
بەشێكی تێگەیشتن و هەڵوێستەكانی ئەمڕۆ لەبارەی قەیرانی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە، لە غیابی هۆشیاریی ڕاستەقینەدا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەكەونە ژێر هەژموونی ئەو دووزۆنییەی لەسەر حیسابی چەمكی نیشتمان و هاووڵاتیبوون دروست كراوە. دەستەڵاتداران بەر لەوەی دیواری دێگەڵە قایمتر بكەن، پێویستیان بە پەرەپێدانی عەقڵییەتی دووزۆنی هەیە لە ڕێگەی دروستكردنی «دووانەییەكی ساختە»ی «ڕەش و سپی»یەوە. پرسەكان وەك دوو بژاردەی جیاواز نیشان دەدرێن، بەڵام لە جەوهەردا یەك ناوەڕۆكن بە دوو ڕەنگی جیاوازەوە، كە لە كۆتاییدا خزمەت بە بەرژەوەندیی یەكتر دەكەن. پانتایی گشتی بە جۆرێك گەمارۆ دراوە، هەر هەوڵێك لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بێت، لە ڕێگەی میدیاوە وێنەیەكی بۆ دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی لایەكیان دژی ئەوی تر، وەك تاكتیكێك بۆ مانەوە، درزتێنەكەوتنی هەژموونی دووزۆنی و ڕێگری لە جێگرەوەی جەمسەری سێیەم.
یەكێك لە سیماكانی ئەم ژینگە پۆپۆلیستییە، تێكەڵكردنی چەمكەكانە؛ بەشێك لە نووسەران و ڕۆژنامەوانان بە ئاگایی یان بێئاگایی، پڕۆژەی دووئیدارەیی و قەڵەمڕەویی حیزبی، بنەماڵەیی و ناوچەگەرێتی تێكەڵ بە پڕۆژەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵات و ناناوەندێتیی كارگێڕی دەكەن. لە ئەوروپا و بەتایبەت لە سویسرا، ناناوەندێتیی ڕاستەقینە بە واتای بەهێزكردنی شارەوانییەكان، كەمكردنەوەی بیرۆكراسی و بەشدارپێكردنی هاووڵاتییان دێت بۆ قووڵكردنەوەی دیموكراسی و یەكێتیی نیشتمانی. بەڵام ئەوەی لێرەدا بانگەشەی بۆ دەكرێت، «تاپۆكردنی فیوداڵی»ی خاك، چەك، داهاتی نەوت، خاڵە سنوورییەكان و دادگەكانە لە نێوان دوو ئۆلیگارشیی حیزبیدا، تا هەر لایەكیان لە قەڵەمڕەوی خۆیدا بێ لێپرسینەوە سەروەریی خەڵك پێشێل بكات.
ئەم دۆخە، ئەگەر نەڵێین ئیفلاسی سیاسییە، بەرهەمی قەیرانێكی كوشندەی فیكری و سیاسییە. دەسەڵاتی حوكمڕان كە پێشتر شەرعییەتی خۆی لە شۆڕش و خەباتی ڕزگاریی نیشتمانی وەردەگرت، ئەمڕۆ چیتر ناتوانێت بە دروشمی نەتەوەییی بێناوەڕۆك پەردەپۆشی گەندەڵی و قەیرانەكانی بكات. كایەی سیاسی هێندە بچووك كراوەتەوە كە لەبری پرسی دادپەروەری، ئازادی، خۆشگوزەرانی و نیشتمانسازی، لە پرسی دووئیدارەیی و شارچێتی و شەڕەپۆست و بەكەسایەتیكردنی كێشەكاندا كورت بووەتەوە. حیزبە باڵادەستەكان لە ڕێكخراوی خاوەن بەرنامەی سیاسییەوە گۆڕاون بۆ كارتێلی ئابووری و مۆنۆپۆلی نەوت، گومرگ و داهاتەكان. كاتێكیش پەرلەمان پەك دەخرێت، دادگە دەكەوێتە ژێر هەژموونی ئاسایش. حكوومەت توانای دابینكردنی بژێوی نابێت. سیستەم دەبێتە نموونەی «حكوومەتی شكستخواردوو» و وەك «تارمایی»ـیەكی ئیفلاسبوو بە زەبری چەك و پارە دەمێنێتەوە؛ بۆ شاردنەوەی شكستی سی ساڵەیشی پەنا بۆ زۆنگەرایی و شەڕی ناوچەگەرێتی نێوان هەولێر و سلێمانی دەبات وەك ئەوەی قەیرانەكە لە یەكگرتوویی هەرێم دابێت ؟
لە بەرامبەر ئەم تارماییەدا، هۆشیاریی خەڵك و تووڕەیی زۆرینەی پەراوێزخراو وەك هێزێكی نوێ دەردەكەوێت. «بژاردەی سێیەم» بێلایەنی نییە لە نێوان دوو بەرەی خراپدا، بەڵكو گۆڕینی خودی گۆڕەپانی یارییەكەیە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بەشداریی سیاسیی خەڵك، گوتاری هاووڵاتیبوون و حوكمڕانیی دیموكرات و ئازاد؛ جەمسەرێك كە نوێنەرایەتیی ڕەنگەكانی خەڵك و بەرژەوەندیی گشتی دەكات. ئەم ڕێگەیە پێویستی بە گەڕاندنەوەی سیاسەت بۆ ناو كۆمەڵگە و بەشداریی هێزە چەپ، مەدەنی و ئازادیخوازەكان هەیە.
هەروەك لە دوایین پڕۆژەی حیزبی شیوعیدا هاتووە، وەستانەوە دژی دووئیدارەیی حیزبی و كاركردن بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی هاووڵاتییان یەكگرتوویی هەرێم لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیاندا ئەركێكی نیشتمانی و چینایەتییە؛ چونكە لەم ژینگەیەی دروست كراوە تەنها هەژاران و كرێكاران زیانمەندن و دەسەڵاتداران سامانیان زیاتر دەبێت. چارەسەر لە هەرێمێكی یەكگرتوودایە نەك بە هەمان فۆڕمی پێشوو ئەمەش بەبێ دادپەروەری و بەرێوەبردنێكی دیموكراسییانە لە پێناو خەڵكدا و گۆڕانكاریی هەمەلایەنەی نایەتەدی، لەگەڵ گواستنەوەی ململانێكان لە ژوورە داخراوەكانەوە بۆ ناو شەقام لە ڕێگەی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی سەرتاسەرییەوە لە زاخۆوە تا خانەقین.
دابەشكردنی كوردستان بۆ دوو زۆن چارەسەری قەیرانی حوكمڕانی نییە، بەڵكو دانپێدانانی فەرمییە بە شكستی حوكمڕانیی حیزبی. جەمسەری سێیەم چارەنووسی گەلێكە كە نایەوێت مێژووی چەندین ساڵەی خەباتی لە نێوان دوو دیوەخانی سیاسیدا هەڕاج بكرێت.
