لە ساڵوەگەڕی ۺەهیدبوونی شاعیری نوێخوازی چەوساوەکان مامۆستا جەمیل رەنجبەر لە 1980 / 11 / 18  
تونێڵەکە تاریك بوو ، بەڵام ئاگات لەبەر پێ و شەقاوەکانی خۆت بوو ، نە هەڵدەنگوێی نە دەشکەوی ، هەنگاوەکان ورد ورد ، لەسەرخۆ بوون ، باوەڕ بەخۆبوون ، تا کانیاوی ئازادی وشك نەبێ ، ژیان ئیفلیج نەبێ ، ماندووبوونێکی تاقەت پڕووکێن ،  رابوون ، دژی تێکشکان و نائومێدی ، بەخشینی هیوا ، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمینێیتەوە ، تیشکی رووناکی کۆتایی تونێڵەکەیە ، دەستپێکی ئافراندنی نووسینی سەرهەڵدان و مێژوویەکی نوێیە.
قەلەمە بوێرەکە ، وەك ئەسپە سەرکەشەکە ،  بوو بەرگریکاری سەرسەختی مرۆڤایەتی ، ژیاندۆستی ، دۆزی  ستەملێکراوان ، بێ نەوایان ، نادادی ، هێڵی خیانەت ، کۆچی گەنجان ، داگیرکاری ، ئازادی رادەڕبڕین و ...... گیانی بەرخودان و بەڕەنگاربوونەوەی لێ دەچۆڕا ، سنوورە دەستکردەکانی دەبەزاند ،  رەنگەکانی تێکەڵ دەکرد ، تابلۆیەکی نەخشینی وێنا دەکرد ، دەشێ هەندێ نووسینیش رێڕەوی مێژوو  بگۆڕی !
بەعسی فاشی قین لەدڵ ، لە زیندانێکی تاریك ، وەك باڵدارێکی ناو قەفەز ، دەست و قاچی پێوەند کرد ، بۆ ئەوەی دەنگە دلێر و هاوارە بەجۆشەکەی نەگاتە مەبەست و خەونی ئازارەکان و برینە ساڕێژنەکراوەکان نەپێکی ، کۆڵی نەدا ، سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی بە جەستە و شیعر ، کوورەی خەباتی گەرمتر کرد . چەك و قەڵەم ، ئاوێزانی یەکتر بوون ، خەونی ئازادی و خەمی میللەت ، وەك برووسکەیەك لە ناخیدا ،  بوو بە سەنگەر ، سەنگەریش بوو بەژوان . دوای ئەشکەنجە ورە و ئیڕادەی هەڵدەکشا ، بەهێزتر دەبوو نەدەڕووخا ، بەڵکو خۆی زیاتر دروستدەکرد ، بڕواکەی زیاتر توکمە دەبوو ، لە نووسینەوەی داڕشتن و گەڵاڵەکردنی مانفیستۆی کەم ژیان و کەڵ ژیانی سەرکەوتنی ئایندەی کۆمەڵگەیەکی وشیار دابوو ، بنەمای خەباتێکی توکمە بۆ رزگاری نیشتمانی ، قەڵایەك لەبەرخودان و بەرگری و نەبەزی ، 
پێ بە پێ ، هەنگاو بە هەنگاو و هەگبەیەکی قوڕس لە خەمی نیشتمان و خەونە پەمەییەکان ، لە ناوزەنگ ، قەڵاتووکان ، کەشێکی تەمتومان ، بارانی بەخوڕ ، گوندی ماخۆبزنان ، دووگۆمان ، زەنگڵان ، پیرانەڕەشی بناری کێوەڕەش ، گوندی مەمکان و جەلکان ، بەرەو دۆڵی شاورێ ، بە دەستڕێژی شەست تیری ، دۆشکە ، سارووخ ، روممانە ، دوو کۆپتەری مەرگچێنی بەعسییەقین لەدڵەکان ، لەگەڵ پۆڵێ لە خەباتگێڕە گیانبازەکان ، گیانە بەرزەفڕەکانیان دەگەڕێنەوە ئاسمانی نەمران ، یەکەم شەهید جەمیل رەنجبەری شاعیر و خەباتگێڕ کە پاڵی دابوو بە دارێکەوە ، تڤەنگ و جانتاکەی لە تەنیشتی کەوتبوون ، چاوەکانی هەر کراوەبوون بۆ ئایندەیەکی دوور دەیڕوانی ، خۆزگە کامیڕایەکی ڤیدیۆیی هەبوایە ئەو کارەساتە ناخهەژێنەی بەزیندوویی تۆمار بکردایە و بکرابایە بە CD و کاسێت ، بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا  بگات بە ناوچەی خۆشناوەتی . 
هەندێجار ، مێژوو تەنها خەبات و قوربانی نییە ، بەڵکو مێژووی ئەو مرۆڤانەشە کە خەونەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و یادوەرییەکانیان بۆ ئێمە بەجێهێشتووە ، رۆمانێکن دەبێ بنووسرێنەوە ، داستانەکانیان بە شاراوەیی نەمینێتەوە ،
دروود بۆ گیانی پاکی پاکڕەوانانی ئازادی وڵات .
ئیدریس سدیق
چوارشەمەی            2026 / 11 / 18

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا