ڕێبوار بەکرەجۆیی

بەشی سێیەم
سەبارەت بە پڕۆسەی فێركردن، ئەگەر لە بواری پەروەردەكردنی نەوەكان خراپتر نەبێت باشتر نییە، بگرە زۆریش خراپە، ئاخر چۆن دەبێ قوتابی بازنەی یەكەم و دووەمی خوێندن تەواو بكات و نەزانێ چوار دێڕی بێ هەڵە لەزمانەكەی یان بابەتێكی كۆمەڵایەتی یان زانستی بنووسێت. 
جاران كە ئێمە قوتابی و مامۆستا بووین هەر لە پۆلەكانی بازنەی یەكەمەوە فێری خوێندنەوەو نووسینی بێ كێشە دەكراین و دەبووین، كەچی ئێستا سەرەڕای پێشكەوتنی بەرچاو لە بواری فێربوون و فێركردن لە هەموو ڕووەكانەوە، خوێندنەوە و نووسین لەپاشەكشەی بەردەوام دایە و، وەك گوتم  قوتابی بازنەكانی یەكەم و دووەمیش دەبڕێت هێشتا نازانێ چوار دێڕی تەواو بەبێ هەڵەی ڕێنووسی زمانەكەی بنووسێت، بێگومان هۆكارەكەیشی بڕیاری گواستنەوەی قوتابییە لە پۆلی یەكەم بۆ دووەم، ئەنجامی هەڵسەنگاندنەكەی هەرچۆنێك بێت، كە بناغەی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی قوتابییە، هەروەكو چۆن بینایەكی چەند قات پێویستی بەوەیە بناغەكەی بەجۆرێك دابڕێژرێت كە توانای هەڵگرتنی قورسایی هەموو كەرەسە و پێكهاتەكانی بیناكەی هەبێت. هەرواش بۆ قوتابی گرنگە هەمان پرانسیپ و بەرنامەی بەسەردا جێ بەجێ بكرێت. 
قوتابی ئەگەر لە پۆلی یەكەم بەتەواوی فێری خوێندنەوەی خێرا و نووسینی بێ هەڵە نەبێت، چۆن دەتوانێت ئەو هەموو زانیارییانەی لە قۆناغەكانی داهاتوو ڕووبەڕووی دەبنەوە هەزم بكات و بێ كێشە هەنگاویان بەسەردا هەڵبێنێت؟ 
بێگومان ئەوە كارێكی مەحاڵە و ناتوانێت، هەربۆیە تا پێداچوونەوەیەكی واقعی بەو بڕیاری گواستنەوەی قوتابیدا نەكرێت لە پۆلی یەكەم بۆ دووەم و لە گەڵ بارودۆخی تایبەتی و گشتی نەوەكانی ئێستا نەگونجێنرێت، قوتابی ئێمە بەردەوام لەپاشەكشەی خوێندنەوە و نووسین دا دەبێت، دواجاریش كە زاڵ نەبوو بەسەر خواستەكانی فێربوونی، ئەوا ناوەندی خوێندنی لێ دەبێت بە كێوێك و ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و ڕۆژ بەرۆژ سەختتر دێتەبەرچاوی، ناچار لەشوێنێكدا دەوەستێت و واز لەخوێندن دێنێت، ئیدی ڕێی ئاوارەیی و دەربەدەری و مان و نەمان دەگرێتەبەر، یان تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت دەبێ شان بداتە بەر قورسایی ژیان و بەبێهیوایی سەربنێتەوە.
لەبیرمە، لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بووین، مامۆستا(فەریق)ی ڕەحمەتی مامۆستای(ئەلف و بێ)مان بوو، كۆتایی ساڵ كە هەموو پیتەكان و بابەتەكانی دوای پیتەكانمان خوێند، داوای لێكردین بۆ بەیانی هەریەكەمان نامەیەكی بۆ بنووسین. بێگومان دوای ئەوەی فێری كردین چۆن دەست پێ بكەین و چۆنیش كۆتایی پێ بێنین. ڕۆژی دواتر زۆرینەی ڕەهامان ئەركی خۆمان بەجێ هێنابوو. 
مامۆستا لەوكارەیدا دوو چۆلەكەی بەبەردێك ئەنگاوت، یەكەم دڵنیابوو كە قوتابییەكانی فێری خوێندنەوەو نووسین كردووە، دووەمیش فێری كردین چۆن نامە بۆ هەركەسێك بنووسین كە مەبەستمانە، بەتایبەتی بۆ ئەو سەردەمە زۆر گرنگ بوو، چونكە نامەنووسین هۆكارێكی گرنگی پەیوەندییەكان بوو لە نێوان ئەندامانی خێزان و خەڵك بەگشتی. 

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا