مێژووی هاوچەرخی کورد و ئەزموونی ڕامباری ئەم نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پڕە لە وێستگەی کارەساتبار، خەباتی بێوچان، هەڵکشان و داکشانی خێرا، و لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسیارێکی قووڵ و بنەڕەتی کە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە: بۆچی کورد سەرەڕای هەموو قوربانیدانەکان، جوگرافیای ستراتیژی، و قورسایی دانیشتوان ناسی، زۆربەی کات لە دەرەوەی بازنەی بڕیاری ڕامیاری و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینرێتەوە....؟
 کاتێک باس لە دەرەوەی بازنەی ڕامیاری دەکرێت، مەبەست تەنها نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو مەبەست ئەو دۆخە بونیادی وزانست ناسیە، کە تێیدا کورد نەیتوانیوە ببێتە بکەرێکی خاوەن بڕیاری سەربەخۆ و ئامادە لەسەر مێزی دانوستانە چارەنووس سازەکان، بەڵکو زیاتر وەک کارتێکی فشار، ئامرازێکی کاتی، یان ژمارەیەکی پەراوێز خراو لە هاوکێشەی زلهێزەکان و دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە ئاڵۆزە، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ چەمکی ڕامیاری  لە فەلسەفەی مۆدێرندا. 
سیاسەت تەنها بریتی نییە لە شەڕکردن، بەرزکردنەوەی دروشم، یان تەنانەت کۆنترۆڵکردنی خاکێکی دیاریکراو بە هێزی چەک؛ بەڵکو سیاسەت هونەری بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکان، خوێندنەوەی هاوسەنگیی هێز، دروستکردنی هاوپەیمانێتیی درێژخایەن، و بەدامەزراوەیی کردنی خواستی گشتییە. لەم ڕوانگەیەوە، کورد لە زۆربەی قۆناخەکاندا لە گۆڕەپانی جەنگدا بووە، بەڵام لە بازنەی ڕامیاریدا نەبووە. ئەو وەک جەنگاوەرێکی ئازا و قوربانیدەر دەرکەوتووە، بەڵام کاتێک تفەنگەکان بێدەنگ بوون و پێنووسەکان لەسەر نەخشەکان دەستیان بە جووڵە کردووە، کورد لە دەرەوەی ژوورە داخراوەکان ماوەتەوە. ئەم دابڕانە لە نێوان قوربانیدانی مەیدانی و دەستکەوتی ڕامیاری، یەکێکە لە گەورەترین گرێکوێرەکانی مێژووی کورد.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای جەنگی جیهانیی یەکەم. لە کاتێکدا نەتەوەکانی تری ناوچەکە خەریکی دروستکردنی دەستەبژێریی ڕامیاری مۆدێرن، تێگەیشتن لە زمانی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی، و بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانیان بە سیستەمی جیهانییەوە بوون، کورد هێشتا لە قۆناخی خێڵەکی، ناوچەگەری، و دابەشبوونی مەزهەبی و کۆمەڵایەتیدا دەژیا. ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ و دواتر پەیماننامەی لۆزان تەنها پیلانێکی دەرەکی نەبوون دژی کورد، بەڵکوو دەرەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسییە بوون کە کورد خۆی تێیدا دەژیا. کاتێک نەتەوەیەک خاوەنی ناوەندێکی بڕیاری یەکگرتوو، گوتارێکی نەتەوەیی هاوبەش، و نوێنەرایەتییەکی یاسایی و دانپێدانراو نەبێت، زلهێزەکان بە ئاسانی دەتوانن باز بەسەر بوونیدا بدەن و وەک نەبوو مامەڵەی لەگەڵ بکەن. لێرەوە کورد خرایە دەرەوەی بازنەی ڕامیاریی فەرمیی جیهان و بوو بە کێشەیەکی ناوخۆیی چوار دەوڵەتی جیاواز، کە هەر یەکەیان بە شێوازێکی توندوتیژانە هەوڵی توانەوە و سڕینەوەیدا.
ئەم پەراوێز خستنە دەرەکییە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، بوو بە جۆرێک لە ئەقڵییەتی ناوخۆییش. کاتێک کۆمەڵگەیەک بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەرەوەی بازنەی بڕیار و دەسەڵات دەهێڵرێتەوە، وردە وردە فەرهەنگی ڕامیاریی ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتە فەرهەنگی کاردانەوە نەک کردار. سیاسەتی کوردی لە سەدەی بیستەم و تەنانەت لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا، زیاتر سیاسەتێکی بەرگریکارانە و کاردانەوەیی بووە. کورد چاوەڕێی کردووە بەغدا، تاران، ئەنقەرە، یان دیمەشق هەنگاوێک بنێن، یان قەیرانێک لە ناوچەکەدا ڕووبدات، تا ئەویش بەپێی ئەو بارودۆخە هەڵوێست وەربگرێت. ئەمەش وایکردووە کورد هەمیشە لە پێگەی بەرگری و پاساو هێنانەوەدا بێت، نەک لە پێگەی دەستپێشخەری و داڕشتنی پلان. لە سیاسەتدا، ئەوەی ئەجێندا دادەڕێژێت لە ناو بازنەکەدایە، و ئەوەی تەنها وەڵامی ئەجێندای ئەوانی تر دەداتەوە، لە دەرەوەی بازنەکەیە.
یەکێکی تر لە هۆکارە ترسناکەکانی مانەوەی کورد لە دەرەوەی بازنەی ڕامیاریدا، نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەش و زاڵبوونی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی و ناوچەییە بەسەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا. لە زۆربەی وێستگە مێژووییەکاندا، کاتێک دەرگایەک بە ڕووی کورددا کراوەتەوە بۆ ئەوەی بێتە ناو بازنەی ڕامیارییەوە، ململانێی ناوخۆیی، دابەشبوونی جوگرافی و ئایدیۆلۆژی، و پەنابردنە بەر دەوڵەتانی داگیرکەر دژی یەکتر، ئەو دەرگایەی داخستووەتەوە. کاتێک هێزە سیاسییەکانی نەتەوەیەک لەسەر بچووکترین پرسەکان ناتوانن بگەنە ڕێککەوتن، و کاتێک دابەشبوونەکانیان دەگاتە ئاستێک کە هەر لایەنێک خۆی دەبەستێتەوە بە جەمسەرێکی ناوچەیی دژبەرەوە، ئیتر هیچ قورساییەکی ڕامیاریی سەربەخۆ نامێنێتەوە. لەم دۆخەدا، ئەکتەرە دەرەکییەکان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە ڕێگەی یاریکردن بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە، کورد لە هەر بڕیارێکی چارەنووس ساز دوور بخەنەوە.
جگە لەمە، تێگەیشتنی کورد بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زۆرجار تێگەیشتنێکی سۆزداری و ئاکاری بووە، نەک تێگەیشتنێکی واقیعی و بەرژەوەندیخوازانە. سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای هاوسۆزی، مافە مرۆییەکان، و بەها ڕەوشتیەکان بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری، ئاسایش، و جیۆپۆلەتیکی بونیاد نراوە. کورد زۆرجار پێی وابووە کە بەهۆی ئەو ستەمە مێژووییەی لێی کراوە، یان بەهۆی ئەوەی لە بری جیهان شەڕی تیرۆر و دیکتاتۆرییەتی کردووە، جیهان قەرزاری ئەوانە و دەبێت پاداشتی بداتەوە. بەڵام لە دنیای ڕامیاریدا، قەرزداریی ئاکاری بوونی نییە؛ ئەوەی هەیە تەنها مامەڵە و هاوسەنگیی هێزە. کاتێک کورد نەیتوانیوە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی بە شێوەیەکی دامەزراوەیی ببەستێتەوە بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە، و نەیتوانیوە خۆی وەک هاوبەشێکی پێویست و جێگرەوە نەبوو بسەپێنێت، ئەوا هەر کاتێک ئەرکە سەربازییەکەی تەواو بووە، لە بازنەی سیاسەت و نوێنەرانی کراوەتە دەرەوە. ئەزموونی کۆماری مهاباد، شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥، ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ لە باشووری کوردستان، و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەموویان نموونەی زیندوون بۆ ئەم ڕاستییە تاڵە.
ئابووری و سەربەخۆیی ئابووری ڕەهەندێکی تری یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتەن. هیچ گەل و قەوارەیەک ناتوانێت لە ناو بازنەی بڕیاری ڕامیاریدا بمێنێتەوە ئەگەر خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز، بەرهەمهێنەر، و سەربەخۆ نەبێت. کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا، یان لەژێر دەسەڵاتی ناوەندە داگیرکەرەکاندا وەک ناوچەیەکی پەراوێز خراو و بێبەشکراو لە گەشەپێدان هێڵراوەتەوە، یان لەو شوێنانەش کە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری هەبووە، ئابوورییەکەی بووەتە ئابوورییەکی بەرخۆر، پشتبەستوو بە داهاتی نەوت و هاوردەکردن، و دابەشکراو بەسەر تۆڕەکانی گەندەڵی و قۆرخکاریی حیزبیدا. ئابووریی لاواز و وابەستە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازیی ئیرادەی سیاسی. کاتێک بژێویی خەڵک و مووچە و بودجە لە دەستی ناوەندێکی تردا بێت، یان بەند بێت بە ڕەزامەندیی دەوڵەتانی دراوسێوە، ئیتر بڕیاری ڕامیاری دەبێتە بڕیارێکی لەرزۆک و ملکەچ، و ناتوانێت لە بازنەی سەروەری و سەربەخۆییدا بجووڵێتەوە.
لە ڕووی هزری و زانستیشەوە، کورد تووشی قەیرانێکی سەختی بەرهەمهێنانی زانستی ڕامیاری و ستراتیژی بووە. سیاسەت لە سەردەمی ئێستادا پێویستی بە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، بیرمەندان، نوێنەرانی پیشەیی، و خوێندنەوەی وردی گۆڕانکارییە جیهانییەکان هەیە. لە کوردستاندا، زۆربەی کات بڕیاری ڕامیاری لەسەر بنەمای ویستی تاک کەسی، هەڵچوونی سۆزداری، یان تێڕوانینی کلاسیکیی سەردەمی شاخ دەدرێت، نەک لەسەر بنەمای داتا، توێژینەوەی زانستی، و خوێندنەوەی ستراتیژی. کاتێک پێشەنگی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی لە پرۆسەی بڕیاردان دوور دەخرێنەوە و تەنها وەک پاساو هێنەرەوە بۆ بڕیارەکانی دەسەڵات بەکاردەهێنرێن، ئەقڵی سیاسی تووشی چەقبەستوویی دەبێت. ئەم چەقبەستووییە وا دەکات کورد نەتوانێت پێشبینیی ڕووداوەکان بکات، و کاتێکیش ڕووداوەکان ڕوودەدەن، تووشی شۆک و سەرلێشێواوی دەبێت.
هەروەها، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە لە ناوخۆی کوردستاندا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە دوورکەوتنەوەی کورد لە بازنەی ڕامیاری. بازنەی ڕامیاری تەنها پەیوەندییە دەرەکییەکان نییە، بەڵکوو پێش هەموو شتێک بریتییە لە دروستکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی تەندروست، بەرقەرارکردنی دادپەروەری، سەروەریی یاسا، و بەشداریکردنی ڕاستەقینەی هاوڵاتیان لە پرۆسەی ڕامیاریدا. کاتێک هاوڵاتی هەست دەکات دەنگ و ئیرادەی هیچ بەهایەکی نییە، کاتێک دامەزراوەیاساییەکانی وەک پەرلەمان و دادگا پەک دەخرێن یان دەبنە پاشکۆی حیزب، و کاتێک نایەکسانییەکی بێ ئەژمار لە دابەشکردنی سامان و دەسەڵاتدا دروست دەبێت، ئینتیمای نیشتمانی لاواز دەبێت و متمانە لە نێوان خەڵک و سەرکردایەتیی سیاسیدا نامێنێت. نەتەوەیەک کە لە ناوخۆدا یەکگرتوو و خاوەن متمانە نەبێت، هەرگیز ناتوانێت لە دەرەوە وەک هێزێکی ڕامیاریی کاریگەر دەربکەوێت. لاوازیی ناوخۆیی دەرگا بۆ دەستوەردانی دەرەکی دەکاتەوە و هێزی دانوستاندن دەگەیەنێتە نزمترین ئاست.
لە لایەکی ترەوە، جوگرافیای کوردستان کە زۆرجار وەک بەڵا و چارەنووسێکی ڕەش سەیر دەکرێت بەهۆی ئەوەی کوردستان خاکێکی داخراوە و ڕێگای ئاویی نییە و لە نێوان چوار دەوڵەتی بەهێزدا دابەش بووە، لە ڕاستیدا تەنها هۆکار نییە. زۆر نەتەوە و دەوڵەت لە جیهاندا هەن کە خاوەنی جوگرافیایەکی سەخت و داخراون، بەڵام بەهۆی زیرەکیی سیاسی، بەدامەزراوەیی کردن، و دیپلۆماسییەکی ژیرانەوە توانیویانە جوگرافیاکەیان بکەنە خاڵی هێز و ببنە ناوەندی گرنگی ڕامیاری و ئابووری. کوردستان دەکەوێتە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی سامانێکی سروشتیی زۆر، ئاوێکی فراوان، و پێگەیەکی ستراتیژییە کە هەموو ڕێگا بازرگانی و وزەییەکانی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن. کێشەکە لەوەدایە کە کورد نەیتوانیوە ئەم جوگرافیا گرنگە بکاتە ئامرازێکی ڕامیاری بۆ سەپاندنی خۆی، بەڵکو ڕێگەی داوە ئەوانی تر لەسەر خاکەکەی یارییە سیاسی و سەربازییەکانی خۆیان بکەن.
کەواتە، بوونی کورد لە دەرەوەی بازنەی ڕامیاری، قەدەرێکی نەگۆڕ نییە کە لە ئاسمانەوە بەسەریدا سەپێنرابێت، بەڵکوو دەرەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری بابەتی و خودییە کە بە درێژایی مێژوو کەڵەکە بوون. تا ئەو کاتەی کورد سیاسەت وەک درێژەپێدەری ئەقڵییەتی خێڵ، حیزبایەتیی تەسک، و کاردانەوەی سۆزداری ببینێت، هەر لە دەرەوەی بازنەکە دەمێنێتەوە. هاتنە ناو بازنەی ڕامیاری پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تێگەیشتن و کارکردندا هەیە؛ پێویستی  بەدامەزراوەیی کردنی دەسەڵات، یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بونیادنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ و بەرهەمهێنەر، بەرهەمهێنانی دیپلۆماسییەکی پیشەیی کە بە زمانی بەرژەوەندیی جیهان قسە بکات، و گەڕاندنەوەی ئیرادە وبڕوا بۆ تاکی کورد لە ناوخۆدا. تەنها ئەو کاتە کورد دەتوانێت لە پەراوێزی مێژووەوە بێتە ناوەند، و  لە کارتێکی یاریکردنەوە ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لەسەر تەختەی کایەی ڕامیاریی ناوچەکە و جیهان.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا