لەم سەردەمەدا کە سیستەمی سەرمایەداری بە قەیرانێکی قوڵی مێژوویدا تێپەڕ دەبێت و پایەکانی وەک مۆدێلێکی ئابووری و سیاسی لە بنەڕەتەوە تووشی داڕۆخان و ئیفلیجی بوون ، وایکرد کە  خودی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە سەرەڕای تێکشکانی یەکێتیی سۆڤیەت، مۆدێلی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداریی جیهانی شکستی خواردووە و ڕۆحی مارکس هێشتا زیندووە ، ئەم دانپێدانانە و خستنە ڕووی ئەم حەقیقەتە خاڵێکی گەورەو وەرچەرخانێکی سەیرە لە گوتاری سیاسی خۆرئاوادا. چونکە ئەم لێدوانە تەنها ڕستەیەکی کاتی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی قوڵە بەوەی کە بناغەکانی ئایدۆلۆژیای لیبراڵی و سەرمایەداری لە تاقیکردنەوەی واقیعدا تووشی شکانێکی گەورە بوون. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە ئاڵۆزە و ڕەهەندەکانی ئەو دەربڕینە بێپەردەیەی کە  دەڵێت: شکستمان بە سۆڤیەت هێنا، بەڵام ڕۆحی مارکس هێشتا زیندووە. دەبێ لەو ڕاستیە تێبگەین کەلەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی دیواری بەرلین، ئەو باوەڕە کاکڵی سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوای داگیر کردبوو کە گوایە مێژووی مرۆڤایەتی گەیشتووەتە لوتکەی کۆتایی و سیستەمی سەرمایەداریی و بازاڕی ئازاد بژاردەیەکی هەمیشەیی بێگرێ و گۆڵە و هیچ لەمپەرێک نەماوە، لەو کاتەدا، بانگەشە بۆ ئەوە دەکرا کە بازاڕی ئازاد دەتوانێت خۆشگوزەرانییەکی بێوێنە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دابین بکات، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و سەرهەڵدانی قەیرانە بەردەوامەکانی ئابووری و هەڵکشانی هەژاری و بێکاری و تێکشکانی خودی سیستەمی نیۆلیبراڵیزم ، ئەم ئەفسانەیەیان هەڵوەشاندەوە و وایکرد وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناچاربێت بە ڕاشکاوی دان بەوەدا بنێت کە فراوانکردنی مۆدێلی بازاڕی ئازاد بۆ هەموو گۆشەیەکی جیهان، لەبنەڕەتدا پرۆژەیەکی شکستخواردوو بوو؛ چونکە لە بری دروستکردنی دادپەروەری، بووە هۆی دروستکردنی کەمینەیەکی دەوڵەمەندی  بێسنوور و توێژێکی گەورەی هەژار و بێدەرەتان کە لە ژێر باری قەرزاریدا دەناڵێنن.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی وتارەکەی، مارکۆ ڕۆبیۆ ، تیشکخستنە سەر ژیانی نەوەی نوێی ئەم سەردەمە بوو کە تێیدا وتی: کاتێک تەماشای واقیعی گەنجان دەکەین لە ئەمەریکا و تەواوی جیهاندا، بۆمان دەردەکەوێت کە نەوەی ئێستا لەڕووی ئاسایش و هەژاری، دابینکردنی خانوو، و دەستەبەرکردنی هەلی کارەوە، لە دۆخێکی زۆر خراپتردان بەراورد بە دۆخی ڕابردووی خانەوادەکانیان، ئاماژەش بەوەدەدات کە سیستەمی سەرمایەداری لە پێناو زۆرترین قازانجدا، کارگە ناوخۆییەکانی داخست و پیشەسازییەکانی ڕووەو وڵاتانی تری هەرزانتر گواستەوە کە ئەمەش بووە هۆی لەناوچونی ملیۆنان هەلی کاری جێگیر و لە بەرانبەریشدا زاراوەی کۆیلایەتیی بازاڕی ئازاد بووە هۆکاری ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو ژینگەیەی کە مرۆڤ تێیدا بوەتە کەرەستەیەکی بەکاربردن و هیچ بەهایەکی نەماوە. 
کاتێک کارڵ مارکس لە سەدەی نۆزدەهەمدا سەرمایەداریی ڕەخنە دەکرد، پێشبینی ئەوەیکرد کە ئەم سیستەمە لە بنەڕەتدا هەڵگری تۆوی کاولکردنی خۆیەتی و پێیوابوو کە کێبڕکێی کوێرانە بۆ بەدەستهێنانی قازانج دەبێتە هۆی ستەم لێکردنی فراوانی چینی کرێکار و تیرۆری ئابووری و قەیرانی بەردەوام بەسەر سیستەمەکەدا دەشکێنەوە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهاندا دەبینرێت لە جەنگی بەردەوام و ئیحتیکاری کێڵگە نەوتیی و کانزایەکان، تێکچوونی ڕێژەی ئۆکسجین و گۆڕانی کەشوهەوا، و تاڵانکردنی سامانی سروشتی ، نیشانەی زیندووبوونەوەی ڕەخنەکانی مارکس ن. لە ئاست قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەم لێدوانەی دانی بەو ڕاستیەدا نا کە ئەگەرچی تانک و سەرباز توانیان دەوڵەتێکی وەک یەکێتیی سۆڤیەت لەناو ببەن، بەڵام نەیانتوانی ئازارە قووڵەکان، نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو پرسیارە ڕەخنەگەرانەیە بسڕنەوە کە سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمیهێناوە.
دانپێدانانەکەی ڕۆبیۆ دەرگایەکی فراوان بۆ مشتومڕێکی جیهانی دەكاتەوە، پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا سۆڤیەت دەگەڕێتەوە یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا مرۆڤایەتی دەتوانێت مۆدێلێکی مرۆڤدۆستانەتر لە دەرەوەی سەرمایەداریی دڕندە  بدۆزێتەوە، چونکە جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە تێڕوانین بۆ سامان، کار، و ژینگە و ئەگەر سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا خۆیان دان بەم شکستە مێژووییەدا بنێن، ئەوا مانای وایە کە فیکری ڕەخنەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کە لە بنەڕەتدا  مارکسیزم دەستی خستۆتە سەر، بووەتە پێویستییەکی حاشاھەڵنەگر بۆ پاراستنی خودی مرۆڤایەتی لە داڕمانی تەواوەتی، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم دۆخە نەخوازراوە ، وایکردووە کە تێڕوانینی مارکس سەبارەت بە داڕمانی خودیی سیستەمەکە ببێتە بابەتی ڕۆژ و سەرنجی گەورەترین سیاسییەکانی جیهانیش ڕابکێشێت،  ئەمەش  گوزارشت لەو ڕاستیە دەکات کە هیچ ئایدۆلۆژیایەک ناتوانێت بۆ هەمیشە پشت بە چەوساندنەوە و نادادپەروەری ببەستێت بێ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی نەبێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، کاتێک سیستەمی سەرمایەداری لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ زۆرینەی مرۆڤایەتی پاشەکشە دەکات و قەیرانە قووڵەکانی قوڵتر دەبنەوە، دەرکەوت کە هیچ ڕیفۆرمێکی رووکەش و هیچ دەستکارییەک لەناو هەناوی هەمان سیستەمدا ناتوانێت ئەم هاوکێشە نادادپەروەرە ڕاست بکاتەوە. لە بەرانبەر ئەم بنبەستە مێژووییەدا، تەنها فیکر و فەلسەفەی مارکسیزمە دەتوانێت وەک تاکە دەرچە و زانستێکی شیکاریی پراکتیکی، بنەمایەکی فیکریی پتەو بۆ گۆڕانکاریی نوێ و ڕیشەیی بەرهەم بێنێت؛ چونکە مارکسیزم تەنها تیۆرییەکی فەلسەفی نییە، بەڵکو ئامرازێکی زانستییە بۆ تێگەیشتن لە چەوسانەوەی چینایەتی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە نامۆیانەی کە سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگەکاندا سەپاندوونی. ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بنەماکانی ئەم دیدگا رەخنگەرە و رێکخستنەوەی هێزی راستەقینەی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە دەکرێت و پێویستە لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەو مۆدێلە دڕندەیە ڕزگار بکرێت و سیستەمێکی نوێی جیهانی لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هاوسەنگیی ژینگەیی و دابەشکردنی یەکسانی سامانەکان دابمەزرێت، کە تێیدا ئیرادەی مرۆڤ لە سەرووی قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بێت و مێژوو بەرەو قۆناغێکی مرۆڤدۆستانەتر هەنگاو بنێت کە پێشتر لەلایەن سەرمایەدارییەوە قۆرخ کرابوو.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا