڵیز، بتی وه‌ك دۆخێكی زه‌ینی وێناكرد كه ناهێڵێت مرۆڤ پێشبكه‌وێت. بۆیه چوار جۆر بتی ژمارد: بته‌كانی هۆز (خێڵ)، بته‌كانی ئه‌شكه‌وت، بته‌كانی بازاڕ، و بته‌كانی شانۆ. به‌پێی جۆری یه‌كه‌میان، زه‌ینی مرۆڤ كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه هه‌ڵدێنێت و هه‌میشه واقیع ساده‌ده‌كاته‌وه. به‌پێی دووه‌میشیان، تاك هه‌وڵده‌دات خۆی بكاته پێوه‌ری هه‌موو جیهان كه هه‌ڵه‌یه. له سێیه‌میاندا، بازاڕ واته فه‌زای گشتی، و زمان له هه‌وانته به‌كاردێنین. به‌گوێره‌ی چواره‌میش، سیسته‌مه فیكری و فه‌لسه‌فی و هونه‌رییه‌كان ده‌توانن وه‌رگه‌ڕێن بۆ بت كه ته‌نیا میكیاژی جیهان ده‌كه‌ن. بت له زه‌ینی كوردێكدا، ئه‌مه‌ی چواره‌م وه‌بیردێنێته‌وه.
بت لای ماركس، ده‌بێته دیارده‌یه‌كی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر زه‌وی. واته چیدی ته‌نێكی ڕه‌ق نییه كه ئاماژه بۆ هێزگه‌لی نادیار و تارماییئاسا بكات. ماركس چه‌مكی "فیتیشیزمی كاڵا" به‌كاردێنێت. فیتیش، واته بت، به‌ڵام ئه‌م بته له بیركردنه‌وه‌ی ماركسدا گوزارشته له‌وه‌ی كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه كاڵاییه‌ی درووستبووه، مرۆی مۆدێرن كۆنترۆڵده‌كات. كۆپه‌یوه‌ندییه كاڵاییه‌كان بتن، و گه‌رچی مه‌خلوق و ده‌ستكردی مرۆڤ خۆین، كه‌چی فه‌رمانڕه‌وای مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه. لای فرۆید، بت یان فیتیش، هه‌موو ئه‌و ئۆبێكتانه ده‌گرێته‌وه كه ترسێكی پێ ده‌شارینه‌وه و شانمونه‌ی ئه‌و ترسانه‌ش خه‌سانن. بۆ نمونه، پیرۆزكردنی سه‌ركرده‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی واقیع نه‌مانخه‌سێنێت و به‌رگه‌ی بگرین. هه‌ندێك بیریاری نوێتر، "نكۆڵیی فیتیشیستی"یش به‌كارده‌هێنن كه سوبێكت به‌رده‌وام نكۆڵی له‌و شته ده‌كات كه ده‌زانێت هه‌یه یان ڕوویداوه (ده‌زانم ژینگه وێرانه، به‌ڵام وا خۆم ده‌رده‌خه‌م هێنده‌ش وێران نییه...)
سه‌ره‌نجام، بت وه‌ك وشه‌یه‌ك له‌ناو زماندا ده‌مێنێته‌وه كه ده‌لاله‌ت له زۆر دیارده‌ی مادی و نامادی ده‌كات پێكه‌وه.
