
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ئەو ئەرمەنانەی دوای ساڵی ١٩١٥ لە تورکیا مانەوە:
چەند نموونەیەک لە تراجیدیای قوربانیانی بەجێماوی جینۆسایدی ئەرمەن
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
هاوینی ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی جیهانیی نووسەرانی جینۆسایدInternational Association of Genocide Scholars - IAGSلە شاری وینیپیگی کەنەدا و بە هاوکاریی زانکۆی مانیتۆبا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی یەک هەفتەیی ڕێکخست و بەندەش لەگەڵ چەند برادەرێکدالە هەرێمی کوردستانەوەبانگهێشت کرابووین. لە کۆنفرانسەکەدا من و خانمێکی کورد بە ناوی گوڵستان ئەبوزەید، کە هەر لە کەنەدا دەژیا، سەر و باسمان لەبارەی جینۆسایدی کوردەوە پێشکەش کرد. لە کات و ڕۆژی پێشکەشکردنی باسەکانی ئێمەدا خەڵکێکی بەرچاوی جوولەکە و ئەرمەن ئامادە بوون و گەلێ پرسیاری دۆخی کوردستان و جینۆسایدی کوردیان لێکردین. لە نێو ئەوانەدا خانمێکی ئەرمەنیی تەمەن نزیک هەشتا ساڵ، بە ناوی ڕوبینا پێرومیان خۆیی پێناساندین و گفتوگۆیەکی جیددی و وردی لەگەڵ کردم لەبارەی ئەنفال و جینۆسایدی کورد و ئەرمەنەوە. خاتوو ڕوبینا پرۆفیسۆری ئەدەبی جینۆسایدی ئەرمەن بوو لە زانکۆی کالیفۆرنیا - ئەمریکا و کتێب و بەرهەمی بڵاوکراوەی زۆرە لەو بوارەدا. ئەم خانمە، کە لەو تەمەنەشدا بە گیانێکی پڕ وزەوە پرسیار و مشتومڕی دەکرد هەر لەوێ کتێبیکی خۆیی بە زمانی ئینگلیزی پێبەخشیم بەو ناوەوە کە لەسەردێڕی ئەم باسەدا هاتووە و بەڵێنم دایە کە بیخوێنمەوە و ئەگەر توانیم شتێکی لەسەر دەنووسم. من بێجگە لەم کتێبەش چەند باس و لێکۆڵینەوەیەکی تریم لە ئینتەرنێتدا خوێندەوە، کە ئەوانیش لەسەر ئەدەبیاتی جینۆساید و چیرۆکە پڕ کارەساتەکانی منداڵانی گرفتار و لێقەوماویجینۆسایدی ئەرمەنن. هەردوک کتێبەکە و وتار و باسە بڵاوکراوەکانی سەر تۆڕێ ئینتەرنێت هێندە تراجیدی و پڕ مەرگەساتن کە تا ساڵانێک پڕکێشیی ئەوەم نەدەکرد بیانکەمە کوردی و بڵاویان بکەمەوە. ماوەی چەند ساڵێکی پێچوو تا پەرژامە سەر وەرگێڕانیان، پاش ئەوەی پرسم بە خۆی کرد و خۆشحاڵیی زۆری دەربڕی. کتێبی "منداڵ لە جینۆسایدی ئەرمەندا" چەند مانگێک لەمەوبەر و ئەم کتێبەشیان "ئەو ئەرمەنانەی دوای ساڵی ١٩١٥ لە تورکیا مانەوە" لەم ماوەیەی پێشوودا بە سوپاسەوە لەلایەن بۆردی هۆشیاریی سەر بە مەکتەبیڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشرنایی کوردستان چاپ و بڵاوکرانەوە و لەم ساڵەدا (٢٠٢٦) کە تەمەنی پرۆفیسۆر خاتوو ڕوبینا پێرومیان گەیشتووەتە ٩٥ ساڵ و هێشتا هەر بەردەوامە لە نووسین و توێژینەوە و بەهیوام تەمەنی درێژتر بێت.
وەرگێڕانی باسەکان و بەتایبەتیش کتێبەکە چەند چێژی پێبەخشیم ئەوەندەش خەم و خەفەت، کە لە هەر دێڕ و بڕگەیەکیدا تاس دەیبردمەوە و دەروونی ئاڵۆز دەکردم و دەیبردمەوە بۆ دۆخی قۆناخەکانی جینۆسایدەکەی لای خۆمان و بەتایبەتی ئەنفالی ١٩٨٨ و لە مێشکی خۆمدا بەراوردم دەکردن و نەفرەتم لە بکوژان و تاوانکاران دەکرد. ئەوەش کە زیاتر مایەی داخی سەختی گەلی ئەرمەن و کوردیشە کە زۆرێک لە ئەنجامدەران و بکوژانی هەردوو جینۆسایدەکە بێ دادگایی کردن وەک بەرزەکی بانان ڕزگاریان بوو و دواتر وەک مرۆڤی ئاسایی مردن و تا ئێستاش گەلێ لە ئەنجامدەرانی جینۆسایدەکەی کورد دێن و دەچن و مێشێکیش میوانیان نییە.
نووسەری ئەم کتێبە ئەرمەنە و ئەوەی تاڕادەیەک دڵی ئێمەی کورد ئاسوودە دەکات کە بە ویژدانەوە ئاماژە بە جۆرێک لە ڕۆڵی کورد دەکات وەک تاک و دراوسێ و هەست و سۆزی مرۆڤایەتی و ئاینی و هتد لە ڕزگارکردنی دۆست و ئاشنا ئەرمەنییەکانیان و گرتنەخۆی منداڵەکانیان لە دۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیدا کە دەسەڵاتداری دەوڵەتی عوسمانی خولقاندبووی و لە ڕۆژگاری پڕ ترس و بیم و دوژمنایەتی و گرژی و ئاڵۆزی و گرانی و برسێتیی ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا. هەڵوێستی ئەم نووسەرە و بەشێکی تری خەڵک و نووسەرانی ئەرمەن جیایە لە هەڵوێستی بەشێک لە ئەرمەنەکان کە تا ئەمڕۆش هەر سوورن لەسەر ئەوەی کەوا تورک و کورد درێغییان نەکردووە لە کوشتنی ئەرمەندا. خۆ ئەگەر ئەمە ڕاستیش بێت چەندە کوردی ئەنجامدەر و تاوانکار بووە لەم مەسەلەیەدا، کە زۆرێکیان جەندرمە و کرێگرتە و سەربازی دەوڵەت بوون یان لە ژێر کاریگەریی توندڕەویی ئاینی و باندی تاڵانوبڕۆ بوون، دەیان و سەدان هێندە خەڵکی کوردی ڕزگارکەری ئەرمەن بوون سەرباری هەڕەشە و فەرمانی پیاوانی دەوڵەتی عوسمانی و بێگومان ئەمە بۆ تورکیش وەک گەل و نەتەوە هەر بەم جۆرەیە. بەهەرحاڵ، ئەوە مەسەلەیەکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە و دەیان مێژوونووسی کورد و تورک و ئەرمەن و غەیری ئەوانیش لەسەریان نووسیوە و شیکارییان تێدا کردووە. بەندەش ساڵی ٢٠٢٠ باسێکم لەسەر نووسیوە و لە کتێبیکی ١٥٠ لاپەڕەییدا بڵاوبووەتەوە بە ناوی "جینۆسایدی ئەرمەن و ڕۆڵی کورد تێیدا، وەک ئەنجامدەر و وەک ڕزگارکەر".
کتێبەکەی پرۆفیسۆر ڕوبینا پێرومیان، وەرگێڕانە کوردییەکەی بریتییە لە ٢٧٢ لاپەڕەی قەبارە گەورە و ناوەرۆکەکەی ئەم بابەتانە لەخۆدەگرێت:
بەرایی لەلایەن پرۆفیسۆر ڕیچارد هۆڤانیسیان، پێشەکیی نووسەری کتێبەکە، دەسپێک و چڕبوونەوە، بەزاندنی دیواری بێدەنگی، تراومای بەردەوام، ئەرمەنە موسڵمانەکان و پارادۆکسێک، نهێنییەکی خەفەکراو، یادەوەریی مێژوویی سەرکوتکراو، دەربڕینی کپ و بێدەنگ، گواستنەوەی یادەوەریی بەکۆمەڵ بۆ نەوەکان، کاردانەوەی ڕزگاربووانی نەوەی سێیەم، ئەنجام و بیبلۆگرافی.
بێجگە لەوەش نووسەر بۆ هەر بەشێکی پەراوێزی کردووە و وردەکارییەکی زۆری تێدا کردووە. بەگشتی کتێبەکە تژییە لە باسوخواسێکی چڕی چیرۆکی تراجیدیی ڕاگواستن و کوشتنی بەکۆمەڵی گەلی ئەرمەن و ئەوانەشیان کە بە ڕێکەوت و بە هەزار فەلاکەت لە کوشتن دەرباز بوون، سا بە هاوکاری خەڵکی باش و چاکەخوازی کورد و تورک و عەرەبەوە بووبێت یان ئەوەیە کە دەسبەرداری ئاینی مەسیحییان بوون و جاڕی موسڵمانبوونی خۆیان دا و بە گوزارشی فەرمیی دەوڵەت "لە دەمی شمشێر دەرباز بوون". ئەوان لە ڕێگەی سەخت و دوورودرێژی ڕاگواستنیاندا بە پیادەڕۆیی بەسەر وڵاخ و عەرەبانە و هەندێ جاریش بە شەمەندەفەری گواستنەوەی بار و ئاژەڵ بەرەو بیابانەکانی سووریا بە زۆری دەکوژران و جیاوازیی ژن و منداڵ و پیاویان نەدەکرا و ماندوێتی و نەخۆشی و برسێتی تەنگی پێهەڵچنیبوون و قڕی تێخستبوون. لە ڕێگا جەردە و پیاوکوژ پەلاماری کاروانەکانی ڕاگواستنیان دەدان و بێجگە لە کوشتن ژنی گەنج و منداڵەکانیان لێ دەفڕاندن و دەیانکردنە خزمەتکار لە ماڵەکاندا. لەم پرۆسە قێزەون و ئەوپەڕی نامرۆڤانەدا دەیان هەزار منداڵ پەڕەوازە بوون و خرانە هەتیوخانەکەنەوە و لەوێوە دەدرانە ماڵان، یان پێش ڕەوکردن خێزانەکان بەناچاری منداڵەکانیان بە زۆری دەدا بە ماڵە کوردەکانی دەراوسێیان بیانگرنە خۆیان و لە مردنی حەتمی ڕێگەی گواستنەوە ڕزگاریان بکەن. بەم ڕەنگە دەیان و بگرە سەدان هەزار منداڵ کەوتنە ماڵە کورد و تورکەکان و ناسنامەی خۆیان ونکرد و وەک موسڵمان گەورە کران و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی عوسمانی کران و زۆربەی ئەو منداڵانە کچ بوون، چونکە بە زۆری منداڵە کوڕەکانیان دەکوشت و کچەکانیان دەهێشتەوە. لەبەر ئەوەشە کە ئەمڕۆ چەندین خێزانی کۆمەڵگەی تورکیا هەن کە بە ڕەچەڵەک باپیرە یان بەزۆری داپیرەیان ئەرمەنە. یان ئەوەیە کچێک یان ژنێکی گەنج موسڵمان بووە و بەر ڕاگواستن و کوشتن نەکەوتووە و دواتر شووی کردووە بە تورک یان کوردێک و وەچەی ڕەگ ئەرمەنییان لێکەوتووەتەوە.
هرانت دینک ڕۆشنبیرێکی ئەرمەنی ئیستانبوڵ بوو کە بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠وە ڕۆژنامەیەکی بە ناوی "ئاگۆسAgos" بە هەردوو زمانی تورکی و ئەرمەنی دەردەکرد. ئەم پیاوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە ئێستادا بێجگە لە نزیکەی ٦٠ - ٧٠ هەزار ئەرمەنی تورکیا کە زۆربەیان لە ئیستانبوڵ دەژین، زیاد لە ملیۆنێک کەس ڕەچەڵەکیان ئەرمەنە و بە زۆری نەنکەکانیان ئەو کچە منداڵە ئەرمەنییانەن کە لە جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥ی ئەرمەن و دواتردا کەوتوونەتە ناو خێزانە تورک و کوردەکانی تورکیاوە. بێجگە لەوەش لە هەندێ وتار و بانگەشەیدا بە سڵێکەوە باسی لە جینۆسایدی ئەرمەن دەکرد و لەسەر ئەوە تورکە ناسیۆنالیستە توندڕەوکان ساڵی ٢٠٠٧ تێرۆریان کرد و تا ئێستاش کێشەی تێرۆرکردنەکەی لە دادگاکانی تورکیادا ساغ نەبووەتەوە و تا ئێستاش ژنە پارێزەرێکی تورک بە ناوی فەتحیە چەتین، کە نەنکی ئەرمەنە بێهوودە لە دادگادا بەدواداچوون بۆ کێشەی کوشتنی هرانت دینک دەکات و یەکلا نابێتەوە (دواتر دێینە سەر باسی فەتحیە چەتین و نەنکی).
کەمال یاڵچین نووسەرێکی میانڕەوی تورکە و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠کانەوە چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێیە و دەبێتە مامۆستای زمانی تورکی. لێرە دۆستایەتی دۆستایەتی لەگەڵ ژنێکی ئەرمەنی خەڵکی توکیادا پەیدا دەکات و قەناعەت بە کەمال دەکات کە لە هەر سەفەر و مانەوەیەکیدا لە تورکیا باسوخواسی ئەو کەس و خێزانانە تۆمار و کۆبکاتەوە کە نەنک و باپیریان ئەرمەنن. کەمال دەکەوێتە کار بۆ ئەم ئەرکە و لە تورکیا و ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپاش زۆرێک لەو خێزانە ڕەگ ئەرمەنیانە دەدۆزێتەوە و چیرۆک و بەسەرهاتیان تۆمار دەکات، هەرچەندە لە تورکیادا تووشی کۆسپ و ڕێگری دەبێت بەڵام بەهۆی جۆرە کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتی - سیاسییەوە هەرچۆنێک بیت کارەکە ئەنجام دەدات و لە کتێبێکدا بە زمانی تورکی چاپی دەکات بە ناوی "ئێوە دڵی من خۆش دەکەن - سەننلە گویلە یۆرەغیم". یەکەم چاپی ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەستی بەسەردا دەگیرێت و پاشان لە ئەڵمانیا و دیسانەوە لە تورکیا و لە ساڵەکانی دواتردا چەندین جار چاپی دەکاتەوە و وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئەرمەنی و لە ئاستێکی بەرفراواندا بڵاو دەبێتەوە. ڕوبینا پێرومیانیش بەشێکی باشی ئەم چیرۆکانەی لە چاپە ئەرمەنییەکەیەوە گواستووەتەوە بۆ کتێبەکەی خۆی.
من لێرەدا بەکورتی بەشێک لە چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو کەسانەتان بۆ دەگێڕمەوە، کە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون و چەند بەسوێ و جەرگبڕن و چەند لە چیرۆکەکانی دەربازبووانی ئێمە دەچن لە ئەنفال و جینۆسایدی ئێمەدا و بەهیوام چاپی کوردیی ئەم کتێبەتان دەست بکەوێت و بزانن چ تاوانێکی دڕندە و سامناک و نامرۆڤانە دژ بە ئەرمەن بەرپاکراوە، تاوانێک کە هەر لەو کاتەدا و دواتریش لەسەر دەستی فاشیستەکانی ئەو وڵاتەدا بەرۆکی ئێمەی کوردی گرتووە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکی کەمن لەو تاوانەی دژ بەو خەڵکە بێگوناهەی ئەرمەن بەرپاکراوە:
- چیرۆک و بەسەرهاتی سەحەر/ هیرانوش و فەتحیە چەتینی کچەزای:
هیرانوش کچی ماڵە دەوڵەمەندێکی شارەدێی هەبابی ئەرمەنی دەبێت لە نزیک شاری پاڵو لە کوردستانی باکوور (تورکیا). باوکی و مامێکی دوو ساڵ بەر لە جینۆسایدەکەی ١٩١٥ سەفەری ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی لەوێ کاری بازرگانی بکەن و شتێ پارە کۆبکەنەوە و دواتر هەموو خێزانەکە ببەن. لە دەمی جینۆسایدەکەدا دەدەن بەسەر گوندەکەیاندا و زۆربەی پیاوانی گوند دەکوژن و پاشان ژن و منداڵ ڕاپێچی ڕێگەی سەختی گواستنەوە دەکەن بەرەو بیابانەکانی سووریا. لەو دەمەدا هیرانوش تەمەنی ٩ ساڵ دەبێت و سەرۆکی جەندرمەکانی پاسەوانی کاروانی ڕاگواستنیان لەدەستی دایکی دەیفڕێنێت و دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان و لەسۆنگەی ئەوەوە کە منداڵیان نییە دەیکەنە کچی خۆیان و ژنەکەی مامەڵەی کارەکەری لەگەڵ دەکات و دەیکەنە موسڵمان و ناوی لێدەنێن سەحەر و چەند ساڵێک لایان دەبێت. پاشان ژنی کابرا لەترسی ئەوەی نەوەک سەحەر گەورە ببێت و مێردەکەی بۆ خۆی مارەی بکات لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەیدا بە شوو بە خزمێکی خۆی. سەحەر لای فکری ئەفەندی مێردی دوو کوڕ و سێ کچی دەبێت و دەر و دەراوسێ دەزانن ئەم ژنە پێشتر گاور بووە زۆر تێکەڵی نابن و تەنانەت کە منداڵەکانیشی لە کۆڵان شەڕیان دەبێت لەگەڵ منداڵانی تردا بە ناتۆرەی گاور گاور شوێنیان دەکەون. سەحەر ژنێکی زیرەک و موسڵمانێکی لەخواترسی لێدەردەچێت و سەرقاڵی بەخێوکردنی منداڵەکانی دەبێت و کردار و ڕەفتاری جوانی وردە وردە دەچێتە دڵی خزم و دەراوسێکانیەوە و نێوانی خۆش دەکات لە گەڵیان. پاشان منداڵ گەورە دەبن و هەر یەکەیان دەبێتە خاوەن خێزانی خۆی و لە نێویاندا فەتحیەی کچەزای دەبێتە پارێزەرێکی بەتوانا و ناسراو بێئەوەی نە ئەم نە نەوەکانی تری سەحەر بزانن کە نەنکیان ئەرمەنی بووە و هەموو خۆیان بە تورکی پوخت دادەنێن و نەنکیش ئەم نهێنییە لای هیچ نەوەیەکی نادرکێنێت، بە هەمان شێوەش کوڕ و كچەکانی باسی ناکەن چونکە لە منداڵییاندا زۆر سووکایەتییان پێکراوە و ناتۆرەی گاوربوونیان دواخراوە. کاتێ سەحەر تەمەنی دەگاتە سەروو ٧٠ ساڵ و هەست دەکات کە مردنی نزیکبووەتەوە، وردە وردە ئەم نهێنییە لای فەتحیەی کچەزای دەدرکێنێت، کە یەکەمجار تووشی شۆک دەبێت کاتێ پێی دەڵێ من ناوم هیرانوشە و سەحەر نییە و ئەرمەنی بووم و لە ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەیەکدا وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی تەنها ئەم بزانێت و نهێنییەکە نەباتە ژێر گڵەوە. ئەوجا هەر لەم سۆنگەیەوە دەبێت کە فەتحیە وەک کەسێکی چەپی پێشکەوتنخواز شانازیبە ڕەگی ئەرمەنیی خۆیەوە دەکات و دەبێتە پارێزەری دەعواکەی تێرۆرکردنی هرانت دینک و لە سەر هەڵوێستی دژ بە دەسەڵاتی تورکیا تووشی گرتن و بەندکردن دەبێت و وردە وردە بۆی دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی تری تورکی دۆست و ناسیاوی هەن ئەوانیش نەنکیان ئەرمەن بووە. سەحەر/ هیرانوش تەمەنی درێژ دەبێت و ساڵی ١٩٩٩ لە ٩٥ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و ئەو دەمە فەتحیە هەموو شتێک ئاشکرا دەکات و بە شانازیشەوە کتێبیکی لە سەر دادەنێت بە ناوی "نەنکم لە دایکمەوە" و وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئەرمەنی. هەڵبەت ئەم باسە زۆر دوورودرێژە و کتێبەکەی فەتحیە کراوەتە عەرەبی بە ناوی "جدتی".
- چیرۆک و بەسەرهاتی حاجی ئیبراهیمی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی:
حاجی ئیبراهیم کوردێکی موسڵمانی سوننە مەزهەبی شافیعیی بەڕەچەلەک ئەرمەنە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٣یە لە باوک و دایکێکی ئەرمەنی و لە ئێستادا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دەژی. باوکی ئەم پیاوە لە جینۆسایدەکەدا هیچ کەسێکی نامێنێت و ئەو دەمە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ دەبێت و ماڵە کوردێک دەیگرنە خۆیان و بەخێوی دەکەن. پاشان هەر لەو گوندە کوردەدا دەگوێزێتەوە بۆ ماڵێکی ئەرمەنی "لە دەمی شمشێر بەجێماو"ی بەئیسلامکراو. لێرە ناوەکەی لە شماڤۆنەوە دەگۆڕێت بۆ عەلی و وەک کوردێکی موسڵمان گەورە دەبێت و دواجار کچە هەتیو کەوتوویەکی ئەرمەنی وەک خۆی تاقانەی دەربازبوو مارە دەکات و خێزان پێکەوە دەنێن و ئیبراهیم و منداڵی تریشیان دەبێت و وەک کوردی موسڵمان گەورە دەکرێن. ئیبراهیم لەپیر و ساڵاچووەکانەوە گوێبیستی ئەوە دەبێت کە "ئەرمەنە گاورەکان" خراپ و ناپاک بوون و خەڵکی کورد و تورکیان کوشتووە، چونکە دەوڵەت مەسەلەکەی پێچەوانە کردووەتەوە و خەتاکەیان خستووەتە ئەستۆی ئەرمەن گوایە خیانەتکار بوون و داردەستی ڕووسیا و دەوڵەتە بێگانەکان بوون بۆیە وایان لێکراوە. بەم پێیە ئیبراهیمیش ڕقی لێیان بووە و لە ماڵیشەوە باوک و دایکی نەیانوێراوە باسی ئەرمەن بکەن و لای منداڵەکانیان خۆیان بە کورد لەقەڵەم داوە. جارێکیانلە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ منداڵێکی هاوەڵیدا لە کۆڵان دەبێتە شەڕیان و بەر ناتۆرەی گاوری دەدا. ئەمیش بە پەستی و خەمباری دەگەڕێتە ماڵەوە و مەسەلەکەیان بۆ باس دەکات و باوکیشی ڕاستیی مەسەلەکەی تێدەگەیەنێت و تەنانەت کاتێ گەورەتر دەبێت ئەوەشی لا دەدرکێنێت کە لە ترسی کوشتن بە ڕووکەش بووە بە موسڵمان و هاتوچۆی مزگەوت دەکات بەڵام بە نهێنی هەر لەسەر ئاینەکەی خۆیەتی، کەچی بەو حاڵەشەوە هەر جیاکارییان لەگەڵ دەکەن. ئیبراهیم گەورە دەبێت و خێزان پێکەوە دەنێت و ماڵی دەباتە ناوچەیەکی تر و لەوێ دوکانێکی بازرگانی دادەنێتو وەک موسڵمانێکی ڕاستەقینە حەج دەکات و دڵسۆزی ئاینی ئیسلام دەبێت. بەڵام ئەمیش وەک زۆرێک لە خەڵکی تورکیا بە شێوەیەکی یاسایی لەگەڵ خێزانیدا دەچێت بۆ ئەڵمانیا و لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبن و لێرەش هەر پابەندی ئاینی ئیسلام دەبێت و بە لایەوە تازە پرسی ئەرمەنیبوونی کۆن بووە و پەروەردە نەریتییەکەی ڕێگەی نادات لە کوردبوونیشی هەڵگەڕێتەوە. لێرە کەمال یاڵچینی نووسەری تورک دەیدۆزێتەوە و یەکەمجار دوودڵ دەبێت باسی چیرۆکی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ بکات و ئەویش لە ڕێگەی مەلایەکی کوردەوە، بە ناوی مەلا چەلەبی، کە هەر لەو شارە دەژی قەناعەتی پێدەکات کە بەسەرهاتی خێزانەکەی بۆ بگێڕێتەوە. حاجی ئیبراهیم بەم جۆرە شوناسی خۆیی بۆ دەگێڕێتەوە:
"زمانی دایکیی من کوردییە، وەک کوردێک هەست بە خۆم دەکەم. من بە ڕەچەڵەک ئەرمەنیم، دایک و باوکم ئەرمەنی ڕاستەقینەن. من لە گوندێکی کوردەواریدا گەورە بووم و یەک وشەی زمانی ئەرمەنی نازانم و... کاتێ ئەڵمانەکان پرسیار لە ناسنامە و نەتەوەی من دەکەن، وا وەڵام دەدەمەوە کە من خەڵکی تورکیام و زمانی دایکیم کوردییە و ناسنامەکەم ئەرمەنییە و ئاینم ئیسلامە".
لێرەدا مەبەست لەوەیە کە تراوما و تێکچوونی باری دەروونیی ڕزگاربووی جینۆساید چ کاریگەرییەکی تێکشکێن بەجێدەهێڵێت لەسەر ڕەفتار و بیرکردنەوەی کەسەکە. بۆ نموونە کچەکەی حاجی ئیبراهیم، کە لە قۆناخی ئامادەیی خوێندندا دەبێت و لەسەر نەریت و فەرهەنگی کوردبوون گەورە دەبێت و پەروەردە دەکرێت و شانازییش بەو کوردبوونەی خۆیەوە دەکات و لە بۆنە کوردییەکاندا خوێندکارێکی چالاک دەبێت و لە ماڵەوە هیچ کاتێ گوێبیستی ئەوە نەبووە کە ڕەچەڵەکی کورد نییە. جارێکیان لە قوتابخانە کچە ئەرمەنێکی هاوڕێی دەمی لەگەڵ تێدەگیرێت و ناتۆرەی "کوردی پیسی" لێدەنێت ئەمیش لە وەڵامدا بەر ناتۆرەی "ئەرمەنی گاوری" دەدات. بەڵام کاتێ بە تووڕەیی و دڵشکاوی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ و باسی ئەم شەڕەی دەکات، ڕێکوڕەوان پێی دەڵێن تۆ خۆت بە ڕەچەڵەک ئەرمەنیت و خێزانەکەت قوربانیی دەستی تورک و کوردە لە جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥دا. بەم جۆرە کچە تووشی شۆک دەبێت و ناسنامەی تێکدەشکێت و لەوە بەدوا دەبێتە دوژمنی تورک و کورد!
کاتێ من ئەم کتێبەم بەخشییە برادەرێکی نووسەرم لە سلێمانی و بەتایبەتیش باسی ئەم چیرۆکەی حاجی برایمی ئەرمەنیم بۆ کرد، یەکسەر وتی خۆ خەزووری منیش بە ڕەچەڵەک ئەرمەنە و هەر لەوێدا تەلەفۆنی بۆ خانمی خێزانی کرد و ئەمیش بە وردی باسی چیرۆکی خێزانەکەیانی بۆکردم کە کورتییەکەی بەم جۆرەیە: حاجی حەمەساڵحی باوکی ئەم خانمە بە منداڵی لەگەڵ باوکیدا لە زاخۆوە هاتوونەتە سلێمانی و لە ماڵی پێترۆس ناوێک، لە کریستیانەکانی سلێمانی، داڵدە دراون و هەوڵی بۆ داون لە ساڵی ١٩٣٢دا ڕەگەزنامەی عێراقیی بۆ خەلیل خەمۆی باوکی حەمەساڵح دەرهێناوە و وێنەی ڕەگەزنامەکەشی بۆ ناردم. خەلیل تەنها گوتوویەتی ئێمە ئەرمەنین و کاتی خۆی لە گوندی "نازلی" ناوچەی وانەوە دێ بە دێ و شار بە شار هاتووین تا گەیشتووینەتە زاخۆ و لەوێشەوە بۆ سلێمانی و پاشان لە شارەدێی بەکرەجۆ (کە ئێستا گەڕەکێکی شاری سلێمانییە)گیرساونەتەوە. خوشک و براکانی ئەم خێزانە زۆر هەوڵ دەدەن ڕەگ و ڕەچەڵەکی خۆیان بەتەواوی بدۆزنەوە و تەنانەت خەڵکیان ڕاسپاردووە بۆ گوندی نازلی و سەلماندوویانە کە بەڵێ ئەم خێزانە خەڵکی ئەوێ بوون و لە ئێستادا پێیان خۆش نییە بێنەوە چونکە مڵکیان لەوێ هەیە و دەترسن ساغی بکەنەوە و لە دەستی خەڵکی گوندەکەی دەربێنن، ئەگەچی ئەو خێزانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هیچیان ناوێ و تەنها دەخوازن ڕەچەڵەکی خۆیان بۆ ساغ ببێتەوە و کاتی خۆی خەلیل خەمۆی باپیریان شتێکی ئەوتۆی بۆ باوکیان باس نەکردووە و ناهەقیشی نەبووە چونکە لەو ڕۆژگارە پڕ مەترسییەدا خوێنی ئەرمەن حەڵاڵ کرابوو. (من لێرەدا ئەم زانیارییانەم بە مۆڵەتی ئەو خانمە و هاوسەرەکەی باسکردووە).
-محەمەد ئوزونی ڕۆماننووسی کورد (١٩٥٣ - ٢٠٠٧) و گێڕانەوەی بەسەرهاتی تاڵی ڤاردانی پینەچییە بەناوبانگەکەی دیاربەکر
ئوزون بۆ یەکەمجار گوێی لە زاراوەی "لە دەمی شمشێر بەجێماوە" بوو بە ئاماژەدان بە دەراوسێ ئەرمەنەکەی ماڵی مامی لە گەڕەکی گاوران لە دیاربەکر، کە ئەم وەک قوتابییەکی گەنج لەوێ دەمایەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، مامی محەمەد گەڕەکی گاورانی "گاڤوور محەللەسی" شاری دیاربەکری وەک شوێنی نیشتەجێبوون هەڵبژاردبوو، دوور لە جەنجاڵی و ژاوەژاوی ناو شار. ئوزون لە نووسینێکیدا بە ناوی "گوڵی هەنار"، وا باس لە دەراوسێکەی دەکات کە پینەچییەکی بێوەی و هێمن و ماندوو بووە و ناخی پڕ بووە لە ئازار و خەفەت و هەردەم چاوی دەبڕییە ڕووباری دیجلە و دەگریا و گۆرانیی خەمناکی دەچڕی و داخ و پەژارەی خۆی دەڕژاندە ئاوی دیجلەوە. ئەمە هەمیشە دووبارە دەبووەوە کاتێ خێزانی پینەچییەکە دەچوونە دەرەوە بۆ پیاسەکردنێک لە ژێر دارهەنارەکانی قەراخ ڕووبارەکەدا و هەمیشە محەمەدیان لەگەڵ خۆیان دەبرد، کە هاوڕێیەکی نزیکی مگۆ(میگردیج)ی کوڕیان بوو. ڤاردانی پینەچییە بەناوبانگەکەی دیاربەکر، کاتێ شووشەی عەرەقە ڕاکییەکەیrakıبە سەرەوە دەنا دەمارەکانی شل دەبوون و جڵەوی ناخی خۆی لەدەست دەدا و خۆیی پێ ڕانەدەگیرا و دەگەڕایەوە بۆ ڕابردووەتاڵ و پڕ لە زەبروزەنگەکەی ئەو دەمە و گۆرانیی دەگوت و وشەگەلێکی لە زار دەردەپەڕین کە هیچ مانایەکیان نەبوو بۆ نەوەی نوێ و بەتایبەتی غەیرە ئەرمەنەکانی تورکیا. ئاخر ڤاردان کەسی نەمابوو لە جینۆسایدەکە و تەنها خۆی وەک منداڵێکی تاقانە ڕزگاری بووبوو.
ساڵان تێپەڕین محەمەد ومگۆ و ڤاردان و گۆرانییە غەمگینە تەمومژاوییەکانی و دارهەنارەکانی بە "گوڵی وەک خوێن سووری" لەبیرکردتا ئەو کاتەی محەمەد لە ئیستانبوڵ بە تۆمەتی سۆشیالیست بوونیگیرا و بە ڕێکەوت لە دیاربەکر زیندانی کرا. ئەمەش ڕاستەوخۆ دوای کوودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٧١ بوو لە تورکیا. ئەوجا دوای ئازادبوونی لە زیندان، چەند ڕۆژێک لە دیاربەکر مایەوە بۆ ئەوەی سەردانی یادگارییەکانی منداڵیی خۆی بکات. نە مگۆ و نە خێزانەکەی لەوێ نەمابوون. ئەو دەمە خێزانێکی کوردی خەڵکی گوندێکی نزیک لەو ماڵەدا دەژیان و گەڕەکی گاورانی ئەرمەنی گاوری تێدا نەمابوو و چۆڵیانکردبوو.
"ئەوان لێرە چیتر شوێنێکیان بۆ نەمابووەوە، لەم دیاربەکرەدا، کە لێرە بەدواوە بەناوبانگ بوو بە زیندانە سەربازییەکانی، بە زیندانە تاریکەکانی و بە سێدارەکانی و کاروانسەرا و گەرماوە تورکییەکانی و مەیخانەکانی وسۆزانیخانەکانی، لەم شارەی قەڵای خەم و نۆستاڵجیادا".
ئوزون لە تاراوگە فیلمێکی ئەرمەنیی بینیبوو کە هەمان گۆرانییە خەمناکەکانی ڤاردانی تێدا دەگوترایەوە و کاتێ دۆستە ئەرمەنەکانی ناوەرۆکەکیان بۆ باسکردبوو ئەوسا تێگەیشتبوو کە ڤاردان لە چ دەروونێکی کەیل و پڕ لە سۆز و خەمەوە ئەو گۆرانیانەی چڕیوە. هەر ئەمەش وایلێکردبوو کە دواتر ڕۆمانی "گوڵە هەنار" بنووسێت.
- موسڵمانە ئەرمەنەکان، پارادۆکسێک!
لە نێو ئەو بنەماڵە ئەرمەنیانەی کە بووبوونە موسڵمان، هەندێکیان بە دڵ و بە گیان ئاینی نوێیان لە باوەش گرت و هەندێکی تر خۆیان وا پیشان دەدا کە پابەندن بە ئاینی نئیسلامەوە بەڵام بە نهێنی باوەڕی مەسیحیی خۆیان پەیڕەو دەکرد و دەستیان بە سرووت و نەریتەکانیانەوە گرتبوو، کەچی بەبێ گوێدانە ئەم بژاردانە، هەموویان تووشی هەڵاواردن و جیاکاری بوون. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە موسڵمانبوونی بەکۆمەڵ پێشینەی خۆی هەبوو لە مێژووی ئەرمەنەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. ئەوان لە ترسی تووشبوون بە کێشە و مەینەتییەکی نوێ بەناچاری دەبوون بە ئیسلام، یان تەنها بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و چەوساندنەوەی بەردەوام دەسبەرداری ئاینی کریستیانی خۆیان دەبوون و ئاینی ئیسلامیان قبووڵ دەکرد و بەرە بەرە لە نەوەکانی دواتردا ڕەگی دادەکوتا.کات و ژینگە ڕۆڵی خۆیان بینی لە چەسپاندنی باوەڕی هەندێکیان بە ئیسلام و هەندێکیشیان بەپێچەوانەوە.
-هێرمین یەکێکە لەو ڕزگاربووانەی کە ژیانی وەک ژنێکی بە ناچاری مێردکردوو بە پیاوێکی موسڵمان بەرجەستە بووە و بەم شێوەیە کۆمەڵگە ئەرمەنییەکەی بێزاندوویەتی و دابڕاوە. ئەم بارەش بووە بە مۆرکی ژیانی کچە ئەرمەنە ڕزگاربووەکانی دوای کۆمەڵکوژییەکانی ساڵانی ١٨٩٤ - ١٨٩٦، واتە پێش دەرکردن و ڕاگواستنی تەواوەتیی ئەرمەنەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. هێرمین، کچێکی جوانی ئەرمەنی بووە و لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری دەبێت و وەک شایەتحاڵی کوشتارەکە و سەربڕینی باوکی و براکانی و دەستدرێژیکردنە سەر دایکی و پوورەکانی و شێواندنی جەستەیان بە شێوەیەکی دڕندانە هەر لەوێ لەبەردەم ماڵەکەیاندا لە شاری وان. لە شوێنی حەشاردانی خۆیەوە لەناو کوورەیەک یان تەنووری بەردیندا، ئەم کچە بچووکەدەبینێت ئەو دڕندانە چۆن گۆی مەمکی قوربانییەکانیان دەبڕن و دەیکەن بە شیشی دارینەوە و لە سەر تەختە دارێک چەسپیان دەکەن. کچەکە ماوەی سێ ڕۆژ لە حاڵەتی بێهۆشی و بێهێزیدا دەمێنێتەوە. کاتێ لە کۆتاییدا بە سکەخشێ دێتە دەرەوە و خەریکە لەبرسا بمرێت، دەبینێت تەواوی شارەکە پڕبووە لە تەرمی مردووەکان. ئەو لە کوشتارەکە دەرباز بوو بەڵام تووشی لەبیرچونەوەی ڕابردوو دەبێت و ئەمەش بوو بە میکانیزمێکی بەرگری بۆ پاراستنی لە شێت بوون لە ژێر فشاری ئەو دیمەنە ترسناکانەدا کە بە چاوی خۆی بینیبوونی.
ژیانی هێرمین نوقمی بێبەشی و نەهامەتی بووبوو، سەرەتا لە خانەی هەتیوان لە قوستەنتینیە، پاشان وەک خزمەتکاری خێزانێکی دەوڵەمەندی یۆنانی و لەوێش دەستدرێژی سێکسیی دەکرێتەسەر و دووگیان دەبێت، پاشان ڕادەکات بۆ ئەو تاکە ناونیشانەی کە دەیزانی لەو ماوەیەدا کە لە خانەی هەتیوان دەبێت، کاتێ خانمێکی فەرەنسی سەردانی کچانی خانەکەی کردبوو و بردبوونی بۆ ماڵەکەی خۆی و بەڵێنی "ژیانێکی ئاسوودە"ی پێدابوون. وا ئێستا مەدامە فەرەنسییەکە یارمەتیی دەدات بۆ لەباربردنی منداڵەکە و بۆ ماوەیەک گرنگیی پێدەدات و چاودێریی دەکات، بەڵام ئەمیش پلانێکی لە مێشکدابوو بۆ کچەکە. وردە وردە و بەبێ ئەوەی هێرمین بە خۆی بزانێت دەبێتە گەنجینەیەکی بەنرخی ئەو ماڵە کە لەڕاستیدا سۆزانیخانە بووە. لەوێ، توانای کۆکردنەوەی هەندێک پارەی دەبێت و بۆ ماوەیەکی کورت دەچێتە ڕۆدۆستۆ،لەوێش بەردەوام دەبێت لە سەر ئەم کارەی لە ناو کۆمەڵگەی ئەرمەنیدا و بۆ چێژ وەرگرتن دەبێتە مایەی سەرسامیی پیاوەکان و بەر نەفرەت و سووکایەتی پێکردنی ژنەکان دەکەوێت. دواجار لە ماڵی پیاوێکی ڕەبەنی بەتەمەنی خاوەن بانکێکیتورکی لە ئیستانبوڵ دەگیرسێتەوە و وەک كچە هاوڕێیەکی خزمەتی دەکات، بەڵام بەر بێزلێکردنەوە و سووکایەتی پێکردنی ژنە ئەرمەنە هاوڕەگەزەکانی دەکەوێت و خۆیانی لێ دادەبڕن.
- سوڵتان، کە ژنە ئەرمەنییەکی نەوەی سێیەمی بەئیسلامکراو بوو، لە چاوپێکەوتنەکەی یاڵچیندا، باسی باپیری خۆی دەکات کە بە ناچاری کچەکەی داوە بە کوردێک و چۆن بە خەمبارییەوە بۆ کچەکەی گریاوە و گوتوویەتی "کچەکەمم کردە قوربانی بەوەی کە دام بە کوردێک". ئەوجا لە ترسی هەمان چارەنووس کچێکی تری ١٢ساڵانی، لە پیاوێکی ئەرمەنی بەئیسلامبووی تەمەن ٣٠ ساڵ مارەکردووە کە دەکاتە دایکی سوڵتان. حاجی ئیبراهیم چیرۆکێکی هاوشێوە لە سەر خوشکە جوانەکەی دەگێڕێتەوە، کە چۆن باوکیان بەپەلە لە کوڕێکی هەتیوی هەژار و ناشیرین و کەچەڵ مارەی کردووە و یەکێک بووە لە مێرینەرەکان (واتە ئەرمەنە موسڵمانەکان)، چونکە ئاغایەکی کورد چاوی لە سەر بووە و گەرەکی بووە بۆ خۆی بیخوازێت.
- نێرگز ژەمکۆچیانی خەڵکی ناوچەیەکی سەر دەریای ڕەش، دەگێڕێتەوە کە هەموو ئەرمەنەکانی شارۆچکەکە دەرکراونەتە دەرەوە و پێش دەستپێکردنی ڕاگواستنەکە کوژراون. داپیرەی نێرگزی تەمەن چوار ساڵ و هاگۆپی برا دوو ساڵانەکەی بە دراوسێیەکی یۆنانی دەسپێرێت. منداڵەکان تا دەرچوونی فەرمانی حکوومەت بۆ لەسێدارەدانی هەرکەسێک لەوانەی کە ئەرمەنەکانیان داڵدە دابێت یان شاردبێتەوە. پاش ئەم بڕیارە منداڵەکان فڕێدرابوونە سەر شەقام. تەمەنی نێرگز زۆر لەوە بچووکتر بووە کە هەموو ئەمانەی لەبیر بێت وچیرۆکەکە زۆر دواتر لە لایەن دایکی و داپیرەیەوە بۆ گێڕدراوەتەوە. بەڵام ئەوەی لە هەست و بیریدا پاراستوویەتی و هەرگیز لەیادی ناکات ئەو ساتەوەختە بووە کە بە هۆی سروشت و خووی مانەوەوە دەستبەرداری برا نەخۆشەکەی بووە و لە ناو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا جێیهێشتووە کە جەندرمەکان لە کەناری دەریادا کۆیان کردبوونەوە و لەوێ دووریانخستبوونەوە. ئەو لە پشتی دار و دەوەنەکانەوە بینیبووی کە چۆن زەبتییەکانzaptiehژنە تورکەکانیان دووردەخستەوە، کە لەوێ کۆبووبوونەوە بۆ یارمەتیدانی منداڵەکان بە پێدانی پارچە نانێک و کووپێک ئاو. هەروەها گوێی لە هاوارکردنی زەبتییەکان بووە: "خەمی تنوێتیی ئەوان مەخۆن، چونکە بەم زووانە ئاوێکی زۆریان دەبێت بۆ خواردنەوە" و بە ترس و تۆقینەوە تەماشای دەکرد چۆن زەبتییەکان منداڵەکان بە دەم قیژە و گریانەوە هەڵدەدەنە ناو ئاوی دەریاوە بۆ ئەوەی بخنکێن. ئەوە دواجار بووە کە براکەی تێدا بینێت، بەڵام ئەم بە درێژایی ژیانی یادەوەریی ئەو دیمەنە و ئەو نیگا ترسناکەی کە لە سەر دەموچاوی براکەی بوو لە ئاگایی و لە خەونیشدا بەرۆکی بەرنەدەدا و سەردانی دەکرد.
هەرچەندە نێرگز هەموو تەمەنی گەورەیی خۆی لە سوخومی و لە کەناری جوانی دەریای ڕەشدا بەسەربردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خۆی لەگەڵ دیمەنی دەریادا ئاشت بکاتەوە. بۆ ئەو "ئاوەکانی دەریا بەڕواڵەت بێباکانە جەستە و ڕۆحی ئەرمەنە لەناوچووەکان، خنکاو و لەدایک نەبووەکانی گرتبوو، فرمێسک و قیژە و هاواریان لە ڕێگەی خوێ و تاڵیی ئاوی تاریک و نرکە و ناڵەی شەوانەی شەپۆلەکانیەوە هەستیان پێدەکرا و ئازار و ترس و تۆقینیان هێشتا بەرەو شێتبوونم دەبەن ئەگەر زاتم هەبێت و دوای چەندین ساڵ بوێرم لە دەریا نزیک ببمەوە!"
-لە ماوەی ئەم کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنە بەربڵاوانەدا، ئەرمەنەکان لە هەندێک شوێن، وەک پێشتر باسمان کرد، بژاردەی موسڵمان بوون و مانەوەیان پێدرا. زۆرێک لە ژنانیش، هەندێکیان بە زۆر و هەندێکی تر بە ئارەزووی خۆیان، بران بۆ ماڵە موسڵمانەکان وەک هاوسەر یان کەنیزەک و ڕزگاریان بوو. بەڵام دەیان هەزار ئافرەت پەنایان نەبردە بەر بژاردەی ئەوەی "ڕۆحی خۆیان ڕزگار بکەن" وبەردەوامی ژیانبن لەگەڵ مۆتەکەی ڕابردوو و هەستکردن بە پەشیمانی و ئازاری ویژداندا کە خیانەتیان لە نەتەوە و ئاینەکەیان کردووە. بۆیەئەوەیان هەڵبژارد کە بەردەوام بن لە گەشتەکەیاندا بەرەو مردن.
-لە ڕۆمانی ئاگۆپ هاجیکیان، "هاوینێکی بێ بەرەبەیانA Summer Without Dawn" (٢٠٠٠)، مارۆ ژنە جوانەکەی ڤارتان بالیان، بڕیاریدا لەگەڵ ڕەزا بەگ بڕوات، کە ئەفسەرێکی پلە باڵا و دواتر قایمقامی عەینتاب بوو و بەڵێنی دابوویە بینێرێتە ئیستانبوڵ بۆ ئەوەی بگاتە کەسوکارەکەی لەوێ.هەڵەی ئەو ژنە ئەوە بوو کە بە درێژایی وەخت بە نیازی ناپاکی ڕزگارکەرەکەی دەزانی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەر لەگەڵیدا ڕۆیشت، تەنها لە پێناوی دەربازکردنی تۆماسی کوڕەکەیدا. لەم ڕۆمانەدا ئێمە شایەتحاڵی ئەو ئازارە دەروونییە سەختەین کە مارۆ تووشی بووە و چۆن ماوەی چوار ساڵ ژیانی زۆرەملێی هاوسەرگیریی لەگەڵ "ڕزگارکەرەکەی"دا بەرگەی گرتووە. لە هەمان کاتدا بە شێوەیەک وێنای ڤارتان بالیانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی کردووە کە لە باسکردن نایەت. سەرەتا لە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی و پاشان هەڵهاتنی لە زیندانێکی تورکیا و گەشتە پڕ ئازار و مەینەتییەکەی، کە چوار ساڵی خایاندووە و دواجار بەرەو ئازادی و یەکگرتنەوەی پەرجوو ئامێزی لەگەڵ خێزانەکەی.
ڕەزا بەگ میهرەبان بوو چونکە مارۆ و کوڕەکەیی لە مردنی مسۆگەر ڕزگارکرد لە ڕێگای ڕاگواستندا، بەڵام لەبری ناردنی ئەوان بۆ ئیستانبوڵ، بردی بۆ کۆشکەکەی و کردی بە ژنی چوارەمی خۆی. مارۆ دەڵێ: "ڕەزا بەگ ناچاری کردم خۆشم بوێت و لەو ساتانەدا وام بیر دەکردەوە کە بە ڕاستی خۆشمویستووە و من قەرزاری ئەوم. من قەرزاری ئەوم بە ژیانی تۆماس و ژیانی خۆیشم بەڵام ئەوە هەموو شتێک نییە!... من هەمیشە هەستم دەکرد کە زیندانیم و پاشان...". ڤارتان کەوتبووە ئەوەی گومان لە خەمباری و تەریککەوتنی مارۆ بکات و خۆدوورگرتنی لە پەیوەندیی هاوسەرگیرییان. ڕەزا بەگی دەبینی لە نێوان هەردوکیاندا وەستاوە. ئاخۆ ڕەزا بەگی خۆشدەویست و پێی باشتر بوو ژیانی لەگەڵ بباتەسەر؟ ئایا ئەوە ئەو نهێنییە بوو کە لە دڵیدا هێشتبوویەوە؟ ئەو دەبوو ددان بە ڕاستیدا بنێت بۆ هاوسەرەکەی، کەوا کاری مەحاڵی کرد و سەرتاسەری ئەنەدۆڵ گەڕا تا دواجار دۆزییەوە، بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە و ڕاستگۆ بێت لەگەڵی و هەموو ئازارەکانی لا بدرکێنێت "ئەگەر بزانیت بە چ دەردێکەوە گرفتارم! ئەگەر بزانیت چ ئازارێکم هەیە". ئەو چیتر نەیتوانی بەرگەی ئازارەکەی بگرێت و نهێنیی خۆی ئاشکرا کرد: منداڵێکی لە ڕفێنەرە تورکەکەی بووە و هەستکردنی بە تاوان لە سەر جێهێشتنی منداڵێک لە دوای خۆی ئەو ژنە داماوەی دەهاڕی و دەیکوشت. ڤارتان هەڵە بوو، "برینی ئەو ژنە لەدەستدانی نۆرهان بوو و نەیدەزانی ئەو برینە هەرگیز چاکنابێتەوە و ساڕێژ نابێت". ئاخۆ دەتوانێت ئەو لەبیر بکات لە ژیانی نوێیدا لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی؟ ئایا دەتوانێت لای هاوسەرەکەی پێ لەوە بنێت کە لە ماوەی "دیلبوونەکەیدا" خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەی بۆ ئەو پیاوە تورکە نەشونمای کردووە؟ لە ڕۆمانەکەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دوای ماوەیەک ژیانی ئەو ژنە لەگەڵ ڕەزا بەگدا چیتر ژیانی ژنێکی دیل و ڕفێنەرەکەی نەبووە. ئەی ئەو منداڵەی کە لە دوای خۆی بەجێیهێشتووە؟ ئاخۆ کاتێ نۆرهانی کوڕە نیوە ئەرمەن و نیوە تورکەکەی، گەورە دەبێت و دەزانێت کە دایکی ئەرمەنی بووە، ناگەڕێت بە دوای جووت شوناسەکەدا؟
- ئەلیف شەفەقی ژنە ڕۆماننووسی بەناوبانگی تورک، لە ڕۆمانەکەیدا "زۆڵەکەی ئیستانبوڵ" و لە ڕێگەی خەم و مەراقی خێزانی چەخماقچیانی ئەرمەنییەوە ئاماژە بە گەلێ دەرد و کەسەری دەروونیی ئەرمەنەکان دەدات و تا چ ئاستێک کەسانی خێزانی ناوبراو نیگەرانن لەوەی ئارمانوشی کچە منداڵەکەیان بکەوێتە لای باوەپیاڕەیەکی تورک (مستەفا کازانچی).
-ژنێکی گەنجی خەڵکی خەرپوت (ئێلازیغ) یەکێک بوو لەو ئەرمەنە موسڵمانانەی کە لە تەلەعفەر دەژیا. بە بیانووی فرۆشتنی نان، هاتبوو بۆ بینینی کاروانی ئەم کۆمەڵە ڕزگاربووە ئەرمەنە کە بە شاردا تێدەپەڕین. ئەو بە گریانەوە بە دەم داواکاری و هاندانی ژنانی ناو گرووپەکەوە ڕۆیشت کە هاوسەرە تورکەکەی بەجێبێڵێت و لەگەڵ ئەواندا بڕوات. بەڵام سێ کۆڕی لێی هەبوو کە لە ڕۆحی خۆی زیاتر خۆشیدەویستن و چۆن دەیتوانی بەجێیان بهێڵێت و دەستبەرداریان ببێت؟
چیرۆک و بەسەرهاتی ئەم ژنە خەرپوتییە، کە هاوشێوەی چیرۆکی مارۆیە، چیرۆکی زۆرێک لە کچانی ئەرمەن بوو لە ماڵە موسڵمانەکاندا. هەندێکیان هەڵدەهاتن و منداڵێکی هەتیویان بەجێدەهێشت، کە بەرهەمی ژیانی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بوو.
- ئێستەر کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی لاواز و نەخۆش، خەریک بووە لە کاتی ڕاگواستن و ڕێپێوانی مردنەکەدا لەناوبچێت، بەڵام لە لایەن ژنێکی ئەرمەنی بەئیسلامکراوەوە ڕزگار و چاودێریی کراوە و پاشان داویەتی بە ژن و مێردێکی بەساڵاچووی بێ منداڵی تورک. لەو ماڵە تورکەدا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ گەزیر خەدیجە و وەک کچێکی ماڵەکە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بەڵام لەلایەن "باوک"یەوە دەستدرێژیی کراوەتەسەر. دواتر کچە لەو ماڵە هەڵاتووە بۆ خانەی هەتیوانێک کە، هەموو هەفتەیەک، تورک و کورد لە ناوچەکانی دەوروبەریەوە دەهاتن بۆ ئەوەی خزمەتکارێک، منداڵێک، یان هاوسەرێکیان لەوێ دەستبکەوێت و لەگەڵ خۆیاندا بیبەن. گەنجێکی تورک ئێستەری هەڵبژاردبوو و وەک هاوسەر مارەی کردبوو. لێرەوە بەڵا و مۆتەکەیەکی تر ڕوویکردبووە ئەم کچە، کاتێ کە "مێردەکەی" زانیبووی پەردەی کچێنیی نەماوە، کەوتبووە لێدان و فەلاقەکردنی. لەگەڵ ئەوەشدا، کابرا دەستبەرداری نەبووە و ژنەی کردووە بە کۆیلەی سێکس لە ماڵەکەیدا، بەڵام خۆشبەختانە منداڵی نەبووە،چونکە لەو کاتی ترس و تۆقینی ڕاگواستن و ڕێپێوانی مەرگەدا تووشی شۆک و تراوما بووە و لە سووڕی مانگانە چووەتەوە. ئێستەر پێ لەوەش دەنێت کە سەرەڕای ڕەفتارە دڕندەییەکانی ئەم گەنجە لەگەڵیدا کەچی ئەم هەر خۆشیویستووە! ئاخۆ هیچ لێکدانەوەیەکی سایکۆلۆجیی هەیە کە ڕوونکردنەوە لە سەر ئەم جۆرە پەیوەندییە بدات؟ ئەم ژنە خراپ مامەڵەکردن و لێدان و دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتەسەر، کەچی هەر ژیانی خۆی لەو ماڵەدا بۆ ماوەی سێ ساڵ بەکێشکردبوو تا دەرفەتێکی هەڵهاتنی دۆزیبووەوە بۆ زێدی لەدایکبوونی. لەوێ خێزانێکی ئەرمەنی داڵدەیان دابوو، تا دواجار گەیاندبوویانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
- ئۆرورا ماردیگانیان کیژۆڵەیەکی تەمەن ١٦ ساڵ بووە و لەگەڵ سەدان کچ و ژنی ئەرمەندا لە جینۆسایدەکەدا دەستبەسەر کراون و بە پارەیەکی کەم فرۆشراون بە ماڵە دەوڵەمەندەکان و وەک کارەکەر و کەنیزەک بەکاریانهێناون. ئۆروورا بە یەک مەجیدی (٨٥ سەنت) فرۆشراوەتە بەگێکی تورک و دەرد و مەینەتییەکی زۆری بینیوە تا دواجار هەلی بۆ دەڕەخسێت و ساڵی ١٩١٧ دەگاتە ئەمریکا بۆ لای برایەکی. ئازارەکانی ئۆرورا ماردیگانیان تەنانەت دوای گەیشتن بە ئەمریکاش بەردەوام بوو. ئەو بە ئازایەتییەوە پابەند بووبوو بە نواندنی ڕۆڵی کارەکتەری خۆی لە فیلمی "ئەرمینیای زەوتکراوRavished Armenia" (١٩١٩)دا، کە لەسەر بنەمای بیرەوەرییەکانی ئەو وەرگیرابوو. لە ماوەی دوو ساڵی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا، تاقیکردنەوەی خۆی زیندوو کردەوە و نواندنەکەی زیانێکی زۆری بە تەندروستیی گەیاند، چونکە نەیدەتوانی تەنها شەوێکیش گەشتە دوور و درێژەکەی بە ناو دۆزەخدا لەبیر بکات. لە دەرەوەی ماڵەکەدا چیچانەکان پاسەوانیی دەستکەوتەکانیان دەکرد کە ژنە ئەرمەنەکان بوون و کوشتنی بەکۆمەڵی ئاوارە و پەنابەران بە درێژایی شەو بەردەوام بوو. گوێی لە قیژە و هاواری تیژ و زرمەی سمی ئەسپەکان بوو. "هەندێ جار ئێستاش ناتوانم بخەوم، هەرچەندە بۆ هەمیشە سەلامەتم و لە ئارامیدا دەژیم، بەڵام لە شەودا ئەوهات و هاوارانە دێنە گوێم و تەنانەت لەو کاتەشدا کە هاوڕێکانم لە دەورمن و ناتوانم لە گوێمدا بێدەنگیان بکەم". ئەو هەرچەندە لەگەڵ کەسێکی ئەرمەنیدا هاوسەرگیری کردبوو و کوڕێکی لێی هەبوو، بەڵام ئەو ئاسەوارە لە مێشکیدا نەدەسڕایەوە، بۆیە خۆی لە کۆمەڵگە دابڕی و ژیانێکی تەریک و تەنیایی دەگوزەراند و بەردەوام بە خەیاڵ وای هەست دەکرد تورکەکان لە پشت دەرگای ماڵەکەیەوەن و لە ئامادەباشیدان هەڵبکوتنە سەری، تا ئەو کاتەی بە تەنها مرد و حکوومەت تەرمەکەی گواستەوە و لە گۆڕێکی بێ ناونیشاندا بە خاک سپێردرا.
-ئارام ئەنتۆنیان باس لە حاڵەتەکانی مرۆڤخواردن (کانیباڵیزم) لە ناو دەستە و تاقمی دەربازبووی ئێرە و ئەوێی ئەرمەنە ڕاگوێزراوەکاندا دەکات لە بیاباندا. ئەوان گۆشتی کەسانی نزیک و هاوەڵی خۆیان دەکوڵاند و دەیانخوارد کە لەبرسا و بە نەخۆشی گیانیان لەدەستدابوو. کچێکی بچووک لە تاو برسێتی لە پەلوپۆ کەوتووە و لە سەر لمی بیابان و لە بەر خۆری سووتێنەردا ڕاکشاوە و لە سەرەمەرگدایە و دایکی بێدەسەڵاتانە چاودێریی دەکات. کچە لە حاڵەکاتی دوا هەناسەی مردنیدا بۆنی گۆشتی کوڵاوی لاشەی مرۆڤێک دەکات کە خزم و ناسیاوەکانیان لەولایانەوە خستوویانەتە سەر ئاگر و بە دەنگە لاوازەکەی داوا لە دایکی دەکات بچێت تۆزێکیان لێوەربگرێت بۆ ئەو. دایکەش دەچێت و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە. لێرەدا کچە دەپرسێت: "ئەوان هیچیان پێ نەدایت؟ دایکە گیان کە من مردم، تۆ بە تەنها گۆشتەکەمبخۆ و بەشی کەسی تری لێمەدە".(ئارام ئەنتۆنیان یەکێکە لەو ٢٥٠ ڕۆشنبیر و ناودارانەی ئەرمەنی ئیستانبوڵ کە بەرەو مەرگ ڕاپێچیان کردن لە ٢٤ی نیسنی ١٩١٥دا، بەڵام ئەم و ١٥ کەسی تریان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕزگاریان بوو).
-هریپسیمێ زینیانی کیژۆڵەیمنداڵی هەشت ساڵان، لە نێو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا بووە کە لە کەمپی ئاوارەکانی دێرەزور لە بیابانی سووریا لە دایکیان جیاکرابوونەوە، باس لەوە دەکات کە ئەو منداڵانەی لە دۆڵێکی ئەو نزیکانەدا کۆکرابوونەوە، هاواریان دەکرد و دەگریان. ئەو شەوە منداڵەکانیان بە بێ نان و ئاو هێشتەوە و خەریکبوو لە تینواندا دەخنکان، دنیا تاریک بوو، چەم و جۆگە ئاوێکیان دۆزییەوە و بە هەڵەداوان کەوتنە سەری و تا توانییان لێیان خواردەوە. بۆ بەیانیەکەی بە ترسەوە دەموچاوی یەکتریان بینی کە پەڵە پەڵە خوێنی پێوەبوو. تومەز ئەم جۆگەیە خوێناوی خزم و کەسوکارە کوژراوەکەی خۆیان بووە کە لێیان خواردووەتەوە. دواجار منداڵەکان بۆ دوور بران و فرۆشرانە عەرەبە بەدووەکان. لەوێ ناوی هریپسیمێ ناوی گۆڕدرا بۆ حەمدییە و ڕوومەت و قۆڵەکانی خاڵکوت (تاتوو) کرابوو، وەک هەموو ژنانی خێڵە بەدووەکان و لەو ماڵە عەرەبەدا ژیاوە تا لە ساڵی ١٩١٩دا ڕزگارکرا.
-ڤێرجین کیژۆڵەیەکی تەمەن سێزدە ساڵ بوو کاتێ لەگەڵ دایکە بێوەژنەکەی خستیانە ناو کاروانی ڕاگوێزراوانەوە و کاتێ گەیشتنە بیابانی سووریا لەوەدا بوو بمرێت کاتێ عەرەبێکی بەدوو پێشنیازی داڵدەدانی کرد لە ماڵی خۆیدا و ئەویش ڕازی بوو، بە مەرجێ دایکی و چەند ژنێکی تریش لەگەڵ خۆی ببات و بۆ ماوەیەک ڕزگاری بوو. لێرە ناوی گۆڕدرا بۆ نورە و دەموچاویان پڕکرد لە خاڵ (تاتوو). بەڵام کابرای عەرەبی بەدوو نەخشە و پلانێکی تری داڕشتبوو وهاوەڵەکانی ڤێرجینی کوشت و لە خێوەتگەی خێڵەکەی خۆیی دوورخستەوە و دەستدرێژیی کردەسەر. ئەم کچە منداڵە سێزدە ساڵانە کڵۆڵ و بەدبەختە چەند جارێک هەوڵیدا ڕابکات و هەموو جارێک دەگیرایەوە، تا دواجار توانی هەڵبێت بۆ حەڵەب. ڤێرجین پتر لە نیو سەدە دوای گەیشتنی بۆ ئەمریکا دەستی بە نووسینی بیرەوەرییەکانی کرد و وێنە و خەیاڵە ترسناکەکان هێشتا هەر ڕۆحیان دەکوتا و هەرچەندی دەکرد نەیدەتوانی ڕابوردووی بیربچێتەوە و خاڵە کوتراوەکانی سەر ڕوومەتی بیرهێنانەوەیەکی بەردەوام و سەرچاوەی شەرمەزاری و خەمۆکی بوون بۆی. دواجار لە ڕێگەی زنجیرەیەکی درێژخایەنی نەشتەرگەرییەوە ڕزگاری بوو لێیان، بەڵام هەرگیز لە مۆتەکە و بارگرانیی یادەوەرییەکانی ڕابوردوو ڕزگاری نەبوو.
-گەیانێی داپیرەی شاعیری ئەرمەنی لیۆناردۆ ئەلیشان (١٩٥١ - ٢٠٠٥)لە جینۆسایدەکەدا دەستدرێژیی کرابووە سەر و ئەمە بەردەوام ئازاری دەدا. لیۆناردۆ دەنووسێت " کچێنیی خۆی لەدەستدا و بوو بە پەیکەرێکی گوناهبار" و کاتێ کە بە تەنها دەبوو، یان پێی وابوو تەنهایە، دەیدایە پڕمەی گریان، وەک لیۆناردۆ دەیگێڕێتەوە و جارجار دەبرایە کلینیکی دەروونی بۆ چارەسەر و شیاندن. لیۆناردۆ تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو کاتێ داپیرەی ئەو نهێنییەی لەلا درکاند کە بۆچی ئەوەندە کڵۆڵ و بەدبەختە و هۆکاری گریانە بەردەوامەکەی چییە. ئەو هیچ کاتێ ئەم مۆتەکەیە بەرۆکی بەرنەدەدا و لیۆناردۆی نەوەشی بەخۆیەوە گرفتار کردبوو و ئەم تراجیدیایەی لەگەڵ بەشکردبوو و دەنووسێت: "ساڵی ١٩٧٨لە ژوورێکی نەخۆشخانەیەکی دەروونیی لەندەندا نەنکم پێش مردنی سوارە تورکەکانی لە دەوری جێگە خەوەکەی خۆی بینی و هاواری دەکرد دووریان بخەنەوە". بۆیە کاریگەرییە دەروونییە زیانبەخشەکانی ڕابردوو نەک تەنها هەر ژیانی کەسەکە تێکدەدات بەڵکو بەردەوامیشە لە کاریگەری دانان لەسەر نەوەکانی کە دادێن.
-لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی "کچێکی پەنابەرRefugee Girl" دیروهی کۆیمجیان هایگاس ئەرکی داکۆکیکردن دەگرێتە ئەستۆ لەو "هەزاران کچ و ژنە ئەرمەنانەی کە لە 'هاوسەرگیریی' زۆرەملێ هەڵاتوون لە هاوسەرە تورکەکان" و هەندێکیان "بە منداڵە کۆرپە نیمچە تورکەکانیانەوە لە باوەشیاندا، ئەو منداڵانەیان بەجێدەهێشت کە نەیانتوانیوە هەڵیانبگرن" و باس لە زۆرێک لەو ژنانە دەکات کە بۆ هەتا هەتایە بە تێکشکاوی بەجێهێڵران لە ژێر دەستی دەستدرێژکارانی تورکدا".
- گرێ ساڕێژنەبووەکانی ڕابردوو
هەتیوە کڵۆڵ و بەدبەختەکانی ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەرمەن، زۆر هەوڵیان دەدا لەبیری بکەن، یان وەک زاناکانی دەروونناسی دەیڵێن، هاوسەنگی ڕابگرن لە نێوان بیرکردنەوە و وێنە و یادەوەرییەکانی پەیوەست بەو ئەزموونە تاڵ و زەبربەخشە و نموونە مەعریفییەکانی ئێستای جیهان. بەڵام وەک ماردی جۆن هۆرۆڤیتز دەڵێت و وەک لە درێژەی ئەم توێژینەوەیەدا باسکراوە، ئەم زانیارییە پەیوەندیدارەی هێدمە و تراوما توانای ئەوەی هەیە بەرگرییەکانی قوربانییەکە بشکێنێت و لە شێوەی فلاشباک و مۆتەکە و بیرکردنەوە نەخوازراوەکاندا دەستوەرداتە ناو هۆش و ئاگاییەوە. وێنە ترسناک و تۆقێنەرەکانی دایک و باوکیان کاتێ ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، خوشکەکانیان کاتێ دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و دەفڕێنرێن، یان ئەزموونی خۆیان، ئەتککردن و دەستدرێژیی سێکسی، شەوانە سەردانیان دەکردن و بە ترس و لەرزەوە هاواریان دەکرد. وێنەی زەینیی ئەزموونە زەبربەخشەکە لەپڕ دەردەکەوێت لەگەڵ بۆنێک، دەنگێک، بینینێک، یان دەستلێدانی شتێکدا و نائاگایی دەکەوێتە زاڵبوون بەسەر ئاگاییدا و قوربانییەکە دەباتەوە بۆ کاتی ئەزموونە زەبربەخش و تراوماکە.
-"هەرچەندە من لە ئەمریکا سەلامەتم و لە ئارامیدا دەژیم، بەڵام شەوەکانم ئارام نین"، ئەمە قسەی ژنێکی ئەرمەنە کە ددان بەوەدا دەنێت. یەکێکی تریش ئەوەندە کاریگەریی ڕابوردووی لەسەر بوو کە بڕیاریدا هەرگیز هاوسەرگیری نەکات و بە تەنها بژی و بە تەنها ئازارەکانی خۆی بچێژێت، بێئەوەی لەوە بترسێت کە منداڵێکی هەتیو لە دوای خۆی بەجێبێڵێت.
کاریگەرییەکانی ئەو ئەزموونە زەبربەخشە بۆ نەوەی داهاتوو گوازرایەوە، تەنانەت لە ڕێگەی گواستنەوەی بۆماوەییەوە بە بێ شایەتحاڵ و گێڕانەوەی چیرۆکە خێزانییەکانیش.
-لە مەسەلەی داڵدەدان و ڕزگارکردنی لێقەوماوانی ئەرمەن لە لایەن خەڵکانی چاکەکار و مرۆڤدۆستی ناو دەوڵەتی عوسمانی بە کورد و تورک و عەرەب و ئەوانیترەوە، خاتوو ڕوبینا پێرومیان گلەیی ئەوە دەکات لە دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا کەوا لە ساڵی ٢٠٠٥ و لە یادی ٩٠ ساڵەی جینۆسایدی ئەرمەندا سەرۆک خێڵە عەرەبەکانی سووریایان بانگهێشت کردووە بۆ یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا و لە پاداشتی ئەو کارەی باوپیرانیان خەڵاتیان کردوون، کەچی کاری ئەو خێڵە عەرەبانە مارەکردن و بەئیسلامکردنی ژن و کچە لێقەوماوەکانی ئەرمەن و خاڵکوت کردنیان بووە. باشە بۆ ئەم خەڵاتە خێڵە کوردەکانی نەگرتووەتەوە کە رۆڵی ڕزگارکردنیان زیاتر بووە؟!
بۆ ئەم وتارە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
- جینۆسایدی ئەرمەن و ڕۆڵی کورد تێیدا وەک ئەنجامدەر و وەک ڕزگارکەر
نووسینی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپ و بڵاوکردنەوەی: مەودا میدیا - ٢٠٢٠.
- منداڵ لە جینۆسایدی ئەرمەندا، نووسینی: ڕوبینا پێرومیان، لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپ و بڵاوکردنەوەی: بۆردی بیر و هۆشیاری، ٢٠٢٦.
- ئەو ئەرمەنانانەی دوای ساڵی ١٩١٥ لە تورکیا مانەوە، نووسینی: ڕوبینا پێرومیان، لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپ و بڵاوکردنەوەی: بۆردی بیر و هۆشیاری، ٢٠٢٦.
