
کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، شای پێشووی ئێران بە ئاوارەیی لە دورگەی سینای وڵاتی میسر دەژیا، چونکە چەند مانگێک بوو لەلایەن گەلانی ئێرانەوە ڕاپەڕین دژی ئەنجام درابوو، هەر ئەو ڕاپەڕینەش تەخت و تاراجی ڕووخاندبوو و ناچاری هەڵاتنی کردبوو. ڕۆژنامەنووسێکی ناودار دەڵێت: بە مەبەستی ئەنجامدانی دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ شادا، خۆم گەیاندە ئەو شوێنەی شای تیایدا پەناهەندە بوو، کە چوومە لای و خۆم پێ ناساند و مەبەستی سەردانەکەی خۆمم پێ گوت؛ ڕازی بوو، بەڵام بەو مەرجەی بچم ئەو حەبانەی بۆ بکڕم کە دکتۆر بۆی نووسیوە، چونکە نە پارەی کڕینی ئەو دەرمانانەی هەیە و نە پاسەوانەکانیش ڕێگا دەدەن بچێتە دەرەوە. دواتر کە لە ڕوخساری شەمزاو و گەچراوی شا ورد بوومەوە، ئەو شایەی سەردەمانێک بۆ هەڵدانی کۆلارەی منداڵەکانی ڕەشەبای دروست دەکرد ئێستا دەڵێی کۆترە و واشە لێ داوە، دەڵێی درەختێکە خەزان دەمی تێ ناوه و خاک و ڕەگی خۆی ڕاوی ناوە، دەڵێی باڵندەیەکی کەسیرە بوو ناو زریان و باوبۆرانەوە هێلانەکەی ڕووخاوە.
بەر لەوەی من دەست بە پرسیارەکانم بکەم، شای ئاوارە بە دوو گلەییی دەستی بە قسان کرد، گوتی: «ئەو ڕۆژەی بووم بە شای ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە پێشوازی کەژاوەی من بوون و بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر خەڵکی ئەو ئۆتۆمبێلەیان بەرز کردبووەوە کە من تیای بووم، هێندە خۆشیان دەویام». دواتر شا گوتی: «ساڵی ١٩٧٨یش بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونم لە تاران مەراسیمێکم بۆ کرا، سەرۆکی نۆهەت وڵات گەیشتنە لام و لە ئاهەنگی لەدایکبوونم ئامادە بوون و تا سبەی لەگەڵ من نەنووستن و پێکیان هەڵدا، کەچی هەموویان بێوەفا دەرچوون، چونکە هەشت مانگە ئاوارەم و تاکە یەک سەرۆک و کاربەدەستی جیهانیش لێی نەپرسیووم».
منیش پێم گوت: «ئەو جەماوەرەی بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر ئۆتۆمبێلی کەژاوەی تۆیان لەسەر شان دانابوو، هیوا و ئومێدیان لەسەر تو هەڵچنیبوو، بەڵام پێ دەچێت تۆ لەو نیازەی ئەوان تێنەگەیشتبیت و لە ئاستی چاوەڕوانیان نەبووبیت». پێشم گوت: «ئەو نۆهەت سەرۆکەی تا بەیانی بەدیار مۆمی تەمەنت دانیشتبوون هاتبوونە لای کۆشک و پلەوپۆست و پایەی تۆ، نەک تۆ». بۆیە ئاوارەیی و شکست بەشی هەموو ئەوانەیە کە هێز و سەرمایە دەکەنە ڕایەڵە و پردی نێوان خۆیان و دەرەوەی خۆیان. منیش دوای ئەو قسانە کۆتاییم بە دیمانەکەم هێنا.
