هۆشیاری عەبدولعەزیز

 
ڕەهەندەکانی پشت قەیرانی ئەمڕۆی فەرەنسا و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە و ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی کە لە خوێندنگەیەکەوە دەستی پێکردوو، بووە سەرچاوەی بزاوتێکی بەرفراوانی جەماوەری، تەنها کێشەیەکی کاتی یان قەیرانێکی ڕووکەشی  پەیوەست بە تەنها پرسی دادپەوەری پەروەردە و ناوەندە پەروێزخراوەکانەوە نییە. وەک ئەوەی لە سیاقی کایەی گرژیەکاندا ئاماژەی بۆ دەکرێ، بەڵکو ئەوەی ڕوودەدا  لوتکەی زنجیرەیەک شکستە کە ڕەگ و ڕیشەی لە هزری نیولیبرالیزم و سیاسەتە ئابوورییە سەپێنراوەکانی چەند دەیەی ڕابردوودا هەیە. ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لە شەقامەکانی پاریس و شارە گەورەکانی تری فەرەنسا بینرا، لە خۆپیشاندانەکانی "هێلەک سوورو زەردەکان"ـەوە تا ناڕەزایەتییە بەهێزەکانی دژ بە چاکسازییەکانی خانەنشینی، تەنها کاردانەوەیەکی لاوەکی دۆخێک نەبوو بەرامبەر بە پڕۆژە بڕیارێکی ئیداری، بەڵکو هاوکێشەیەکی قووڵی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناهاوسەنگ بوو کە تێیدا دەوڵەت ئەرکە مێژووییەکەی خۆی لە پاراستنی چینی ناوەڕاست و کەمدرامەتەکان فەرامۆش دەکات و تەنها بەرژەوەندییە داراییە سەرەکییەکان و سەرمایە گەورەکان دەپارێزێت.
هەرچەند ئەم دۆخە تەنها تایبەت نییە بە فەرەنسا، بەڵکو ئەوەتا زۆر لە وڵاتانی تری خۆراوا دووچاری هەمان ئاراستە بوونەتەوە، تێوەگلانی خۆر ئاوا لەم تووڕەیە و کڵپە سەندنی بزاوتەکە ئاوا بە خێرایی بۆخۆی نیشانەی نەخۆشییەکی گشتگیرە کە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خۆراوا و سیستەمە دیموکراتییە پیشەسازییەکانی داپۆشیوە. لە کایەی سیاسی و ئابووری ئێستاشدا، کێبڕکێی ئابووری و گلوبالیزاسیۆن وایکردووە کە دەسەڵاتدارانی کیشوەرە ساردەکە  ژێرخانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مافە بەدەستهاتووەکانی کرێکاران و چینە پەراوێزخراوەکە بکەنە قوربانیی هاوسەنگی ئاراستەی بازاڕ و ئەو هاوکێشە مەترسیدارەی کە نیۆلیبرالیزم لە پڕۆژەی بەکاڵاکردنی مرۆیدا دەستی داوەتێ. چونکە ئەوەی پێی دەگوترێت "دیموکراسیی لیبرالی" لە زۆر ڕووەوە بووەتە قەڵایەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی سیستەمەکە کە لە دەرەوەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە مامەڵە دەکات. کاتێک هاووڵاتییەک لە وڵاتێکی وەک فەرەنسا هەست دەکات سەرەڕای بوونی دەزگەی دیموکراتی و مافی دەنگدان، دەنگەکەی لە بەرامبەر بڕیارە تاکڕەوەکانی سەرۆک و حکومەتدا بێبایەخە، بێگومان ناچار دەبێت پەنا بۆ شەقام و ناڕەزایەتی تووند بەرێت. لێرەدایە کە قەیرانی متمانە دروست دەبێت؛ قەیرانێک کە تێیدا دامەزراوە فەرمییەکان وەک نوێنەری گەل نا، بەڵکو وەک کارگێڕی کارەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بازاڕە ئابوورییەکان دەردەکەون.
سیاسەتەکانی ئیمانوێل ماکرۆن و حکومەتەکەی لە فەرەنسا، نموونەیەکی زەق و ڕوونی ئەم شێوازە تووندە لە بەڕێوەبردنن، کە زۆر جار بە "نیولیبرالیزمی دەسەڵاتخواز" ناودەبرێت. لەم دیدگایەدا، پێوەرەکانی سەرکەوتنی حکومەت تەنها لە کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی خانەنشینی و ڕێژەی قەرزە گشتییەکاندا کورت دەبنەوە، بێ ئەوەی هیچ بایەخێک بە بەهای مرۆیی، ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە و داهاتووی پاراستنی کەرامەتی چینە ماندووەکان بدرێت. ئەنجامی ئەم جۆرە سیاسەتە لە کورتماوەدا ڕەنگە سەرکەوتنێکی ڕێژەی دارایی بەدەست بهێنێت، بەڵام لە درێژخایەندا بنەمای سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەڕۆخێنێ و کۆمەڵگە دابەش دەکات بۆ دوو بەرەی ناتەبا. دەسەڵاتدارانی تەکنۆقڕات لە لایەک، و چینە بەشخوراو و ستەملێکراوەکان لە لایەکی ترەوە.
ئەم دۆخە نالەبارەی فەرەنسا پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ داهاتووی دیموکراسی لە تەواوی ڕۆژاوادا دروست دەکات. کاتێک سیستەمێک نەتوانێت لەڕێگەی گفتوگۆ و کاناڵە مەدەنییەکانەوە کێشەکان چارەسەر بکات و هەمیشە پەنا بۆ توندکردنی یاسا و پشتگوێخستنی دەنگی زۆرینە بەرێت، زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی لادانە سیاسییەکان، تووندڕەویی توند و پووچەڵبوونەوەی متمانەی گشتی دابین دەکات. قەیرانی فەرەنسا نە سەرکەوتنی یاسایە و نە تەنها کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانێکە، بەڵکو ناچارکردنی جیهانی ڕۆژاوایە بۆ پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەو سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە لەبری خزمەتکردنی مرۆڤ، مرۆڤ دەکاتە قوربانیی ئامانجە سەرمایەدارییەکان، و تا ئەم قەیرانە بنەڕەتییە چارەسەر نەکرێت، قەیرانە دووبارەبووەکانیش وەک خۆیان دەمێننەوە.
بەکورتی ئەوەی ئەمڕۆ لە فەرەنسا ڕوودەدات تەنھا قەیرانێکی کاتیی حکوومەت نییە کە بە گۆڕینی سەرۆک وەزیرانێک یان دەستلەکارکێشانەوەی چەند کەسێک کۆتایی بێت. ئەمە قەیرانی قووڵی ئەو مۆدێلە سیاسی و ئابوورییەیە کە نیۆلیبرالزم هەڵیدەسوڕێنێ، ئەوەی لە شەقامەکان و لە ناڕەزایەتییەکاندا دەبینرێت تەنھا تووڕەیییەکی کاتی نییە، بەڵکو دەربڕینی ڕاستەقینەی ئەو داخوازیە کەڵکە بووانەیە کە ڕابردوو بەرهەمی هێناوە و ئەمڕۆ پێویستی بە نوێکردنەوەیەکی جدی و ڕیشەیی هەیە و دەبێ کار لەسەر بونیاد نانەوە بکرێ ، ئەگەرنا ئەوە پێچەوانەکەی ڕاستە و ئەو هەرەسەی کە خەریکە نیۆلیبرالیزم بۆ ئەورووپا بەرهەمی دێنێت قوڵتر دەبێتەوە و دەبێتە هەرەسی یەکجارەکی ئەو بەهەشتە دەستکردەی کە ساڵانێکە خۆراوا خۆی پێوە دەنوێنێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا