
حیزب (یان پارت)، چه‌مكێكی سیاسیی گرنگه. وشه‌كه له عه‌ره‌بییه‌وه كورداوه، و هاوشانی ئینگڵیزییه‌كه‌شی هه‌ر به واتای به‌ش، پارچه، كه‌رت دێت. له په‌یوه‌ندی دا به هاوكێشه‌ی گشت و به‌شه‌وه، حیزب ئه‌و به‌شه‌یه كه ده‌یه‌وێت نوێنه‌رایه‌تیی گشت كۆمه‌ڵگا بكات به‌ڵام ئه‌م ئامانجه‌ش هه‌میشه تووشی ته‌نگژه بووه.
حیزب، به‌و مانایه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یناسین، خۆی دیارده‌یه‌كی مۆدێرنه. دیارده‌كه پتر په‌یوه‌ندیی به له‌دایكبوونی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه هه‌یه، كه خۆی ڕووخساری زاڵی مۆدێرنه‌یه. سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده، و بگره به‌ر له‌وه‌ش حیزب به‌شێك بوو له ئاگایی سیاسیی ئه‌ورووپییه‌كان، حیزب له پارله‌مانه‌كانی ئه‌ورووپادا هه‌بوو، بۆ نمونه له ئینگلته‌را (حیزبی ویگ و تۆری). به‌ڵام ئه‌م حیزبانه، حیزبی نامۆدێرنی پارله‌مانی بوون كه له خه‌ڵكی ڕیشسپی و ئه‌رستۆكرات یان بۆرژوا پێكهاتبوون. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ئۆرگانییان به خه‌ڵكه‌وه نه‌بوو. دواتریش، شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسا كه‌مێك مانای حیزبی گۆڕی. یه‌عقوبییه‌كان، كه باڵی توندڕه‌وی شۆڕش بوون، یانه‌یه‌كیان هه‌بوو به‌ناوی یانه‌ی یه‌عقوبییه‌كان. ئه‌وان حیزبیان له دیارده‌یه‌كی وه‌ك زاره‌كی و ناوه‌ندی پیاوماقوڵانه‌وه گۆڕی بۆ ناوه‌ندێكی ئایدۆلۆژی كه ده‌بێت كۆمه‌ڵگا به‌زه‌بری هێز و بیر بگۆڕێت.
ماركسیزم، وه‌ك ئایدیایه‌كی مۆدێرن، حیزبی له‌و قه‌واره به‌رته‌سكه‌وه گۆڕی بۆ قه‌واره‌یه‌كی گه‌وره‌تر- له هۆڵه‌كانه‌وه بۆ شه‌قام و كارگه و هتد. حیزب، لای ماركس و ئه‌نگڵس پتر پێشه‌نگێكی فیكری بوو كه ده‌بوو ئاگایی چینایه‌تی بگوازێته‌وه بۆ نێو مێشكی كرێكاران. به‌ڵام دوای لینین، حیزب ناواخنێكی كه‌متاكوت سه‌ربازی و شۆڕشگێڕانه‌ی وه‌رگرت كه ده‌بوو هه‌ر خۆیشی شۆڕش ئه‌نجامبدات. ئه‌م دیده‌ش، دیسان دابڕاو نه‌بوو له دیدی ماركسی و ڕیشه هیگڵییه‌كه‌ی ماركس كه حیزب نوێنه‌ره‌وه‌ی شتێكی له خۆی گه‌وره‌تره.
حیزبی سۆسیاڵ دیموكراتی ئه‌ڵمانیا، له ساڵی 1875 وه‌ك نوێنه‌ری حیزبی مۆدێرن دامه‌زراند كه لینین به‌شی خۆی سودی لێ وه‌رگرت. له‌م چه‌شنه حیزبه‌دا، خه‌ڵك پێده‌گه‌یه‌نرا. بۆ نمونه، ڕۆژنامه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه، سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنی هه‌بوو، بووجه‌ی بۆ كاروباری جیاواز ته‌رخانده‌كرد.
له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، حیزب وه‌ك دیارده‌یه‌كی مۆدێرن هه‌ڵتۆقی كه پێكهاته‌كه‌ی ڕۆشنبیران و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست بوون. له سه‌رده‌می مه‌شرووته‌دا له ئێران، حیزب ئه‌ركی ئه‌وه بوو ده‌سه‌ڵاتی پاشا سنورداربكات و یاسا سه‌روه‌ر بێت. ئه‌م حیزبه نوخبه‌ییانه، به‌رگه‌ی دۆخه‌كه‌یان نه‌گرت چونكه جه‌ماوه‌ری نه‌بوون. له‌و نێوانه‌دا، نمونه‌ی تری وه‌ك "ئیخوان موسلیمین" له كۆتایی ده‌یه‌ی بیستدا هاته‌كایه‌وه كه له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن به‌ناوه له میسر دامه‌زرا. ناواخنی ئه‌م جۆره حیزبه، كه دواتر چه‌ند وڵاتێكی تریشی گرته‌وه، تێكه‌ڵكردنی ئیسلام بوو به ده‌وڵه‌ت كه هاوكات قورئانیش ده‌ستور بێت. ئه‌م حیزبه، كه‌متاكوت په‌یكه‌ر و مۆدێلی خۆی له حیزبی به‌لشه‌فیكه‌وه هێنابوو، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكێكی كۆنه‌په‌رستی پێ دابوو. له‌بری چین، ئوممه‌تی كرده به‌رده‌نگی خۆی. سه‌ره‌تاش وه‌ك خێزانێك خرایه‌ڕوو كه مسوڵمانانی تیا په‌روه‌رده ده‌كرێت.
ده‌یه‌ی چل بۆ حه‌فتاش، له‌ژێر كاریگه‌ریی ماركسیزمی ڕووسی و فاشیزمی ئه‌ورووپییدا، حیزبی ئایدۆلۆژی و ناسیۆنالیستی سه‌ریانهه‌ڵدا. حیزبی تووده‌ی ئێرانی، به‌عسی عێراقی، و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی ناسری له‌وانه بوون. هه‌ندێك له‌و حیزبانه، خۆیان بوون به ده‌وڵه‌ت یان حیزبی ده‌وڵه‌تی.
له سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی سێیه‌می سه‌ده‌ی بیستدا، حیزبی شیوعیی عێراق دامه‌زرا. ده‌یه‌ی دواتریش، پارتی دیموكراتی كوردستان. له پانزه ساڵی ڕابردوودا له كوردستان، له‌بری حیزب، پتر فراكسیۆنی پارله‌مانی یاخود بزووتنه‌وه و بزاڤی جیاوازتر په‌یدابووه كه هۆكاری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وێنه نه‌رێنییه‌ی حیزب كه دوای ئه‌زموونی پارتی و یه‌كێتی له هه‌رێمی كوردستان جێ‌ما. پارتی و یه‌كێتی، ئاوێته‌یه‌كن له فۆرمێكی مۆدێرن به‌ڵام ناوه‌ڕۆكێكی خێڵه‌كی و شه‌خسپه‌رستانه.
