مێژووی هاوچەرخی کوردستان لە هەموو قۆناخەکاندا پڕ بووە لە دەرفەتی زێڕین و لە هەمان کاتیشدا پڕ بووە لە ململانێی ناوخۆیی کە زۆربەی جار ئەو دەرفەتانەی لەبار بردووە. کاتێک دەسەڵاتدارانی ناوەند و هێزە باڵادەستەکانی عێراق چاو لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکەم شت کە دەیبینن درز و کەلێنی قووڵی نێوان هێز و سەرکردە کوردەکانە. ئەم پەرتەوازەییە تەنها کێشەیەکی حیزبی یان ناوخۆیی نییە، بەڵکوو بووەتە ئەو دەروازەیەی کە نەیاران لێیەوە دێنە ژوورەوە و نەخشە بۆ لاوازکردن و بچووک کردنەوەی قەوارەی هەرێم دادەڕێژن. ململانێی سەرکردەکانی کورد، لەبری ئەوەی ببێتە کێبڕکێیەکی تەندروست بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پێگەی کورد، بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەر لایەنێک بۆ شکاندنی ئەوی تر پەنا بۆ دەرەوەی سنوورەکان و بەغدا ببات، ئەمەش هێز و شکۆی کوردی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بە تەواوی لاواز کردووە.
لە هاوکێشە ڕامیارییەکانی عێراقدا، بە تایبەت دوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە و چۆن لە هەندێک ناوچەی وەک جەرف سەخر بەبێ شەڕێکی گەورە و لە ڕێگەی گوشار و هاوکێشەی نوێوە هێزەکان کشێنرانەوە و چەک کران، ئێستا هەمان بیرکردنەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ئارادایە. بەشێکی زۆر لە سەرکردە و لایەنە شیعەکانی عێراق بەو چاوە سەیری دۆخەکە دەکەن کە مادام هێزەکانی تر لە ناوچەکەدا ناچار بە چەکدانان و پاشەکشە کراون، دەبێت هێزی پێشمەرگەش هەمان چارەنووسی هەبێت و چەک دابنێت یان بخرێتە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی بەغداوە بە شێوەیەک کە هیچ سەربەخۆییەکی نەمێنێت. ئەوان زۆر باش دەزانن کە کۆڵەکەی سەرەکی مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، بوونی هێزێکی چەکداری نیشتمانیی یەکگرتووە. بۆیە هەموو هەوڵەکانیان لە ڕێگەی یاسا، بڕیارەکانی دادگا، بڕینی بودجە و مووچە، و دروستکردنی گوشاری ڕامیاری و سەربازییەوە بۆ ئەوەیە کە پێشمەرگە لە هێزێکی بەرگریکاری خاوەن ئیرادەوە بگۆڕن بۆ هێزێکی بێدەسەڵات یان هەڵیوەشێننەوە.
ئەگەر کار بگاتە ئەوەی هێزی پێشمەرگە چەک دابنێت یان بە تەواوی لاواز بکرێت، ئەوا بێگومان هێزی کوردی چیتر توانای بەرگەگرتنی گوشار و هەژموونی بەغدای نابێت. لە مێژووی عێراقدا هیچ کاتێک مافەکانی کورد لە ڕێگەی بەزەیی و نیازپاکیی دەسەڵاتدارانی بەغداوە نەدراون، بەڵکوو هەمیشە بوونی هێز و یەکڕیزیی کورد وای کردووە بەغدا ناچار بێت دان بە مافەکاندا بنێت و گفتوگۆ بکات. کاتێک کورد چەک و هێزی بەرگری لەدەست دەدات، هیچ گرەنتییەک بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی نامێنێتەوە. لە دۆخێکی وادا، دەسەڵاتدارانی بەغدا زۆر بە ئاسانی دەتوانن نەخشەی سیاسی و کارگێڕیی عێراق بگۆڕن و هەرێمی کوردستان لە قەوارەیەکی دەستووریی خاوەن تایبەتمەندییەوە بکەن بەچەند پارێزگایەکی ئاسایی و ناوی بنێن باکووری عێراق، هەروەک چۆن لە سەردەمی ڕژێمەکانی پێشوودا وا مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.
سەیر لەوەدایە کە سەرکردەکانی کورد خۆیان ئەم ڕاستییە تاڵە دەبینن، بەڵام هێشتا ئامادە نین دەستبەرداری بەرژەوەندییە تەسکە حیزبی و کەسییەکانیان ببن. لەبری ئەوەی هێزی پێشمەرگە بکەنە یەک هێزی نیشتمانیی یەکگرتوو و تۆکمە، هێشتا وەک دوو هێزی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. لەبری ئەوەی بە یەک دەنگ و یەک پرۆژە بچنە بەغدا و بەرگری لە قەوارەی هەرێم و قووتی خەڵک بکەن، هەر لایەنە و بە جیا دەچێتە بەغدا و سکاڵا لەسەر لایەنەکەی تر دەکات و دەرگا بۆ دەستێوەردانی زیاتر دەکاتەوە. ئەم ناکۆکییانە وای کردووە کە متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتدارانی کوردستانیشدا بگاتە نزمترین ئاست، چونکە خەڵک دەبینن کە ژیان و گوزەرانیان بووەتە قوربانیی ململانێی نێوان چەند سەرکردەیەک و داهاتووی نیشتمانەکەشیان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە.
لە کۆتاییدا، مەترسییەکە زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها وەک هەڕەشەیەکی کاتی سەیر بکرێت. پلانی بچووک کردنەوەی هەرێم و داماڵینی کورد لە هێز و دەسەڵات، پلانێکی درێژخایەنە و ئێستا لە هەموو کات زیاتر هەنگاوی کردەیی بۆ دەنرێت. ئەگەر سەرکردەکانی کورد بە خێرایی بەخۆیاندا نەچنەوە، ناکۆکییەکانیان وەلا نەنێن، هێزی پێشمەرگەو ناوماڵی کورد یەک نەخەنەوە ، ئەوا مێژوو ڕەحمیان پێ ناکات. چونکە ئاکامی ئەم ململانێ بێهودەیە تەنها شکستی حیزبێک یان سەرکردەیەک نابێت، بەڵکوو شکستی ئەزموونێکی چەندین ساڵە و لەدەستدانی هەموو ئەو دەستکەوتانە دەبێت کە بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانی بێشوماری ئەم گەلە بەدەست هاتوون، و گەڕانەوە دەبێت بۆ خاڵی سفر و ژێردەستەیی.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا