
ڕائد فەهمی، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، جەخت لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و دادپەروەرانە لە سیستەمی دارایی و ئابووریی عێراقدا دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی مووچەی سەرۆکایەتییەکان و پلە باڵاکان هەنگاوێکی ڕاستە، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی دیدگایەکی گشتگیردا بێت بۆ چاکسازیکردن لە سەرجەم مووچە، کرێ، دەرماڵە و خەرجییە حکومییەکاندا.
ڕائد فەهمی لە پۆستێکدا، کە لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە، حزبی شیوعی هەمیشە داوای کەمکردنەوەی جیاوازییە گەورەکانی نێوان ئاستی مووچە لە عێراقدا کردووە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەم کێشەیە تەنها بە کەمکردنەوەی مووچەی بنەڕەتی چارەسەر نابێت، چونکە دەرماڵە و ئیمتیازاتە هاوپێچەکان بەشێکی گەورەی کێشەکەن و لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە بەهایان لە مووچەکەش تێپەڕ بکات، بۆیە داوا دەکات کە پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەدا بکرێت و پشت بە پێوەرێکی روون و دادپەروەر ببەستێت کە کارا و شارەزایی و بەرپرسیارێتی لەبەرچاو بگرێت و سەرجەم خەرجییەکانی وەک گەشت و نیشتەجێبوونی پلە باڵاکان بگرێتەوە.
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق، داوا دەکات ئەم ڕێکارانە هاوتەریب بن لەگەڵ چاککردنی میکانیزمەکانی بودجەی گشتی بۆ ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی کە دەبێتە دەروازەیەک بۆ گەندەڵی.
جەختیشی دەکاتەوە کە چاکسازی دەبێت پڕۆسەیەکی پیشەیی و بابەتیانە بێت بۆ سووککردنی باری سەر شانی بودجە و کەمکردنەوەی جیاوازیی داهاتەکان، بەبێ ئەوەی ببێتە ڕێکارێکی سزایی بۆ سەر چینێکی دیاریکراو، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی پرسێکی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکاندا بەڕێوە بڕوات و دوور بێت لە کاردانەوە و هەڵوێستە سیاسییە کاتییەکان.
